شاندە باڵاكەی یەكێتی لەگەڵ ژمارەیەك لە باڵیۆزانی وڵاتان لە بەغداد كۆدەبێتەوە

لە دووەم ڕۆژی سەردانەكەیدایە بۆ بەغداد

لە درێژەی کۆبوونەوە و دیدارەکاندا، شاندە باڵاكەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، كە بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی لە بەغدادە، لەگەڵ ژمارەیەك لە باڵیۆزی وڵاتان لە عێراق كۆدەبێتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ شاندەكەی یەكێتی چاوی بە باڵیۆزانی ڕوسیا، چین و ئیران كەوت.

بافڵ تاڵەبانی: دەمانەوێت متمانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی و نیشتمانی بونیادبنێینەوە

لە درێژەی دیدار و چالاکییە سیاسی و دیپلۆماسییەکاندا لە بەغداد، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی پێشوازیکرد لە ئیرەج مسجدی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق.

لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانەوە کرا و ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، ڕوبەڕوبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و پەیوەندییەکانی ھەرێم و عێراق تاوتوێکران. بافڵ تاڵەبانی هەڵوێستی یەکێتی ڕوونکردەوە و وتی، “لەبەرامبەر ھەموو پێشھاتەکان یەکێتی لەگەڵ تێگەیشتن و گفتوگۆی بونیادنەرانەی نیشتمانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم و عێراقە و دەمانەوێت متمانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی و نیشتمانی بونیادبنێینەوە و دەستوور مەرجەع بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان”.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نوسینگەكەی، ھەر لە دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی جەختی لە پەرەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندییە دۆستانەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و خزمەتکردنی گشتی.

ئاماژەشدەدات، لەبارەی پاراستنی سنوورەکان و ڕوبەڕوبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و ھەماھەنگییە سەربازییەکان لەنێوان ھەردوولا، ھاوسەرۆک ستراتیژی ڕوبەڕوبوونەوەی مەترسییەکانی خستەڕوو و ئاماژەی بە گرنگی بەردەوامی ھەماھەنگییەکان کرد بۆ زاڵبوون بەسەر بۆشاییە ئەمنییەکان و پاراستنی ئاسایش و ئارامی. سوپاسی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشی کرد کە لە جەنگی ڕوبەڕوبوونەوەی داعش ھاوکاری ھەرێم بوون و رۆڵی گرنگیان گێڕا لە بەرقەرارکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

بەیانی ئەمڕۆ شاندەکەی یەکێتی چاویکەوت بە ئێلبروس کۆتراشیڤ، باڵیۆزی ڕوسیا لەعێراق، چەند پرسێکی ناوچەیی و دۆخی عێراق و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا.

بافڵ تاڵەبانی و ئێلبروس كۆتراشیڤ كۆبوونەوە

وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی پێشوازیانکرد لە ئێلبروس کۆتراشیڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق.

بافڵ تاڵەبانی جەختی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و بەھێزکردنی ھەماھەنگی ھاوبەش لە سەرجەم بوارەکاندا لەگەڵ ڕوسیا کردەوە بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی ھەردوولا بکات، بەتایبەت لە ھاوکاریکردنی ھێزەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر و زاڵبوون بەسەر گرفتە ئەمنییەکان و لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوێكی نوسینگەكەیدا هاتووە.

ڕونیشیكردوەتەوە، ھەر لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی پرسە سیاسی و پێشھاتەکانی عێراق و ھەرێم بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا و ئەگەر و لێکەوتەکان خوێندنەوەی بۆکرا. وەفدی یەکێتی جەختیان لە سەقامگیری سیاسی و ئارامی کردەوە و ئەم ھەنگاوەشیان گەڕاندەوە بۆ لێکتێگەیشتن و گەیشتن بەدیدی ھاوبەش و نیشتمانی لەسەر ناکۆکییەکان و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە. بۆئەوەش دەبێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی رۆڵی ئیجابیانەی خۆیان بگێڕن و پشتیوانی سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی لە ھەرێم و عێراق بن.

لە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی ڕوسیا، شاندەکەی یەکێتی لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتی چین لە عێراق كۆبووەوە.

بافڵ تاڵەبانی و باڵیۆزی چین كۆبوونەوە

بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لە بەغداد پێشوازیکرد لە چانگ تاو باڵیۆزی چین لە عێراق.

