نۆ ساڵ بەسەر كوشتنی ساكینە جانسز و هاوڕێكانیدا تێدەپەڕێت

خۆپیشاندانێكی دژ بە ڕووداوی كوشتنەكە فۆتۆ: ئەرشیف

ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر كوژرانی ساكینە جانسز و هاوڕێكانی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا تێدەپەڕێت، ئەو دۆسیەیەی پاش مردنی گوماناویی تۆمەتبارەكەی بەبێ یەكلاكردنەوەی لایەنی سەرەكیی تاوانەكە بێئەنجام هێڵدرایەوە لەكاتێكدا پەنجەی تۆمەت بۆ دەزگای میتی توركی ڕادەكێشرێت.

ساكینە جانسز، یەكێك لە دامەزرێنەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان “پەكەكە” و فیدان دۆغان، لە نوێنەرایەتیی پاریسی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان‌ و لەیلا شایلەمەز ئەندامی بزوتنەوەی گەنجانی كورد لە 9ی كانونی دووەمی 2013 لە ئۆفیسێكدا لە پاریس كوژران.

ڕووداوەكە بە دۆزینەوە و ئاشكراكردنی بكوژەكەی تاڕادەیەك ئاراستەی بەرەو دۆزینەوەی بكەرانی پشتی پەردە كردەوە، بەر لەوەی لە ڕووداوێكی تەمومژاویدا مردنی لە زینداندا ڕابگەیەندرێت.

“عومەر گونەی” بكوژی تەمەن 34 ساڵ، هاوڵاتییەكی تورك و خاوەن ڕەگەزنامەی فەرەنسی بوو، پێشتر لە باڵیۆزخانەی توركیا كاریكردووە و بەر لە ڕووداوەكەش چەند جارێك هاتوچۆی لەنێوان پاریس و ئەنقەرەدا كردووە.

گونەی لە دانیشتنەكانی دادگادا دانی بەوەدانا كە سێ‌ ژنە چالاكوانەكەی كوشتووە بەبێ‌ ئەوەی هیچ كەسێكی تر هاوكاریی كردبێت.

ڕۆژی 21ی كانونی دووەمی 2017 مردنی بەهۆی نەخۆشییەك لە مێشكیدا ڕاگەیەندرا، دوو ڕۆژ دواتریش دادگای تاوانە قورسەكانی پاریس وەستاندنی لێكۆڵینەوەكان و داخرانی دۆسیەكەی بە پارێزەری تاوانلێكراوان ڕاگەیاند.

ڕووداوەكە و دواتریش مردنی بكوژەكە لە میدیا جیهانییەكاندا كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، سایتی (The Guardian) ڕووداوەكەی بە “شۆك” ناوبرد.

هاوكات سایتی (RFI)ی فەرەنسی باسی لەوەكرد، دەزگای هەواڵگریی توركیا كەسێكی بە ناوی عومەر گونەی ناردووە بۆ تیرۆركردنی ئەو سێ‌ ژنە.

هەر لەسەر ڕووداوەكە (France24) ئەوكات بڵاویكردەوە، مردنی عومەر گونەی كە تەنها تاوانباری ئەو ڕووداوە بوو “گوماناوییە” و بۆ ئەوەیە نهێنییەكانی كوشتنی سێ چالاكوانەكەی كورد ون ببێت.

ساکینە جانسز، ناسراو بە (سارا) ساڵی 1958 لە گوندی تەخت خەلیل‌ لە شاری دێرسیم لەدایکبووە. خێزانەکەی کوردی عەلەوی بوون، باوکی بۆ خوێندن دەیباتە ئەڵمانیا، بەڵام دواتر لەسەر داوای خۆی دەگەڕێتەوە دێرسیم.

ساڵی 1978 بەهۆی بەشداریكردنی لە یەكەمین كۆبوونەوەی پەكەكە دەستگیردەكرێت و ماوەی 10 ساڵ لە زیندان دەستبەسەردەكرێت. لەدوای ئازادبوونیشی، ماوەیەك دەمێنێتەوە و دواتر ڕوو لە ئەوروپا دەكات و پاشان دەگەڕێتەوە دیمەشق و دواتریش دەچێتە پاڵ گەریلاكانی پەكەكە لە چیا.

ساڵی 1998 جارێكی دیكە بە كاری پەكەكە ڕوودەكاتە ئەوروپا تا كاتی ڕووداوەكەی پاریس لەوێ دەمێنێتەوە.

بابەتی پێشتر

پەیامی كونسوڵی هۆڵەندا بۆ حكومەتی هەرێم لەبارەی خۆڵ و خاشاكەوە

بابەتی دواتر

دانیشتنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ كاتژمێر 3ى پاشنیوه‌ڕۆ دواخر‏ا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share