دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە شەنگال دەكرێت

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاریی حکومەتی فیدراڵ، دەستی بە هەڵدانەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵ كردووە لە سنووری شەنگال.

فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هەرێم ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی تشرینی یەكەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “تیمێكی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفاكراوان هاوشانی تیمی نیشتیمانیی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی عێراق سەرقاڵی هەڵدانەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵن لە گوندی كۆجۆ لە سنووری شەنگال”.

ئەوەشی خستەڕوو، “گوندی كۆجۆ یەكێكە لەو گوندانەی كە سەرجەم دانیشتووانی یان بێسەروشوێن كراون یان زیندەبەچاڵ كراون لەلایەن داعشەوە، بۆیە لە ئەمڕۆوە دەستكراوە بە هەڵدانەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵی ئەو گوندە”.

ڕێكخراوی ئای سی ئێم پی نێودەوڵەتی و تیمێكی نێودەوڵەتیی ڕێكخراوی ئەحمەد خان بۆ بە دۆكیۆمێنت كردنی تاوانەكە، بەشدارن لە پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكەی شەنگال.

فوئاد عوسمان ئاماژەی بەوەشكرد، پێشتر لەو سنوورە چەند گۆڕێك هەڵدراونەتەوە و پرۆسەكە بەردەوام دەبێت.

پێشتر بە سێ قۆناغ 17 گۆڕ لە گوندی کۆجۆ کە 11 گۆڕی بەکۆمەڵ بوون و شەش گۆڕیش تاکەکەسی بوون، هەڵدڕانەوە و لەم گوندە تەنیا دوو گۆڕی بە کۆمەڵ ماونەتەوە.

تا ئێستا 236 ڕووفاتی ناو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی پێشتر دەرهێندراون، نێردراون بۆ پزیشکی داد لە بەغداد و تا ئێستا ڕووفاتەکان ڕادەستی کەسوکاریان نەکراونەتەوە.

بابەتی پێشتر

ڕوونكردنەوەیەك لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە

بابەتی دواتر

حەریری بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی لوبنان ڕاسپێردرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share