موسەننا ئەمین: كۆنگرەی وڵاتانی دراوسێ هیچ شتێكی گەورەی لێ چاوەڕوانناكرێت

“دەتوانرێت هەندێك ئەجێندای بابەتی و لۆژیكی و واقیعی بۆ دابنرێت”

حكومەتی عێراق لە ئامادەكاریدایە بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی وڵاتانی دراوسێ لە كۆتاییەكانی ئەم مانگەدا لە بەغداد، پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت، “سازكردنی هەنگاوێكە بەرەو ڕێگا ڕاستەكە، بەڵام تەنها هەنگاوێكە و شتێكی گەورەتری لێ چاوەڕوانناكرێت”.

حكومەتەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لە هەوڵدایە بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە بەغداد، كە چاوەڕوان دەكرێت لەئەگەری وەڵامدانەوە و بەدەنگەوەهاتنی وڵاتانی بانگێشتكراودا لە 10 ڕۆژی كۆتایی ئەم مانگەدا ئەنجامبدرێت.

ئامانج لە سازدانی كۆنگرەكە تاوتوێكردنی ئاڵنگارییە سیاسییەكان و ئاسایشی ناوچەكەیە لەگەڵ پرس و بابەتە پەیوەندیدارەكان و دروستكردنی ئاشتەوایی هەرێمایەتی. پەرلەمانتارێكیش پێیوایە لە ئەگەری گرێدانیدا دەبێتە سەركەوتنی دیپلۆماتی بۆ عێراق.

موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هەنگاوێكی لەو جۆرە لەلایەن هەر سەرۆك وەزیرانێكەوە جۆرێكە لە نمایشی سیاسی كە بۆ ئەو جێگەی سەرنج و هێزە، سەرنجی میدیا و ڕاگەیاندنەكانی وڵاتانی دراوسێی دەخاتەسەر وەك سەركەوتنێكی دیپلۆماتی، ئەگەریش بتوانێت بە سەركەوتوویی ئەو كۆنگرەیە گرێبدات، بێ كێشە و بە ئامادەبوونی بەرپرس و دەسەڵاتدارانی پلەیەكی ئەو وڵاتانە، بۆ عێراق سەركەوتنێكی دیپلۆماتییە و كرانەوەیە بەڕووی ئەو وڵاتانەدا.

وتیشی، “كۆنگرەكە هەوڵدانە بۆ ئەوەی مانایەكی نوێ و باشتر ببەخشرێت بە پرسی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمایەتی و پەیوەندیی باشتری نێوان دەوڵەتە دراوسێكانی عێراق، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی كە كێشەی ئەمنی لەنێوان خۆیاندا هەیە، ناوچەكەشی پێوەتێوەگلاوە وەك سعودیە و ئێران، ئەو دەوڵەتانەی دیكەش كە كێشە دروستدەكەن بۆ ئاسایشی عێراق وەكو توركیا. كۆبوونەوەی ئەمانە لەسەر مێزێك و لە كۆنگرەیەكدا بۆ بابەتی سەقامگیری و ئاسایش و گەشەپێدانی ئەم ناوچەیە لەڕووی ئابوری و باشتركردنی پەیوەندییەكانی دراوسێی عێراق، دەبێتەوە بە بەرژەوەندیی عێراق هەم لەڕووی سەقامگیری و هەم لەڕووی گەشەپێدانەوە”.

سەرەتای ئەم هەفتەیە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بانگێشتنامەیەكی كازمی-ی گەیاندە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بۆ بەشداری لە كۆنگرەكەدا، دواتریش بانگێشتنامەكەی گەیاندە هەریەك لە سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعودیە و ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆكی ئێران، ناوەڕاستی هەفتەی پێشووتر خالد بتال وەزیری پلاندانانی عێراق نامەیەكی هاوشێوەی ڕادەستی شێخ نەواف ئەحمەد جابر ئەلسوباح میری كوەیت كرد.

دەربارەی ئەوەی ئایا كێن ئەو وڵاتانەی بانگێشتی كۆنگرەكە دەكرێن؟ موسەننا ئەمین وتی، “شتێكی قەتعی نییە، بەردەوام سەرۆكایەتییەكان و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان لە كۆبوونەوە و هەڵسەنگاندندان بۆ ئەوەی كێ بانگ بكەن و كێ بانگ نەكەن”. ئەوەشی وت، “دەبێت ئەو پرسیارەش وەڵام بدرێتەوە كە لەكاتێكدا ئەم كۆنگرەیە كۆنگرەی وڵاتانی دراوسێی عێراقە، وڵاتێكی دووری وەك فەرەنسا، یان وڵاتێكی ئەوروپی یان هەر وڵاتێك لەهەر شوێنێكی دیكە بۆ بەشداردەبن؟”.

ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر بڵاوكرایەوە كە جگە لە وڵاتانی دراوسێ، چاوەڕوان دەكرێت فەڕەنسا و چەند وڵاتێكی دیكەی هەرێمایەتی، بەشداریی كۆبوونەوەكە بكەن.

ئەگەرچی تائێستا بانگێشتنامەی ئاراستە نەكراوە، بەڵام ئەندامەكەی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بەدوورینەزانی بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا یەكێك بێت لە بانگێشتكراوان و وتی، “لە تێڕوانینی عێراق-دا، سوریا وڵاتێكی دراوسێیە و عێراق پەیوەندیی دیپلۆماتی لەگەڵیدا هەیە و بێگومان ئەویش بانگدەكرێت، بەڵام ئایا دەبێتەهۆی ئەوەی دەوڵەتێكی وەكو توركیا بەشداری بكات یان نەكات ئەوەیان دواتر دەردەكەوێت، كە دەبێت تاوتوێبكرێت”.