بافڵ تاڵەبانی خواستی یەکێتی دووپاتکردەوە بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییە لەمێژینەکانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت یەکێتی لەگەڵ چین لەڕووی سیاسی، ئابووری، بازرگانی و کەلتوری و وتی، “دەمانەوێت ھاریکاری و ھەماھەنگییەکان سەرلەنوێ ببوژێنینەوە و ئەو پەیوەندییە دۆستانە مێژووییەی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ کۆماری چین بونیادینابوو درێژەی پێبدەین و ھاوکارمان بن لە پێشخستنی زیاتری ھەرێمەکەمان” وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوێكی نوسینگەكەیدا هاتووە.

ئاماژەشدەدات، ھەر لەدیدارەکەدا وەفدی یەکێتی ئاماژەیان بەھەوڵەکانی پێشخستنی ژێرخانی ئابوری ھەرێم کرد و ڕوونیانکردەوە، دەرفەتی باش ڕەخساوە بۆ وەبەرھێنان لە بوارەکانی وزە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و بازرگانی تاوەکو کۆمپانیاکان و سەرمایەدارانی چین ھانبدرێن و بەشداربن لە پێشخستنی ئەو کەرتانە و بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان و ھەموو ھاوکاری و کارئاسانییەکشیان لەو ڕووەوە دەربڕی.

وەفدەکە سوپاسی ھاوکارییە بەردەوامەکانی چینیان بۆ ھەرێمی کوردستان کرد لە ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دواشیانکرد ئەو ھاوکارییە تەندروستییانە بەردەوام بێت.

لەبەرامبەریشدا باڵیۆزی چین لە عێراق تەئکیدی لە پشتیوانی ھەوڵەکانی یەکێتی کردەوە و وتی، ھاوکاری و ھەماھەنگییەکانمان بۆ ھەرێم و عێراق بەردەوام دەبن.

كۆبوونەوەكانی شاندەكەی یەكێتی لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتان لە بەغداد بەردەوام دەبێت.

بافڵ تاڵەبانی و باڵیۆزی ئەمریكا كۆبوونەوە

 

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد چاویکەوت بە ماسیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق.

لەدیدارێکدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون بیروبۆچوون لەبارەی پەرەسەندنە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکان، پەیوەندی نێوان ھەرێم و عێراق ئاڵوگۆڕکرا و جەخت لە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان کرایەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، لەبارەی پەیوەندییەکانی ھەرێم و عێراق، جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ڕێکەوتنی ھەردوولا، شاندی یەکێتی جەختی لەدرێژەپێدان بەگفتوگۆی بونیادنەرانە کرد لە پێناو چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەی بودجەی ھەرێم و ڕایانگەیاند، یەکێتی پشتگیری و پشتیوانی ھەر ھەوڵێک دەکات کە پرۆسەی ئاشتی و تەبایی سەربخات و ھەوڵی نیشتمانیی ئێمە بۆ بنیادنانەوەی متمانەو گەیشتن بە دیالۆگی نیشتمانییە تا ھەموومان پێکەوە ئەم وڵاتە بەڕێوەببەین و بەشداری راستەقینە بین لە سەرخستنی ئەزموونەکەمان.

شاندەكەی یەکێتی ئەوەشیان ئاشکراکرد، یەکێتی ھەر لەسەرەتای ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا رۆڵی ئیجابی گێڕاوە و لەھەوڵی جددیدا بووە تاوەکو کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەربکرێت و دۆخەکە بگاتە ئەم ئاستە کەمایەی گەشبینییە. ئەمڕۆش کە لەسەر ئاستی باڵا لەبەغدادین دەمانەوێت ئەو پەیامە دووپاتبکەینەوە کە لەگەڵ پێکەوەژیان و لێکتێگەیشتنین بۆ پرسەکان و بەرژەوەندی ھاوبەشمان وا دەخوازێت ھەموومان پێکەوە جیاوازییەکانمان بکەینە خاڵی ھاوبەش و زاڵبوون بەسەر تەحەدییەکاندا.

یەکڕیزی و کۆدەنگی هێز و لایەنە سیاسییەکان تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو و وەفدی یەکێتی ڕایانگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ یەکڕیزی نیشتمانی و یەکدەنگی بەتایبەت لە بەغدا کورد وەک یەک تیم کاربکات و پێکەوە پێگەی ھەرێم بەبەھێزی بپارێزین و کار بۆ بەدیھێنانی مافە نەتەوەییەکان بکەین.

ھەر لەدیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی لەبارەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرددایە لەکات و ساتی خۆیدا و دەمانەوێت زەمینەی لەبار بۆ ئەو پرسە بڕەخسێنین و بێێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیری سیاسی نەک لێکترازانی زیاتر و شێواندنی دۆخەکە.

بابەتی پێشتر

ئەفسەرێکی كوردی پلەبەرزی دەزگای هەواڵگریی عێراق تیرۆرکرا

بابەتی دواتر

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: لە هەرێم تۆمەتبارێكی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share