لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل لەماوەی هەردوو مانگی حوزەیران و تەمموزدا سێ هەزار و 796 تۆن و سێ کیلۆگرام کەرەستەی جۆراوجۆر لەناوبراون یان گەڕێندراونەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا بەشی پەیوەندی و ڕاگەیاندنی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ئاشکرایکرد، “لە ماوەی 1/6/2021 تاوەکو 31/7/2021 سێ هەزار و 796 تۆن و سێ کیلۆگرام کەرەستەی جۆراوجۆر له تاقیگه و لیژنە پەیوەندیدارەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی دهروازهی نێودهوڵهتیی ئیبراهیم خهلیل پەسەند نەکراون”.
هۆكارەكەی ڕوونكردەوە و ڕایگەیاند، “بەهۆی نەگونجاویی ئەو کەرەستانە لەگەڵ ڕێنماییەکانی حکومەتی هەرێم بەشێکیان لەلایەن دەروازەکەوە لەناوبراون و بەشێکیشیان گەڕێندراونەتەوە”.
بەشی پەیوەندی و ڕاگەیاندنی دەروازە سنوورییەکە ڕایگەیاندووە، جۆری ئەو كهرهستانەی لەناوبراون له کەلوپەلی (تهندروستى، کۆزماتیک، خواردن و خواردنهوه، ڤێتێرنهرى، چاندن، بیناسازى و…تاد) پێکهاتبوون.