پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک هۆشداری دەدات لە دۆخی ناسەقامگیری پارێزگاكە و داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەكات کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و خێرای ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ڕێكبخرێت.
ڕاکان جبوری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “بارودۆخی ئەمنیی کەرکوک لاوازە و رۆژانە هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕووی هێرشی چەکداری دەبنەوە، بۆشاییەکی ئەمنیی زۆر هەیە کە لەلایەن تیرۆریستانەوە سوودی لێدەبیندرێت و لەو ڕێگەیەوە هێرشدەکرێتە سەر هێزە ئەمنییەکانمان.”
كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، كاردانەوەی هێرشەكەی شەوی ڕابردووی چەکدارانی داعش بوو لە ناحیەی ڕەشاد لە باشووری ڕۆژئاوای كەركوك كە بووەهۆی كوژرانی 13 كارمەند و پلەداری پۆلیسی فیدراڵیی عێراق، كە جبوری بۆ بۆشایی ئەمنی دەیگەڕێنێتەوە.
لەوبارەیەوە، ڕاكان جبوری لە كۆنگرەكە ڕۆژنامەوانییەكەیدا وتی، “هێزە ئەمنییەکان بە بەردەوامی لە ڕۆژئاوای كەركوك رووبەڕووی هێرشی چەکداری دەبنەوە، دیاردەكانی ڕفاندن و سەرانەوەرگرتن و هێرشکردنەسەر گوندەکان لەلایەن تیرۆریستانەوە بەردەوامن، بۆیە داوا دەکەین سەرۆکوەزیران خودی خۆی دەستوەردان بکات، داوای بەستنی دانیشتنێکی خێرا و بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەکەین”.
بەوتەی ڕاكان جبوری، لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا نووسراوی فەرمی بۆ مستەفا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ناردووە و خاڵە لاوازەکانی دەستنیشانکردووە، سەرۆک وەزیرانیش ئەو نووسراوەی بەسەر سەرجەم فەرماندە ئەمنییەکاندا دابەشکردووە، كەچی هێشتا جموجوڵێك نەكراوە.”