یانەی بەرشلۆنە لە نوێکردنەوەی بۆندی عوسمان دێمبیلی هێرشبەری فەرەنسی نزیکبووەتەوە، یاریزانەکە داوای گرێنتی و چانسی یاریکردنی کردووە.
ڕۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، بەڕێوەبەرانی یانەی بەرشلۆنە، ماتیۆ ئالیمانی و ڕامۆن پلانێس توانیویانە لەگەڵ عوسمان دێمبیلی و لێپرسراوی کارەکانی بەڕێککەوتنێک بگەن، بەهۆی ئەم ڕێککەوتنەوە بۆندی یاریزانەکە نوێدەکرێتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەیکردووە، کە جەمسەری دێمبیلی داوای گرێنتی و چانسی یاریکردنیان لە پێکهاتەی ڕۆناڵد کومان کردووە، گومانیان لە بەردەوامبوونی گریزمان و ئانسو فاتی و گواستنەوەی مێمفیس دیپای هەبووە، بەڵام بەڕێوەبەرانی بارسا لەزاری کومانەوە بەڵینیان بە ڕەشئەسمەرە فەرەنسییەکەداوە، دوای فرۆشتنی مێسی و ترینکاو لە پێگەی هێرشبەری باڵی ڕاست چانسی یاریکردنی پێبدەن.
عوسمان دێمبیلی هاوینی 2017 لە یانەی بوروسیا دۆرتمۆندەوە بە 105 ملیۆن یورۆ و 40 ملیۆن پاداشت ڕوویکردە بەرشلۆنە، لەو وەرزەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی پێکانە لەسەریەکەکانەوە نەیتوانیوە پێگەیەکی سەرەکی بۆ خۆی مسۆگەربکات، بۆیە گومانی بەهێز دەکرا هاوینی 2022 دوای کۆتاییهاتنی بۆندەکەی ماڵئاواییبکات.