دوای ئەوەی لە كامپی قادیا، كە تایبەتە بە ئاوارە ئێزدییەكانی شەنگال، تەقینەوەیەك لە یەكێك لە خێوەتەكانیدا ڕوویدا، میدیاکانی پەکەکە و بەرپرسانی پارتی لێدوانی جیا لەبارەی ڕووداوەکەوە دەدەن.
بەشێک لە میدیاکانی نزیک لە پەکەکە باس لەوەدەکەن بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆسەر یەکێک لە خێوەتەکانی کامپەکە، دوو کەس کوژراون و سێ كەسی دیکە بریندار بوون.
بەڵام شڤان سندی، بەرپرسی ئاسایشی زاخۆ ڕایگەیاندووە، “ئەو ڕووداوەی کامپی قادیا بۆمبێکی چاندراوی پەکەکە بووە و تەقیوەتەوە”.
ئەو بەرپرسەی ئاسایشی پارتی دەڵێت، بۆمبەکە بۆ ئەفسەری ئاسایشی “حەسەن سمۆقی” دانراوە و پێشتر پەکەکە چەندینجار هەوڵی کوشتنی ئەو کەسەی داوە.
كاتژمێر 10:00ی شەوی ڕابردوو لە كامپی قادیا، كە تایبەتە بە ئاوارە ئێزدییەكانی شەنگال، تەقینەوەیەك لە یەكێك لە خێوەتەكانیدا ڕوویدا.
پەیامنێرمان پێیڕاگەیاندین، بەهۆیەوە دوو منداڵی تەمەن یەك ساڵ و نۆ ساڵ گیانیان لەدەستداوە، سێ كەسی دیكەش بریندار بوون، كە برینەكانیان كاریگەرە و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك.
كامپی قادیا دەكەوێتە سنووری قەزای زاخۆ و زیاتر لە سێ هەزار خێوەت و كەرەڤانە لەخۆدەگرێت.