چارەنووسی ئەفغانستان بەكوێ دەگات؟
ئەمریكا و تاڵیبان لەسەر چی ڕێككەوتوون؟

چەكدارانی تاڵیبان

دوو شارەزای كاروباری ئاسایش هۆكاری كەوتنی یەكلەدوای یەكی ویلایەتەكانی ئەفغانستان بەدەست تاڵیبان ئاشكرادەكەن و نەنگییەكە دەخەنە ئەستۆی ئەمریكا. پلانی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەفغانستان و سیناریۆی ئەمریكاش لە قۆناغی دواتردا دەخەنەڕوو.

لیوا- محەمەد ڕەشاد بریكاری پێشووتری دەزگای هەواڵگریی گشتیی میسر و عەمید- خالد عەكاشە شارەزای بواری ئاسایش، لێدوانیان بۆ ئاژانسی ئاڕ تی داوە و ڕایانگەیاندووە، ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوودەدات پێشبینیكراو بوو.

بریكاری پێشووتری دەزگای هەواڵگریی گشتیی میسر دەڵێت، “قەیرانی ئەفغانستان لەمێژە لەنێوان ئەمریكا و بزووتنەوەی تاڵیبان-دا خراوەتەبەر باس و توانای تاڵیبان بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەفغانستان پێشبینیكراوبوو، ئەو بابەتە بۆ ئەمریكا كتوپڕ نییە و دوورنییە هەردوولا لەسەری ڕێككەوتبن”.

ئەمریكا دەیەوێت بە دروستكردنی ناوچەی نائارام درێژە بە مانەوەی خۆی لە ئەفغانستان بدات.

ئەو پسپۆڕە ئەمنی و هەواڵگرییە سیناریۆی ئەمریكا بۆ بارودۆخەكە ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، “ئەمریكا كارمەند و هاوكارانی خۆی لە ئەفغانستان دووردەخاتەوە و لەگەڵ تاڵیبان-دا ڕێككەوتووە فڕۆكەخانەی كابول پارێزراوبێت تا لەوێوە دەربازیان بكات، بۆ ئەوەی بەشێك لە خاكی ئەفغانستان لەژێر كۆنترۆڵی تاڵیباندا بێت و بەشەكەی تری لەژێر دەسەڵاتی حكومەتدا بمێنێتەوە، ئەوەش سیناریۆی ئەمریكایە و ئامانجی ستراتیژیی درێژخایەنی لەپشتە، كە بریتییە لە دروستكردنی ناوچەی نائارام تا لەو ڕێگەیەوە ئەمریكا درێژە بە مانەوەی خۆی بۆ ماوەیەكی زۆر لە ئەفغانستان بدات”.

ئەمریكا لە ئەفغانستان شكستیهێناوە
عەمید- خالد عەكاشە شارەزای بواری ئاسایش، پێیوایە كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان پێشتر پلانی بۆداڕێژراوە و كۆی پرۆسەكە نیشانەی شكستی ئەمریكا و هاوپەیمانانە لەو وڵاتە، بەو بەڵگەیەی كە ئەمریكا لەماوەی 20 ساڵی بڵاوبوونەوەی سەربازییانەی لە ئەفغانستان، نەیتوانی وڵات یاخود دامەزراوەیەكی سەربازی و ئەمنیی سەقامگیر بنیات بنێت. دەشڵێت، “هەر ئەوەندەی ئەمریكا و هاوپەیمانان كشانەوەی خۆیان لە ئەفغانستان ڕاگەیاند، ڕژێمی ئەو وڵاتە داڕووخا”.

فێڵەكەی تاڵیبان
عەكاشە باس لەوە دەكات كە ئێستا ئەمریكا و قەتەڕ لە هەوڵی قایلكردنی تاڵیبان-دان بۆئەوەی پێشڕەوییەكانی بەرەو كابول ڕابگرێت و پایتەخت كۆنترۆڵ نەكات، بەڵام بزووتنەوەكە “مانۆڕێكی سەركەوتووی كرد و هەموو ئەو ڕێككەوتنانەی پشتگوێخست، كە پێشتر لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ لەگەڵ ئەمریكا كردبوونی بەوەی دەچێتە پرۆسەیەكی سیاسیی ڕێكخراوەوە و پەنا نابات بۆ بەكارهێنانی چەك، بەڵام ئەوەی ڕوودەدات پێچەوانەكەیەتی و فشەڵی و لاوازیی سوپای ئەفغانستان ڕەنگە وا لە تاڵیبان بكات كابول-ی پایتەختیش كۆنترۆڵبكات”.

بابەتی پێشتر

هەسارۆچکەیەک لە زێڕ.. ئەگەری دەوڵەمەندبوونی تەواوی مرۆڤایەتی و داڕمانی ئابوری

بابەتی دواتر

دوو كەس بەتۆمەتی تەقەكردن لە سلێمانی دەستگیركران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share