دوپاتیشیكردەوە، “پرسی كۆنگرەكە لەئێستادا تەنها بیرۆكەیەكە، ئێستا وەزیری دارایی و چەند وەزیرێك تەكلیف كراون بانگێشتنامەكان بگەیەننە ئەو وڵاتانە، بەڵام هەندێك وڵات بۆ بەشداری لە كۆنگرەیەكی لەو جۆرە زۆرجار مەرجیان هەیە، پرسیارەكەش ئەوەیە ئایا مەرجەكانیان چین و عێراق دەتوانێت لەئەستۆیان بگرێت؟”.

بەمدواییە ڕۆژنامەی (شەرقل ئەوسەت) لەزاری بەرپرسێكی عێراقییەوە بڵاویكردەوە، “گرێدانی ئەو كۆنگرەیە لە بەغداد، یەكەمینی لەو جۆرە دەبێت لەدوای ساڵی 2003 لەسەر ئەو ئاستە، ئامانجیش لێی گەڕاندنەوەی ڕۆڵی هەرێمایەتی و كاریگەریی عێراقە، كە پێشتر بەهۆی سیاسەتی ڕژێمی پێشووەوە پاشەكشەی كردبوو، بەتایبەت دوای داگیركردنی كوەیت لە ساڵی 1990دا”.

سەبارەت بەوەی چاوەڕوان دەكرێت كۆنگرەكە چ ئەنجامێكی لێبكەوێتەوە موسەننا ئەمین ئەوەی خستەڕوو، “هەنگاوێكە بەرەو ڕێگا ڕاستەكە، بەڵام تەنها هەنگاوێكە و هیچیتر و شتێكی گەورەتری لێ چاوەڕوانناكرێت، دەرئەنجامەكانی هەرچی ببن، سەركەوتوو بێت و بگات بە ئەنجام یان نەگات بە ئەنجام، هەنگاوێكی دیپلۆماتیی گرنگە بۆ عێراق سوودی هەیە و كرانەوەیە و هێزی دیپلۆماتیی عێراق نیشاندەدات”.

وتیشی، “دەتوانرێت هەندێك ئەجێندای بابەتی و لۆژیكی و واقیعی بۆ دابنرێت كە دەشێت جێبەجێبكرێن، لەوانە بڕیارەكانی كۆنگرەی وڵاتانی كۆمەكبەخش لە كوەیت كە دەرئەنجامەكانی زۆر نەچوونە بواری جێبەجێكردنەوە، كە یەكێكە لەو بابەتانەی دەكرێت لەم كۆنگرەیەشدا دووبارە جەختی لەسەر بكرێتەوە و جێبەجێ بكرێت، جگە لە ئامانجی دیكەی بابەتی كە لەڕێیەوە بتوانرێت هەندێكی لێ سەوزبكرێت”.

پێشتر لە چەندین بۆنەدا مستەفا كازمی جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە عێراق هەوڵدەدات ڕۆڵی هاوسەنگ و ئەرێنی لە بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەكەدا بگێڕێت، لای خۆیەوە پەرلەمانتارە كوردەكە پێیوایە، كۆكردنەوەی ئێران و سعودیە لە كۆنگرە و دیدارێكدا، دەرفەتێك دەخوڵقێنێت بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆی ئەو دوو دەوڵەتە، ئەو دوو وڵاتە كێشەكانیان ئەنجامی نەرێنییان هەبووە لەسەر عیراق و ئارامبوونەوەی پەیوەندییەكانیشیان ئەنجامی ئەرێنی دەبێت بۆ گەشانەوەی ئابوری و پەیوەندییەكانی عێراق و كەمكردنەوەی پشێوی و تەنگژە لە عێراق-دا.

دەربارەی ئەوەی ئایا عێراق دەتوانێت سەركەوتوو بێت لە نێوەندگیریی نێوانیان، وتی، “ئەگەر ئەو دوو وڵاتە ڕازیبن بە بانگێشتنامەكە، پێموانییە سازكردنی دیدارێك بۆیان شتێكی قورس بێت، بەتایبەتیش هەردوو وڵات هەندێك هەنگاویان بەرەو یەكتر ناوە”. دووپاتیشیكردەوە، “ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو وڵاتە كاریگەری دەبێت نەك لەسەر عێراق، بەڵكو لەسەر سوریا و لەسەر هەموو ئەو شوێنانەی پێكدادان و شەڕی ناوخۆیان تێدایە و بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئێران و سعودیە لایەنن تیایدا، لە كۆتاییدا دەكەوێتەسەر ئەوەی دیپلۆماتییەتی عێراق چەندێك بە توانا و هێز و لێهاتوویی باشەوە ئەچێتە مەیدانی سەرخستن و ڕێكخستنی كۆنگرەكەوە”.

بابەتی پێشتر

لە سلێمانی سێ كەس بە تۆمەتی مامەڵەكردن بە دراوی ساختەوە دەستگیركران

بابەتی دواتر

کادرێکی یەکێتی لە شێلادزێ دەستبەسەركرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق: فڕۆکەخانەی بەغداد بەڕووی سەرجەم هاوڵاتییان و گەشتیاراندا کرایەوە

وەزیری گواستنەوەی عێراق فڕۆکەخانەی بەغدادی بەڕووی هاوڵاتییان و گەشتیاراندا کردەوە. لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراقدا هاتووە، ئەمڕۆ شەممە،…
Total
0
Share