دوای 20 ساڵ بەڵگەنامە نهێنییەکانی 11ی سێپتەمبەر ئاشکرادەکرێن

دیمەنێك لە ڕووداوەكانی 11ی سێپتەمبەر

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر بووەتەوە لەلایەن کەسوکاری قوربانیانی ڕووداوەکانی 11 سێپتەمبەرەوە بۆ ئاشکراکردنی بەڵگەنامە نهێنییەکانی پەیوەست بەو ڕووداوە، کە ماوەی 20 ساڵە بە نهێنی ماونەتەوە.

لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامەکان و لێکۆڵینەوەکان لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا دزەیانکردووە و گەیشتوون بە هاوڵاتییانی ئەمریکی، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ئەو زانیارییانەی دزەیانکردووە بەپێی بۆچوونی چاودێران بەڵگەنامەکان زانیاریی شۆکهێنەریان تێدایە.

لە چواری ئەیلولدا جۆ بایدن بڕیاری ئاشکراکردنی بەشێک لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی تایبەت بە ڕووداوەکانی 11ی سێپتەمبەری واژووکرد و بڕیارەکە ئاڕاستەی هەریەکە وەزارەتی داد و ئاژانسە پەیوەندیدارەکان کراوە.

بایدن لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە لەماوەی شەش مانگی داهاتوودا ئەو بڕیارە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بایدن جەختیکردەوە، “نابێت ئازاری بەردەوامی خێزان و کەسوکاری دوو هەزار و 977 قوربانی کە لە خراپترین هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر ئەمریکا گیانیان لەدەستدا لەبیربکەین”.

لە یادی بیست ساڵەی ئەو ڕووداوەدا جۆ بایدن و هاوسەرەكەی بەرەو نیویۆرک بەڕێکەوتن بۆ بەشداریکردن لە یادکردنەوەی هێرشەکانی سەر ئەمریکا لە 11ی سێپتەمبەری 2001، کە تێیدا دوو هەزار و 977 کەس گیانیان لەدەستدا، بایدن داوای یەکڕیزیی لە هاوڵاتییانی ئەمریکی کرد و بەڵێنی سازادانی تیرۆریستانیشی دا.

بایدن لە پەیامێکی تۆمارکراودا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە بەهۆی یادی ئەو ڕووداوەوە بڵاویکردەوە دەڵێت، “ئەو ڕووداوە بۆ من وانەیەکە”.

جگە لە نیویۆرك بایدن و هاوسەرەكەی سەردانی شانكسڤیل لە بنسلڤانیا دەكەن كە یەكێك لە فڕۆكەكان لەوێ كەوتەوە، هەروەها سەردانی ئەرلینگتۆن لە ڤێرجینیا، نزیك لە واشنتن، دەكەن شوێنی هێرشەكەی سەر وەزارەتی بەرگری.

چرپە مەترسیدارەكە
ڕۆژی 11ی سێپتەمبەری 2011 ڕۆژێكی ئاسایی بوو لە ویلایەتە یەكگرتووەكان، بەتایبەت كە جۆرج بوش-ی سەرۆك ڕۆژێك پێشتر ڕاپۆرتی ئەمنی CIA هاوشێوەی ڕاپۆرتەكانی دیكەی وەك FBI پێدەگات كە ئاشكرایدەكەن هیچ مەترسییەكی گەورە لەسەر وڵاتە گەورەكەی جیهان و سەرۆكەكەی لەئارادانییە.

بەڵام ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكان و زانیاریی دەزگا ئەمنییەكان هەمووكات دروست نین، بەڵكو ڕۆژێك دوای ئەو ڕاپۆرتە گەورەترین ڕووداوی مێژوو لە ئەمریكا و جیهان ڕوویدا.

بوش بەرەبەیانی ئەو ڕۆژە لە سەردانكردنی خوێندنگایەكدا بوو لە شاری Sarasota-ی ویلایەتی فلۆریدا. لەو ساتەدا كەسێك لە سەرۆك نزیك دەبێتەوە و چەند وشەیەك بەگوێیدا دەچرپێنێت. ئەو چەند وشەیەی وەك بەناوبانگترین چرپە، لەهەمان كاتدا مەترسیدا، لە مێژوودا دیاریكرا.

