لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی سلێمانی داوا لە حكومەت دەكات پابەندی پێدانی موچە بێت

لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە لە ڕاگەیەندراوێكدا، داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات پابەندی دابینکردنی موچە و بودجە و شایستە داراییەکانی دامەزراوە دەوڵەتییەکان بێت.

لە ڕاگەیەندراوێكدا هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 13ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، “لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا چەند بڕیارێك دراوە”.

سەبارەت بە بڕیارەكانی لیژنەكەیان هەڤاڵ ئەبوبەكر ئاشكرایكردووە، “پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی دابینکردنی موچە و بودجە و شایستە داراییەکانی دامەزراوە دەوڵەتییەکان بێت بەتایبەتی کەرتی تەندروستی و پەروەردە و هێزەکانی ناوخۆ و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، بۆئەوەی بتوانن خزمەت بە هاوڵاتییان پێشکەش بکەن و بەرەنگاری کۆرۆنا ببنەوە”.

داواش كراوە هاوڵاتییان پابەندی تەواوی ڕێنمایی و ڕێکارە خۆپارێزی و تەندروستییەکان ن ئاماژە بەوەشكراوە، “هەموو سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان و بەرپرس و بەڕێوبەری فەرمانگاکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت ڕاسپێردراون بە چاودێریکردن و بەدواداچوونی وردی پابەندبوونی تەواوی فەرمانبەر و کارمەندانی فەرمانگە و دامەزراوەکانیان بە ڕێنمایی و ڕێکارە خۆپارێزی و تەندروستییەکان”.

لە كۆبوونەی لیژنە باڵاكەی سلێمانی ئەوەشی خراوەتەڕوو، “لە هیچ فەرمانگە و دامەزراوەیەکی دەوڵەتی و کەرتی تایبەت ڕێگا بە چوونە ژوورەوەی هیچ موراجیع و هاوڵاتییەك و داواکارێک نادرێت ئەگەر پابەندی ڕێنمایی و ڕێکارە خۆپارێزی و تەندروستییەکان نەبێت”.

هەروەها لیژنە هاوبەشەکانی یەکە کارگێڕییەکان و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون، بەدواداچوون و چاودێریی ورد بۆ جێبەجێکردنی ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستییەکان بكەن لە شوێنە گشتییەکاندا و “هەر شوێنێک پابەند نەبێت دادەخرێت و سزای دارایی دەدرێت”.

بڕیاردراوە بە، کردنەوەی خوێندنگا و ناوەندە زانکۆییەکان لە هۆڵەکانی خوێندندا، بە مەرجی پابەندبوون بە ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستییەکانەوە بە پەسەند دەزانن و سەرپەرشتیارانی کارگێڕی و پەروەردەیی ڕادەسپێردرێن بۆ چاودێریکردنی پابەندبوونی ناوەندەکانی خوێندن بەو ڕێنمایی و ڕێکارانەوە.

لیژنەكە بریاریشداوە، “دانانی پرسە و چوونە سەرقەبران و مەولود و بۆنە ئاینییەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەن و بەڕێوبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی بە هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیكە چاودێری ئەم ڕێکارە دەکات”.

لە ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆكی لیژنە باڵاكەی سلێمانی ئەوەش خراوەتەڕوو، بەڕێوبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە هەماهەنگیی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، ڕاسپێردراون بۆ دەرمانڕێژکردنی مزگەوتەکانی ناوبازاڕ و ئەو فەرمانگە و شوێنە گشتییانەی پەتاکەی تێدا بڵاوبووەتەوە”.

داواش لە كەناڵەكان كراوە هاوڵاتییان لەبارەی بەستنی ماسكەوە هۆشیار بكەنەوە.

بابەتی پێشتر

نەخشەسازیی نوێ بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکانی هەرێم دیاریكرا

بابەتی دواتر

'وەزیری دارایی هەرێم بەڵێنی گەڕانەوەی موچە فەوتاوەكانی داوە'

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share