هەناردەكردن لە ئێرانەوە بۆ عێراق و هەرێم بەڕێژەی 54% زیادیكردووە

تەنها لەماوەی سێ مانگدایە

تەنها لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا بە بڕی دوو ملیار و 340 ملیۆن دۆلار كاڵا لە ئێرانەوە هاوردەی عێراق و هەرێمی كوردستان كراوە و سەرۆكی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران-عێراق دەڵێت، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی 54% زیادیكردووە.

جەهانبەخش سەنجابی، سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران-عێراق ڕایگەیاند، “هەناردەکردنی کاڵا لە ئێرانەوە بۆ عێراق 95٪ـی قەبارەی گشتیی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات پێکدەهێنێت”.

سەنجابی لە لێدوانێكدا بۆ میدیا ئێرانییەكان وتیشی، “لە 21ی ئازاری 2020 تا 21ی ئازاری ئەمساڵ بە بەهای حەوت ملیار و 400 ملیۆن دۆلار کاڵا و شمەك لە ئێرانەوە هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە”.

ئەوەشی خستەڕوو، هەر لەو ماوەیەدا بە بەهای 131 ملیۆن دۆلار کاڵا لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی ئێران كراوە.

سەرۆكی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئاماژەی بەوەشكرد، هەر لەماوەی ئەو ساڵەدا بە بەهای دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بەرهەمی پەترۆکیمیایی و بەرهەمە نەوتییەکان لە ئێرانەوە هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراون.

بەدوای ئەو بەرهەمانە، بەرهەمە پیشەسازییەكان زۆرترن كاڵایە كە هەناردەی عێراق و هەرێم كراوە بە بەهای ملیارێک و 750 ملیۆن دۆلار، هەروەها بەهای هەناردەکردنی بەرهەمە کانزاییەکانیش ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلار بووە.

جەهانبەخش سەنجابی ڕونیكردەوە، تەنها لەماوەی نێوان 21ی ئازار تا 21ی حوزەیرانی ئەمساڵ بە بەهای دوو ملیار و 340 ملیۆن دۆلار کاڵا لە ئێرانەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەناردە کراوە، ئەو بڕەش بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی ڕابردوودا بەڕێژەی 54٪ زیادیکردووە.

لە كۆتایشدا ئاشكرایكردووە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بازاڕی عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکەی 40 تاوەکو 64 ملیار دۆلارە و حكومەتی ئێران خوازیاری زیادكردنیەتی بۆ زۆرترین بڕ.

بابەتی پێشتر

كۆمسیۆن ژمارەی هاوپەیمانی و پارت و كاندیدانی هەڵبژاردن ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

زانایان هۆشداری لە گۆڕاوی نوێی کۆرۆنا دەدەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share