بێ لێبڕین دابەشكردنی موچە دەستپێدەكات و بەپێی پارەی بەردەست بەردەوام دەبێت

دووەم مانگە لەسەر یەك حكومەتی هەرێم موچە بێ لێبڕین دابەشبكات

لەمڕۆوە دەست بە دابەشكردنی موچەی ئەم مانگە دەكرێت بە بێ لێبڕین، وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەڵێت، بەپێی پارەی بەردەست دابەشكردنی موچە بەردەوام دەبێت، دیار نییە ئەمڕۆ 200 ملیارەكەی بەغداد دەگات یان نا.

لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا 200 ملیار دینارەكەی بەغداد نەنێردراوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام حكومەت لەمڕۆوە دەستدەكات بە دابەشكردنی موچەی مانگی ئاب بە بێ لێبڕین، دابەشكردنەكەش لە وەزارەتی تەندروستییەوە دەستپێدەكات.

جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دابەشكردنی موچەی  بێلێبڕینی دووپاتكردەوە، ئاشكراشیكرد، “بەپێی سیولە لە ماوەیەکی دیاریکراودا موچەی گشت وەزارەتەکان دابەش دەکرێت”.

ئەمە دووەم مانگە لەسەر یەك حكومەتی هەرێم موچە بێ لێبڕین دابەشبكات، پێشتر بە لێبڕینی 21%ــەوە دابەشیدەكرد بە بیانووی نەبوونی داهاتی تەواو.

تا ئێستا 200 ملیار دینارەكەی حكومەتی فیدراڵ نەگەیشتووەتە هەرێمی كوردستان، دیاریش نییە ئەمڕۆ دەنێردرێت یان نا، لەكاتێكدا پێشتر ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی و پەرلەمانتارانی كورد دووپاتیانكردەوە، 25ی مانگ (ئەمڕۆ) بەغداد پارەكە دەنێرێت.

پێشتر حكومەتی هەرێم توانای دابەشكردنی موچەی بێ لێبڕینی بەستبووەوە بە ناردنی 200 ملیار دینارەكەوە، ئەمە جگە لەوەی چەند مانگی ڕابردوو حكومەتی هەرێم ڕەخنەی ئەوەی دەگرت، كە تەواوی داهاتی پارێزگای سلێمانی ناگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت، بۆیە پێدانی موچە بە لێبڕینیشەوە دوادەخرا، بەڵام دوای گۆڕانكارییەكانی سنوورەكە و ناوخۆی یەكێتی، بەڵێنی چارەسەركردنی ئەو گرفتە درا.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی هەولێر بکوژێکی لەکاتی ڕووداوەکەدا دەستگیرکرد

بابەتی دواتر

وەزیری کشتوکاڵ بەشێک لە دەسەڵاتەکانی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان دابەزاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share