سەردانەکەی ئەمدواییەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان خوێندنەوەی زۆری بۆکرا، یەکێک لەو خوێندنەوانە بونیادنانی هەژموونی فەرەنسا بوو لە ناوچەکەدا، ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ماکرۆن وەک چۆن لە لوبنان لە هەژموونی وڵاتەکەی نائومێد بوو، لە عێراقیش بەهەمان شێوە دەبێت؟
ڕۆژنامەی «العرب»ی سعودی لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، “جووڵەکانی ماکرۆن لە عێراق، لە جووڵەکانی ئەو دەچێت لە لوبنان و چارەنووسی ئەو جووڵانەش وەک لوبنان وادەبێت.”
ئمانوێل ماکرۆن، لە بەغداد ڕایگەیاند، “فەرەنسا تا عێراق بیەوێت لەچوارچێوەی ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆردا دەمێنێتەوە و مانەوەی فەڕەنسا پەیوەندی بە مانەوەی وڵاتانی دیکە و ئەمریکاوە نییە.”
ڕۆژنامەی «العرب» نووسیویەتی، “پشتگیریی ماکرۆن لە كریستیانهكانی موسڵ هاوشێوەی پشتگیریی ماکرۆنە لە كریستیانهكانی لوبنان، بەڵام کۆتاییەکەشی شکست بوو.”
بەپێی زانیاریی ڕۆژنامەکە، كریستیانهكانی موسڵ و دەوروبەری نیگەرانن لە هاوکارینەکردنی حکومەتی عێراق بۆ ئاوەدانکردنەوەی زێدە ڕووخاوەکانیان.
سهرباری ئەو هۆکارانە، ڕۆژنامەی «العرب» بڵاویكردووهتهوه کە هەوڵەکانی ماکرۆن لە عێراق-یش شکستدەهێنن.
ماکرۆن کاتێک سەردانی موسڵ-ی کرد، لەگەڵ کەسایەتییە ئایینییەکانی كریستیانهكاندا كۆبووهوه و ڕایگەیاند، “ئێمە لێرەین تا ئاسایشی موسڵ ڕابگەیەنین و ئامادەی هاوکاریی هەموو پێکهاتەکانی عێراقین.”
هاوکات ماکرۆن ئاشکرایکرد، کە دەیانەوێت خوێندگە و کونسوڵخانە لە موسڵ بکەنەوە و ئەوەش وەک نیشانەی بەرەنگاربوونەوەی تورکیا لە موسڵ دادەنرێت، چونکە تورکیا تا ئێستاش چاوی لەسەر موسڵە و هێزی لە نزیک ئەو شارە هەیە.
ڕۆژنامەی «العرب» نووسیویەتی، “ماکرۆن دەتوانێت کۆمپانیا فەرەنسییەکان بە عێراق ئاشنابکات بۆهاوکاریكردنی عێراق لە بوارهكانی کارەبا و میترۆ و خزمەتگوزارییەکاندا، بەڵام ئایا ئەمە دەبێتەهۆی فراوانتربوونی هەژموونی زیاتری فەڕەنسا؟