هەپەگە: پارتی چەند گەریلایەكی شەهید كردین

هەپەگە دەڵێت، هێزێكی پارتی لە خەلیفان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەمارۆی ژمارەیەك گەریلایان داوە و هێرشیان كردوونەتە سەر، لەئەنجامدا چەند گەریلایەك شەهید بوون.

هێزەكانی پاراستنی گەل – هەپەگە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، ئاشكرایكردووە، “گروپێکی بچووکی گەریلا لە چوارچێوەی ئەرکەکانیاندا ویستوویانە لە شوێنێکەوە بچن بۆ شوێنێکی دیکە، پاش ئەوەی گەیشتوونەتە ناوچەی خەلیفان، لە ڕۆژی 26ی تەمموزەوە پەیوەندییان پچڕاوە”.

هەپەگە دەڵێت، “بەپێی ئەو زانیارییانەی لە خەڵکی ناوچەکە وەرمانگرتوون، هێزێکی پەدەکە (پارتی) ئەو گروپەمانیان گەمارۆداوە و هێرشیان کردوونەتە سەر، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا چەند هەڤاڵێکمان شەهید بوون، بەپێی زانیارییەکانی خەڵکی ناوچەکە، هێزەکانی پەدەکە لەو شوێنەدا بڵاوبوونەتەوە و ڕێگە بە هاتوچۆی هیچ کەسێک نادەن”.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سوپاسالاری پێشمەرگە چەند جارێك باسی پێكدادانی نێوان پێشمەرگە و گەریلای كردبوو، بۆیە هەپەگە نیگەرانیی خۆی لە چارەنووسی ئەو گەریلایانە ڕادەگەیەنێت، دەڵێت، “هیچ واتایەک لەو کردەوەیەدا نابینین، ئەم کردەوانە قبوڵناکەین، ئەم هەڵوێستە تەنیا خزمەت بە دووژمنەکانی گەلی کورد دەکات”.

هێزەكانی پاراستنی گەل داواشدەكات پارتی “لە زووتریین کاتدا و بێ ئەوەی زانیارییەکان پێچەوانە بکاتەوە”، سەبارەت بە چارەنووسی ئەو گەریلایانە، زانیاریی متمانەپێکراو بڵاو بکاتەوە، “پێش ئەوەی سنووری ئارامیمان تێپەڕێت”.

لە كۆتاییدا هەپەگە ڕایگەیاندووە، “لەم قۆناغە هەستیارە مێژووییەدا، بانگەوازیی لە گەلی کورد دەکەین، سەبارەت بەم هێرشە، کە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی گەلەکەمانی کردووەتە ئامانج، هۆشیاربن و داوا لە هەموو لایەنە سیاسییە پەیوەندییدارەکان دەکەین، لەپێناو ئەرکە نەتەوەییەکانیاندا هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن”.

بابەتی پێشتر

بوومەلەرزەیەكی بەهێز لە ئەمریكا ڕوویدا.. ئەگەری تسونامی هەیە

بابەتی دواتر

مالیكی: بایكۆتكەران نابێت بۆچوونی خۆیان بسەپێنن

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

گەریلا 22 سەربازی توركیای كوشت

هەپەگە بڵاویكردووەتەوە لە چەند چالاكییەكدا 22 سەربازی سوپای توركیا كوژران. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی…
Total
0
Share