کلاسیکۆی کۆرۆنا.. گەڕانەوە بۆ پەنجاکان و سەرنجدان لە تەلەفزیۆن

 

ئەمڕۆ، شەممە کلاسیکۆی چوونی وەرزی 2020/2021 لە یاریگای نو کامپ بەبێ ئامادەبوونی هاندەران ئەنجامدەدرێت.

ئیل کلاسیکۆی ئیسپان هەمیشە مۆرکی مێژوویی پێوەدیاربووە، تەنانەت لە لاوازترین دۆخەکانیشدا یاریزانان گڕوتینیان بە هاندەران بەخشیوە، بەڵام لەم وەرزەدا هاندەرانی هەردوو زەبەلاحەکەی ئیسپانیا لە ماڵەکانیانەوە هەوڵدەدەن چێژ لە یارییەکە وەربگرن، ئەم دیاردەیەش دووبارەی پەنجاکانی سەدەی ڕابردووە کە بۆ یەکەمجار کلاسیکۆلە ڕێگەی تەلەفزیۆنەوە پەخشکراوە.

بەدرێژایی مێژوو چەندین حاڵەتی ناوازە تۆمارکراون، ئەم وەرزەش دەیەیەکی دیکەی ڕووداوە وەرزشییەکەیە و بە وەرزی کۆڤید 19 یان کلاسیکۆی کۆرۆنا ناودەبرێت، یەکەمینجارە لە مێژووی تۆپی پێدا شاهانەی مەدرید و جوداخوازانی هەرێمی کەتەلۆنیا بەبێ پاڵپشتی هاندەران و لە ژێر باری پڕۆتۆکۆلی خۆپارێزی بە ترسەوە ڕوبەڕوو دەبنەوە.

1920 یەکەم کلاسیکۆ

بیستەکانی سەدەی ڕابردوو یەکەم کلاسیکۆ ئەنجامدرا، بەتایبەت لە ساڵی  1929 کە تەنها دوو هەفتەی خولی ئیسپانیا تێپەڕیکردبوو.

یاری یەکەم لە یاریگای لێس کۆرتێسی تایبەت بە یانەی بەرشلۆنە ئەنجامدرا، ڕیاڵ مەدرید بە ئەنجامی (2-1) بردنەوەی بەدەستهێنا، یاری گەڕانەوە بەرشلۆنە بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام تۆڵەی کردەوە، لەو ساڵەدا کەتەلۆنییەکان نازناوەکەیان بەدەستهێنا، بەڵام نازناوی یەکەم کلاسیکۆ بۆ مەدرید بوو.

 

1930 ڕیاڵ مەدرید و گەورەترین بردنەوە

سییەکانی سەدەی ڕابردوو ڕیاڵ مەدرید گەورەترین بردنەوەی بەرانبەر بەرشلۆنە تۆمارکرد.

لە وەرزی 1934/1935 بەرشلۆنە لە یاریگای لیس کۆرتێس بە ئەنجامی (0-5) بردنەوەی تۆمارکرد، بەڵام لە یاری گەڕانەوە لە یاریگای شامارتین یانەی شاهانە تەنها لە سی خولەکی تایمی یەکەمدا (1-5) پێشەنگی گرت، فرانز پلاتکۆی ڕاهێنەری هەنگاری بەرشلۆنە بە گومانەوە داوای گۆڕینی تۆپی یارییەکەی کرد، بەڵام گۆڕینی تۆپ هیچ جیاوازییەکی دروستنەکرد و کوڕانی مەدرید ئەنجامەکەیان بۆ (2-8) هەڵکشاند.

 

1940 لەدایکبوونی کلاسیکۆی سەردەم

ململانێی بەهێزی کلاسیکۆ بەشێوەی سەردەمی نوێ لە ساڵی 1943وە دەستیپێکرد، ململانێی نێوان دوو زەبەلاحەکە هاوسەنگی وەرگرتەوە، ڕێژەی بێشووماری گۆڵە تۆمارکراوەکان گەیشتە 10 گۆڵ لە یارییەکدا، لە یاریگای لێس کۆرتێس هەردوو یانە بە ئەنجامی (5-5) یەکسانبوون، چیتر لەم یارییەوە ململانێیەک دەستیپێکرد تاوەکو ئەم سەردەمە بەردەوامە.

