وەزیری سامانە سروشتییەكان دەڵێت، “لە هەفتەی داهاتووەوە نرخی لیترێك بەنزین دەبێتە 650 دینار” و سەرۆكی لیژنەی وزەی پەرلەمانیش دەڵێت، “وای نابینم و لێكۆڵینەوەم كردووە”.
کەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، لە 23ی ئابەوە یەک ملیۆن لیتر بەنزین لە بەغدادەوە دێت.
كەمال ئەتروشی لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی ڕووداو ئەوەشی وت، هاتنی ئەو بڕە بەنزینە “وادەکات کوالێتیی بەنزینەکەمان باش ببێت و نرخەکەشی دەبێت بە 650 دینار بە کوالێتییەکی باش و لە هەموو کوردستان بەو نرخە دەبێت”.
لەبەرامبەر ئەو لێدوانەدا عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردەوە، “من وای نابینم و لێکۆڵینەوەم کردووە. گرفتەکە لە بڕی بەرھەمھێناندایە”.
دەشڵێت، “ئێستا حکومەت نزیکەی ملیۆنێک لیتر بەنزینی ھەیە و 16٪ی پێداویستيی خەڵک دابیندەکات بە 620 دینار دەیداتە سەن ئۆیڵ و کورد نەفت، ئەوانیش لە بەنزیخانەکانی خۆیان دەیدەن بە 660 و بەوانی دیکەی دەفرۆشنە 800 دینار”.
عەلی حەمەساڵح ڕونیشیدەكاتەوە، “چارەسەر ئەوەیە بڕی پاڵاوتن لە بازیان و کەڵەک زیادبکەن کە توانای پاڵاوتنیان 215 ھەزار بەرمیلە و پێداویستيی ناوخۆ بەزیادەوە دابیندەکات! تائێستاش ئەم قەرارە نیە!”.