هاشمی، قوربانییەك 100 ڕۆژ لە چاوەڕوانیی دۆزینەوەی بكوژانی دا

هیشام هاشمی

100 ڕۆژ بەسەر كوشتنی هیشام هاشمی، توێژەر و شارەزای ئاسایشی عێراقیدا تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا كەس بە تۆمەتی كوشتنی دەستگیرنەكراوە.

لە درەنگانی شەوی 6ی تەمووزی ڕابردوودا، هیشام هاشمی كە شارەزایەكی عێراقیی بواری ئاسایش و بە تایبەت گرووپە چەکدارەکان بوو، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە، بە ماتۆڕسکیلێکەوە لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە بەغداد تەقەی لێكرا و کوژرا.

كوشتنی هاشمی، كاردانەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و دەرەوە بەدوای خۆیدا هێنا، بەوپێیەی وەك ناوەندە سیاسی و ڕۆژنامەوانییەكان باسیان دەكرد، توێژینەوەكانی سەبارەت بە تیرۆر و گرووپە چەكدارەكان و میلیشیاكان، سوودی زۆریان بە حكومەت گەیاندبوو. هەربۆیە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و سەرۆكی چەندین حزب و لایەنی سەرەكی، هەروەها حەشدی شەعبی و چەندان ناوەندی ئەكادیمی و میدیایی و ڕێكخراوەیی، لە ئاست كوشتنی هاشمی دا هاتنەدەنگ و بكەرانیان سەركۆنە كرد.
دوای كوژرانی هاشمی بە چەند كاتژمێرێك، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق، عەمید ڕوکن- محەمەد قاسم فەهد، فەرماندەی تیپی یەکی پۆلیسی فیدراڵی لە پۆستەکەی لابرد، بەوپێیەی ئەو تیپەی ناوبراو فەرماندەیی دەكرد، بەرپرسی ئاسایشی ناوچەی ڕەسافە بوو، ئەو بەشەی بەغداد كە گەڕەکی زەیونە -شوێنی نیشتەجێبوون و كوشتنی هاشمی-ی لێیە.

ئەوكات کازمی، بکوژانی هاشمی بە “گرووپێکی دەرەوەی یاسا” ناوزەد كرد و بەڵێنی دا، ئاشكرا و دەستگیریان بكات. دوای ماوەیەك لەو بەڵێنەی، سەرۆكوەزیرانی عێراق وتی، “سەرەداومان سەبارەت بە تۆمەتبارانی دۆسیەكە دەستكەوتووە.” بەڵام ئێستا دوای تێپەڕبوونی 100 ڕۆژ بەسەر ڕوداوەكەدا، هێشتا نە كەس بە تۆمەتی تێوەگلان لێی دەستگیركراوە، “نە حكومەت هەنگاوی پێویستی بەو ئاقارەدا ناوە”، وەك چالاكوانان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دا دەڵێن.

هاوڕێكانی هیشام هاشمی دەڵێن، ناوبراو ماوەیەكی زۆر بەر لە كوژرانی، ئامانجی میلیشیا چەکدارەکان بوو، سەرەڕای تۆمەتبارکردنی میلیشیا شیعەكانی عێراق بە کوشتنی، بەوپێیەی ناوبراو كردەوەكانی بەشێك لەو گرووپانەی دژ بە حكومەت باس دەكرد و تۆمەتباریدەكردن بە موشەكبارانكردنی ناوچەی سەوز، ئەوان (میلیشیاكان) ڕەتیانكردەوە دەستیان لە كوشتنی هاشمی دا هەبووبێت و ئەوەی كە ڕوویدا، بە زیان ئەژماریان كرد. تەنانەت حەشدی شەعبی، داوای لە حكومەت دەكرد بەدواداچوون بۆ “ئەو تاوانە بکات و ئەو گرووپە تیرۆریستییانە دەستگیربکات، کە هاشمی-یان كوشتووە.”

گرووپە چەكدارە شیعەكانی عێراق پێكڕا، ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش-یان بە كوشتنی هاشمی تۆمەتبار دەكرد، چونكە وەكخۆیان دەیانوت، “هاشمی زیانێكی زۆری پێگەیاندوون، لەڕێگەی بەخشینی زانیاریی بەسوود بە حكومەت و هێزە چەكدارەكان، سەبارەت بە تیرۆریستان.”
زۆربەی ڕوداوەكانی كوشتنی ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانان و ئەكادیمیستەكان لە عێراق دا، بە تەمومژاوی دەمێننەوە، لە سەرەتای ڕودانیاندا، بەرزترین ئاستی دەسەڵاتدارێتی و فەرمانڕەوایی دەهێننە دەنگ، بەڵام دوای ماوەیەك، ئەو كەیسانە تۆزی ڕۆژگاریان لەسەر دەنیشێت و دەبێتە بەربەست لەنێوان گەڕان بەدوای ڕاستییەكان، و یادگەی كاربەدەستان دا.
بابەتی پێشتر

یونایتد یاری لوتکەی لە پاریس بردەوە و بەرشلۆنە فرینسڤاروشی ڕاماڵی

بابەتی دواتر

ناسا: ئەمڕۆ جیهان ڕوداوێکی مێژوویی دەبینێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share