خولی سوپەری ئەوروپا چییە؟ جێگەی چامپیۆنزلیگ دەگرێتەوە و یوێفا دژایەتی دەکات

یانە گەورەکانی ئەوروپا دەیانەوێت بەشداری خولی سوپەرلیگ بکەن

خولی سوپەری ئەوروپا، یاخود خولی یانە نایابەکانی ئەوروپا، ئەو بیرۆکەیەی جوسێپ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆکی پێشووی یانەی بەرشلۆنە داوای جێبەجێکردنی کرد و لە ئێستادا فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدرید ئاماژەی بۆ دەکات.

چەند ساڵێکە یانە گەورەکانی ئەوروپا بیرۆکەیەک لە نێوان خۆیاندا تاووتوێدەکەن، بیرۆکەکە پێشنیازکراوە و هاوشێوەی خولێکی تایبەتە بە زەبەلاحەکان، بەهۆیەوە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا کێشی خۆی لەدەستدەدات و ئەم خولە جێگەی دەگرێتەوە.

چاوەڕواندەکرێت سوپەرلیگ لە ساڵی 2022 دوای لێکدانەوە و ڕەزامەندی سەرجەم یانە گەورەکانی ئەوروپا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە 16 گەورەترین یانەی کیشوەرەکە بەشداری تێدادەکەن و لە هەر وەرزێکدا لەبری ئەوەی 15 یاری لە خولی یانە پاڵەوانەکان بکەن، 30 یاری لە خولی سوپەری ئەوروپا “سوپەر لیگ” ئەنجامدەدەن.

جیاوازی خولەکە چییە؟

سوپەرلیگ و چامپیۆنزلیگ لە هەردوو ڕووی وەرزشی و داراییەوە جیاوازییان هەیە، یانەکان لە خولە نوێیەکەدا یاری زیاتر ئەنجامدەدەن و یاری زیاتر واتا کۆکردنەوەی زیاتری هاندەران و فرۆشتنی بلیتی زیاتر.

نەک هەر ئەوە، بەڵکو خەڵاتی براوەکانی یەکەم و دووەم و مافەکانی بەشداریکردن لە سوپەر لیگ زۆر زیاتر دەبێت لە خولی یانە پاڵەوانەکان.

لە هەموو ئەمانەش گرنگتر، یانە گەورەکان و ئەوانەی یاریگای گەورە و زەبەلاحیان هەیە و پێیان وایە لە مافەکانی پەخشی تەلەفزیۆنی ستەمیان لێکراوە، لەم خولەدا بە پارەی خەیاڵی قەرەبوودەکرێنەوە، دەکرێت لەم ڕێگەیەوە قەرەبووی زیانەکانی سەردەمی کۆرۆناش بکەنەوە.

کێ لەم خولەدایە؟ فیفا چی دەڵێت؟

یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە و ئەتلەتیکۆ مەدرید لە ئیسپانیا، مان یونایتد و سیتی و بایرن میونشن و پاریس و چەندین یانەی گەورەی دیکە لە خولە ناوخۆییەکانی ئەوروپا ئامادەییان نیشانداوە بەشداری لە سوپەر لیگدا بکەن، تەنانەت هەندێک لە سەرۆکایەتی ئەو یانانە لە نمونەی سەرۆکایەتی ڕیاڵ و بارسا و بایرن وەک خاوەن بیرۆکەی خولەکە ناودەبرێن.

لەم نێوەندەدا فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا) سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2021 جامی جیهانی یانەکان بەشێوە نوێیەکەی دەخاتەکار، بەڵام هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە، چونکە ئەم پاڵەوانێتیە نوێیە لەژێر هەژموونی ئەواندا نییە و پەیوەندی بە کیشوەری ئەوروپا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا (یوێفا)وە هەیە.

سەرۆکایەتی یوێفا و ڕایەڵەی یانەکان لە خولە ناوخۆییەکان بەهیچ شێوەیەک بە بیرۆکەکە قایلنین و بگرە بەرهەڵستییەکی توندیشی دەکەن، داواشیان کردووە پڕۆسەی نوێکردنەوەی چامپیۆنزلیگ و زیادکردنی ڕێژەی یانەکانی خێراتر بکرێت، تاوەکو یانە گەورەکان بیر لە سوپەر لیگ نەکەنەوە.

بابەتی پێشتر

لاپۆرتا: مێسی چاوەڕێدەکات و لەگەڵ ساندرۆ ڕۆسێل یەکدەگرینەوە

بابەتی دواتر

داوای پێکهێنانی لیژنە دەکرێت لەسەر قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ئەمدوایەی هەرێم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share