بەر لە چوونە پۆلەكە، بوش لە ڕاڕەوی خوێندنگاكە لە چاوەڕوانی دیداری خوێندكارەكاندا بوو، لە تەلەفزیۆنەوە دیمەنی بەركەوتنی “فڕۆكەیەكی بچوكی” بە یەكێك لە تاوەرەكانی بازرگانی World Trade Center كە لە 110 نهۆم پێكدێت بینی. سەرەتا هاوشێوەی ملیۆنان كەسی دیكە كە دیمەنەكەیان لە هەواڵە بەپەلەكانی تەلەفزیۆنەوە بینی، وای هەستكرد كە فڕۆكەیەكی ڕاهێنانی بچوكە و بەهۆی كێشەیەكی دیاریكراوەوە توشی ئەو ڕووداوە بووە، تا ئەوكاتەی فڕۆكەی دووەم خۆی بە تاوەری دووەمدا كێشا، دروست دوای ئەو ڕووداوە چرپەكەی پێوترا بەوەی “ئەمریكا ڕوبەڕووی هێرش دەبێتەوە، كە ڕەنگە تیرۆریستی بێت”.

https://youtu.be/TLoNlMQWIY0

چرپەكارەكە Andrew Card سەرۆكی كارمەندانی كۆشكی سپی-یە لە نێوان ساڵانی 2001 تا 2006، چرپەكە دیمەنی دەمووچاوی سەرۆكی گۆڕی، هەروەك بۆ ماوەیەك سەرسام و بێدەنگی كرد. چاوەكانی دەجوڵاند و تەماشای دەكرد، بەبێ ئەوەی بزانێت سەیری چی دەكات و لەچی دەڕوانێت، لەكاتێكدا ژمارەیەك خوێندكار لەبەردەمیدایە و پێویستە خۆڕاگربێت لەبەرامبەریان.

فڕۆكەی یەكەم (بۆینگ 767)ی سەر بە كۆمپانیای American Airlines لەلایەن پێنج كەسەوە ڕفێندرا، لە كۆی ئەو 19 كەسەی لەلایەن ڕێكخراوی قاعیدەوە بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەك كردەوەی خۆكوژی ڕاهێنانیان پێكرابوو و محەمەد عەتا-ی میسری سەرۆكایەتی دەكرد، كە هەر خۆی ئەو فڕۆكەیەی بەڕێوەبرد كە لە كاتژمێر 08:46ی بەیانیدا خۆی بە تاوەرە بازرگانییەكەدا كێشا. بەدوایدا سێ فڕۆكەی دیكەی ڕفێندراو، یەكێكیان لە هەمان جۆر و سەر بە هەمان كۆمپانیا پاش 17 خولەك خۆی بە تاوەری دووەمدا كێشا، بەهۆیەوە هەردوو تاوەرەكە هەرەسیان هێنا وەك ئەوەی ئەوكات لە دیمەكانی تەلەفزیۆنەوە بڵاوكرانەوە.

فڕۆكەی سێیەم لە جۆری (بۆینگ 757)ی سەر بە كۆمپانیای (ئەمریكان ئێرلاین) خۆی بە دیواری بینای پەنتاگۆندا كێشا لە ناوچەی Arlingtonی سەر بە ڤێرجینیا، چوارەم لە هەمان جۆر و سەر بە كۆمپانیای United Airlinesی ئەمریكی، بە 80 سەرنشینەكەیەوە لە بنسلڤانیا كەوتە خوارەوە بەر لەوەی بگاتە ئامانجەكەی خۆی كە پێشبینی دەكرا كۆشكی سپی بێت لە واشنتن، لەو زنجیرە هێرشانەدا كە ئەگەری ڕوودانی بەبیری كەسدا نەدەهات و بووە هۆی كوژرانی 2973 كەس، لەنێویاندا دوو هەزار و 753 كەسیان تەنها لە نیویۆرك بوون.

چوارشەممەی ڕابردوو تۆڕی Fox Newsی تەلەفزیۆنی ئەمریكی ئەنجامی ڕاپرسییەكی بڵاوكردەوە كە 1002 كەسی گرتەوە و ئاشكرایدەكات كە 64%ی ئەمریكییەكان باوەڕیانوایە هێرشەكان ژیانی وڵاتەكەیانی بۆهەتایە گۆڕیوە، لەكاتێكدا 24% پێیانوایە گۆڕانكاریی كاتی دروستكردووە و 9%یش پێیانوایە هیچ شتێكی نەگۆڕیوە.

بابەتی پێشتر

حدكا درۆنێكی شەڕكەری ئێرانی خستە خوارەوە

بابەتی دواتر

خشته‌ی یارییه‌کانی ئه‌مڕۆ به‌ کاتی هه‌رێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نەوت زیاتر بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهان بە بەراورد بە دوێنێ بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت…
Total
0
Share