 

1950 کلاسیکۆ لە تەلەفیزیۆنەوە

لە 15ی شوباتی 1959 بۆ یەکەمجار یاری کلاسیکۆ لە ڕێگەی تەلەفیزیۆنەوە پەخشکرا، ڕێژەیەکی بێشوماری هاندەران بەخۆشی یارییەکەوە تەلەفزیۆنیان کڕی، ئەم هەنگاوە ڕێژەی فرۆشی تەلەفزیۆنی لە ئیسپانیا بەرزکردەوە.

لە یارییەکەدا پێکهاتەی مێرەنگی بە ڕابەری دی ستیفانۆ و پوشکاشی ئەفسانە (0-1) بردنەوەیان بەدەستهێنا، بەڵام نەیانتوانی ڕێگری لەوەبکەن بەرشلۆنە نازناوی ئەو وەرزە نەبات.

 

1960 دی ستیفانۆ هەوری ڕەشی بارسا

دی ستیفانۆی ئەفسانەی ئەرجەنتین و ڕیاڵ مەدرید زۆرترین گۆڵی بەدرێسی یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە لە کلاسیکۆکاندا تۆمارکردووە، لە ساڵی 1953 بەرشلۆنە ئەم یاریزانەیان گواستەوە بۆ ڕیزەکانیان و پێیانوابوو هەموو شتێک کۆتاییهاتووە، بەڵام ڕۆیشتنی بەرەو مەدرید بووە پەڵە هەورێکی ڕەش و نەهامەتی بەسەر کەتەلۆنییەکانەوە.

لە 20 یاری ساڵی 1960 توانی 14 گۆڵ تۆماربکات، سیانیان لە کلاسیکۆی کامپ نو تۆمارکران و یانەی شاهانەی بەرەو سەرکەوتن بە ئەنجامی (5-3) برد، ئەوەش بووە سەرەتایەک بۆ باڵادەستی ڕیاڵ مەدرید لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بەسەر بەرشلۆنەی ڕکابەریدا.

 

1970 کرۆیف تەرازووەکەی هاوتاکردەوە

حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بەتایبەت ساڵی 1974 یۆهان کرۆیفی ئەفسانەی هۆڵەندی پەیوەندی بە یانەی بەرشلۆنەوە کرد.

ئاستە ناوازەکەی کرۆیف هاوسەنگی هێزی لە باڵادەستی ڕیاڵەوە بۆ گەڕانەوەی بەرشلۆنە گۆڕی، لەو ساڵەدا بە ئەنجامی پێنج گۆڵی بێوەڵام لە بێرنابیۆ بردنەوەیان بەدەستهێنا، لەوەش گرنگتر ئەفسانەکە مۆرکێکی یاریکردنی هێنایەبوون، تاوەکو ئێستا پشتی پێدەبەسترێت.

 

1980 سەردەمی کوینتا دێل پۆتری

ڕیاڵ مەدرید لە حەفتاکاندا دەردەداری کرۆیف بوو، شەش وەرز بوو نازناوی لالیگایان بەدەستنەهێنابوو، بەڵام لە هەشتاکاندا نەوەی کوینتا دێل پۆتری کە تیایدا چوار باشترین یاریزان یارییان دەکرد “ڤاڵدانۆ بوتراگینۆ، میشێل، مانولۆ سانچێز” ڕیاڵیان گەڕاندەوە سەر عەرشی یانەکانی لالیگا.

ئەفسانەکانی لۆس بلانکۆس لە 1986بە ئەنجامی (1-3) بردنەوەیان تۆمارکرد، لە ساڵی 1986 بۆ 1990 پێنج نازناوی لەسەریەکیان بەدەستهێنا، بەڵام جارێکی دیکە کرۆیف لە نەوەدەکان وەک ڕاهێنەر گەڕایەوە بارسا و دیسانەوە یانەکەی کردەوە بە دێوەزمەی مەدرید.

