ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا قەزاكانی سۆران و زاخۆ بكرێنە ئیدارەی سەربەخۆ

وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردراوە قەزاکانی سۆران و زاخۆ بکرێنە ئیدارەی سەربەخۆ.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی گۆڕینی ئەو هەردوو قەزای سۆران و زاخۆ بۆ ئیدارەی سەربەخۆ”.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەکۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەوەی دیاردەی هەڵگرتنی چەک بەشێوەی نایاسایی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و بڕیاردراوە جارێکی تر پڕۆژە یاسای تایبەت بەو پرسە تاوتوێ بکرێت و دواتر ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.

جەختی لەوەشكردەوە، “هەریەک لە سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت جەختیان لەسەر هەوڵەکانی حکومەت کردەوە بۆ ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ، بە ئاڕاستەیەک، کە لە خزمەتی زیادکردنی داهاتی گشتی بێت بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە ئەمەکاری هەرە لە پێشینەی حکومەتە.”

باسی لەوەشکرد، “هەر لەکۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر دابینکردنی نەوتی سپی بۆ دانیشتوانی هەرێم بۆ وەرزی زستان و وەزیرانی دارایی و سامانە سروشتییەکان ڕاسپێردراون لەو بارەیەوە”.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەبارەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتاش وتی، “بەپێی یاسا بڕیار لەسەر ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا دەدرێت، وەزارەتی ناوخۆ ڕێکاری ڕوونی هەیە لەو بارەیەوە”.

لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەشەوە جوتیار عادل ڕوونیكردەوە، بەردەوامن لە کارکردن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی هەرێم و لە ئایندەدا ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستانی دەکەن.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڤاكسین داوای یارمەتیی نێودەوڵەتی دەكات

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) ئیسپانیا سەرکەوت و فەرەنسا و ئەرجەنتین لە ئۆڵۆمپیاد کرانە دەرەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كەسێك بە تۆمەتی فێڵكردن دەستگیركرا

لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك و بەتۆمەتی فێڵكردن هێزەكانی پۆلیس لە سلێمانی تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای…
Total
0
Share