بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری دارایی وەڵامی كەمئەندامانی هەرێم بداتەوە لەبارەی چارەنوسی موچەی یەك ساڵی ئەو توێژە، كەمئەندامانیش لە چاوەڕوانیدان.
سامان حسێن ئەوەشی خستەڕوو، “وەزیری كار بەدواداچوونی كردووە بەڵێنی دا لەگەڵ وەزیری دارایی قسە بكات و دەبێت ئەمڕۆ وەڵام وەربگرێتەوە بۆ ئەوەی بزانرێت موچەی ئەو ساڵە چارەنوسی چی دەبێت”.
لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆكی ڕێكخراوەكەی كەمئەندامان ئاماژەی بەوەشكرد، “بەڵێنمان لە وەزیری كار وەرگرت، ئەو كەمئەندامانەی خاوەنی دوو موچەن، هیچ لە موچەكانیان نابڕدرێت بەڵكو وەك دەرماڵە یەكدەخرێت”.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لەوە كراوە، ئەو بڕیارەی لە ساڵی 2013ەوە كەمئەندامان چاوەڕوانین كە زیاتر لە 26 بۆ 30 هەزار كەمئەندام دەخرێنە سەر لیستی موچەی كەمئەندامان، تەواو بووە تەنها ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی ماوە.
پێشتر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، سامان حسێن ئاشكرایكرد، چارەنوسی موچەی یەك ساڵی 89 هەزار كەمئەندام دیار نییە و لە ئەگەری وەرنەگرتنی وەڵام لەلایەن حكومەتەوە، پەنا دەبەنە بەر دادگای كارگێڕی.