سەرپەرشتیاری ئیداری گەرمیان سوپاسی بافڵ تاڵەبانی دەكات بەهۆی دابینكردنی موچەی كارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵا و دەڵێت، بەهۆیەوە مەترسییەکانی داخستنی بەشێکی نەخۆشخانەکە لەم کاتەدا کە توشبووانی کۆرۆنا هەڵکشاوە دەڕەوێتەوە.
جەلال نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پەیامێكی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت، ئیدارەی گەرمیان سوپاسی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات کە بڕیاریدا بە دابینکردنی موچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵا لەلایەن ئیدارەی گشتی یەکێتی.
ژمارەی کارمەندان 131 کارمەندە و کۆی موچەکەیان 57 ملیۆن دینارە، وەك ئەوەی جلال نوی ئاماژەی پێداوە.
دەشڵێت، لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئەم کارمەندانە بەبێ موچە و بەخۆبەخشی خزمەتیان کردووە، بەمەبەستی دابینکردنی موچەکەیان ئیدارەی گەرمیان نوسراوی ئاڕاستەی یەکێتی کرد و داوایکرد موچەیان بۆ دابینبکرێت، خۆشبەختانە لەم رۆژانە موچەکەیان دەدرێت.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دوپاتیشیدەكاتەوە، “ئەم هەنگاوەی بەڕێز بافڵ تاڵەبانی خزمەتێکی گەورە بە گەرمیان دەکات و کێشەکانی نەخۆشخانەی قەڵا کە توشبووانی پەتای کۆرۆنا تێیدا چارەسەر وەردەگرن، چارەسەر دەبن و مەترسیەکانی داخستنی بەشێکی نەخۆشخانەکە لەم کاتەدا کە توشبووانی کۆرۆنا هەڵکشاوە دەڕەوێتەوە “.
دوای ئەوەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، نوسراوێكی ئاڕاستەی یەكێیی نیشتمانیی كوردستان كرد و داوای دابینكردنی موچەی كارمەندان و خۆبەخشانی نەخۆشخانەی قەڵا-ی كرد. لەبەرامبەردا، ئیدارەی دارایی یەكێتی لەسەر ڕاسپاردەی بافڵ تاڵەبانی، بڕیاری تەرخانكردنی موچەكەیانیدا.
پێشتر عەباس ئەنوەر، وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ماوەی چوار مانگە، موچەی كارمەندان و پزیشكانی نەخۆشخانەی قەڵای تایبەت بە كۆرۆنا لە گەرمیان خەرجنەكراوە، ئەوەش نیگەرانی و ناڕەزایی لای ئەو كارمەند و پزیشكانە دروستكردووە.
وتیشی، “ئەمڕۆ ئاگاداركراونەتەوە، بافڵ تاڵەبانی بڕیاریداوە، لەسەر ئەركی ئیدارەی دارایی یەكێتی، بەزووترین كات موچەی ئەو چوار مانگەی كارمەندان و پزیشكانی نەخۆشخانەی قەڵا چارەسەربكرێت، لە مانگەكانی داهاتوشدا هەر لەسەر ئەركی یەكێتی موچەكەیان بۆ خەرجبكرێت”.