ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڤاكسین داوای یارمەتیی نێودەوڵەتی دەكات

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپات لە ڕێکخستنەوەی داهاتی گشتی دەكاتەوە بۆ دابینكردنی موچە، بۆ ڤاكسینیش داوای یارمەتیی نێودەوڵەتی دەكات، بڕیاریشیدا سۆران و زاخۆ بكرێنە ئیدارەی سەربەخۆ.

ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تەمموزی 2021 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن ،کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران، تیشکیان خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ڕێکخستنەوەی داهاتە ناوخۆییەکان، سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ لە پێناو ڕێکخستنەوەی داهاتی گشتی بە ئامانجی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە کاری هەرە لە پێشینەی حکومەتە.

جێگری سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە مە‌بە‌ستی سە‌رە‌كی لە ڕێكخستنە‌وە‌ی داھاتە‌كان‌ و بە‌گە‌ڕخستنە‌وە‌یان، خزمە‌تكردنی ھاووڵاتیانە و داواشی لە‌وە‌زارە‌تە‌كان كرد، ھاوكار بن بۆ ڕێكخستنە‌وە‌ و سە‌رخستنی ئە‌و پڕۆسە‌یە‌.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، ڕاپۆرتێکی دەربارەی دۆخی تەندروستی و زیادبوونی بەرچاوی کەیسەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و بەرزبوونەوەی ژمارەی مردووان بەم پەتایە و ڕێکارەکانی ڕوبەڕوبوونەوەی تەشەنەکردنی کۆرۆنای خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارە خۆپارێزیانە کردەوە کە لە دوا کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بڕیاریان لەسەر دراوە، بەجۆرێک کە هاوسەنگی نێوان بژێوی و کاری هاووڵاتیان و پاراستنی تەندروستییان ڕەچاو بکرێت.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵەکانی وەزارەتی تەندروستی و پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لە ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا و پشتگیریکردنی پڕۆژەی فریاگوزاری وەزارەتی تەندروستی و ڕێکارەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن لە دابینکردنی ڤاکسین بۆ دانیشتووانی هەرێم.

لە بڕگەی سێیەمدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری کرد هەردوو قەزای سۆران و زاخۆ، بکرێن بە ئیدارەی سەربەخۆ، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، سۆران و زاخۆ، دوو دەڤەری گەورە و بەرفراوان و گرنگن و بوونیان بە ئیدارەی سەربەخۆ، کارئاسانی زۆر بۆ هاووڵاتیانی ئەو دوو دەڤەرە دەکات.

دواتر ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ، باسی لە بنەما یاسایی و کارگێڕییەکانی بوونی هەردوو دەڤەری سۆران و زاخۆ کرد بە ئیدارەی سەربەخۆ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دروستکردنی ئیدارەی سەربەخۆ لە سۆران و زاخۆ دا و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە یەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی پێویست بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی دیاردەی هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت کرا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، ئەم دیاردەیە زۆر مەترسیدارە و پێویستە بە زووترین کات کۆتایی پێبهێنرێت و نابێت بەهیچ شێوەیەک،ڕێگەی پێ بدرێت، دەبێت هەڵگرتنی چەک و فرۆشتنی چەک، بەپێی مۆڵەت بێت و بە یاسا ڕێگە پێدراو بێت و لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە تۆمارکراوبن.

پاشان وەزیری ناوخۆ پڕۆژەیاسایەکی تایبەتی لەمبارەیەوە خستەڕوو و ئاماژەی بە کۆمەڵێک پێشنیار کرد بۆ کۆتاییهێنان بەم دیاردە ترسناکە.

لە بڕگەیەکی دیکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد دەست بە ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیان لە وەرزی زستان.

لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی دەکات لە دەرئەنجامی چوارەمین دایەلۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە ئاراستەی برەودان بە پەیوەندیی هاوبەش لەسەر بنەمای شەراکەتی ستراتیجی لە سەرجەم ئەو بوارانەی جێگەی بایەخی هەردوولان بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

بابەتی پێشتر

بۆچی پاڵەوانی جومباز لە کێبڕکێکانی ئۆڵۆمپیاد کشایەوە؟

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا قەزاكانی سۆران و زاخۆ بكرێنە ئیدارەی سەربەخۆ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share