 

1990 ڕووداوە سەیرەکان

گەڕانەوەی کرۆیف وەک ڕاهێنەر بۆ بەرشلۆنە مێژووی دووبارەکردەوە، پێکهاتەی خەونەکانی بونیادنا و چوار نازناوی لەسەریەکی لالیگای لە 1991 بۆ 1994 چنییەوە، 1994 یەکێک لە بەهێزترین ئەنجامەکانی کلاسیکۆیان تۆمارکرد و بە پێنج گۆڵی بێوەڵام بردنەوەیان تۆمارکرد.

دوای 12 مانگ ئەستێرەکانی ڕیاڵ تۆڵەی خۆیان بەهەمان ئەنجام لە کومان و هاوڕێکانی کردەوە.

 

2000 چەپڵەڕێزانی ڕۆناڵدینیۆ

لە کلاسیکۆی 2005 ڕۆناڵدینیۆی بەرازیلی مێژووی تۆمارکرد، لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە خێرایی گۆڵی پێشەنگیان تۆمارکرد، لێرەوە نمایشی پێیە بەرازیلیەکان دەستی پێکرد و دوو گۆڵی لە 15 خولەکدا بەشێوەیەکی هونەری ناوازە تۆمارکرد.

هاندەرانی مەدرید هیچیان بۆ نەمایەوە تەنها هەستانەسەر پێ نەبێت، یاریزانە بەرازیلییەکەیان چەپڵەڕێزان کرد.

 

2010 مێسی خەونی ناخۆشی مەدرید

مێسی گۆڵکاری مێژوویی کلاسیکۆیە و ساڵانێکە مەدریدی تووشی خوێنبەربوونی بەردەوام کردووە، بەڵام لە ساڵی 2017 لە کاتێکدا ئەنجامەکە بە دوو گۆڵ یەکسانبوو و مەدریدییەکان گوشاریان دروستکردبوو بۆ تۆمارکردنی گۆڵی پێشەنگی.

مێسی لە کۆتا ساتەکاندا تۆپێکی ڕفاند و گۆڵی سێیەم و بردنەوەی بارسای لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ تۆمارکرد، پاشان درێسەکەی بەڕووی هاندەراندا بەرزکردەوە، وێنانەی ئەم نمایشە تاوەکو ئێستا لە هزری مەدریدێستا دەرنەچووە.

 

2020 کلاسیکۆی کۆرۆنا

دەیەیەکی دیکە بەسەر کلاسیکۆدا تێپەڕدەبێت، بەڵام ئەمجارە جیاواز، بەر لەوەی یاریزانان مێژووی نوێ بە پێیەکانیان بنوسنەوە، ڤایرۆسێکی کوشندە بەناوی (کۆڤید 19 یان کۆرۆنا) پەڕاوەکانی مێژووی لالیگای پڕکردووەتەوە.

بۆ یەکەمجار لەمێژووی تۆپی پێی ئیسپانیا، کلاسیکۆ بە دەرگای داخراو و بەبێ هاندەران ئەنجامدەدرێت، ئەوەش ڕەنگە کاریگەری لەسەر گڕوتینی یارییەکە دروستبکات، هاوشێوەی پەنجاکان ناچارین بگەڕێینەوە سەر سەرنج خستنەسەر تەلەفزیۆنەکان.

بابەتی پێشتر

هەفتەی کلاسیکۆ.. خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ، شەممە بەکاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی دواتر

کومان چی دەکات؟ چەکەکانی بەرشلۆنە بۆ بردنەوە لە ڕیاڵ مەدرید

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

مارادۆنا و ڕۆناڵدۆ؟! (١٠) ئه‌فسانه‌ی تۆپی پێ هەرگیز نه‌یانتوانی نازناوی چامپیۆنز لیگ به‌ده‌ست بهێنن

زۆرن ئه‌و یاریزانانه‌ی نازناوی چامپیۆنز لیگیان له‌گه‌ڵ یانه‌کانیان به‌ده‌ست هێناوه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێک له‌یاریزانه‌ ناوداره‌کان توانیویانه‌ به‌ درێسی دوو…
Total
0
Share