گەورەترین گەشتی حەجی كریستیانەكان ڕوو لە عێراق دەكات

شاری ئوری شوێنەواری

شاری ئوری شوێنەواری لە زیقار ئامادەكاری دەكات بۆ پێشوازی لە گەورەترین گەشتی حەجی كریستیانەكان بۆ سەردانكردنی شوێنی لەدایكبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم و ئەنجامدانی نوێژی ئیبراهیمی، كە بڕیارە بەمنزیكانە ئەنجامبدرێت.

عامر عەبدولرەزاق، بەڕێوەبەری پشكنەرانی شوێنەوار و كەلەپوری زیقار بە ڕۆژنامەی سەباح-ی ڕاگەیاندووە، لە میانەی سەردانەكەی ئەمدواییەی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ڤاتیكان، ڕیمۆ كباڤارینی، سەرۆكی دامەزراوەی گەشتیاری و حەجی كریستیانی ڤاتیكان، لەگەڵ وەزیرە عێراقییەكە ڕێككەوتووە لەسەر ڕێكخستنی ئەم گەشتانە.

وتیشی، “ئەم گەشتە دەبێتە گەورەترین گەشتی حەجی كریستیانەكان لە مێژوودا بۆ ناوچەی ئوری شوێنەواری، كە شوێنی لەدایكبوونی ئیبراهیمی پێغەمبەرە و 13 هەزار حاجی لەخۆدەگرێت، ئامادەسازی دەبێت بۆ گەشتی مانگانەی حاجییە كریستیانەكان”.

بەڕێوەبەرەكەی شوێنەواری زیقار ئەوەشی خستەڕوو، حكومەتی خۆجێیی بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكەیان هەنگاوی گرنگیان ناوە بۆ ئامادەكردنی شاری ئور و ئامادەسازیی ئەم گەشتە و گەشتەكانی دیكە، لەڕێی دەستكردن بە پڕۆژەی پەرەپێدانی ئەو ڕێگا و شەقامانەی دەچنەوە سەر ناوچە شوێنەوارییەكانی دەوروبەر و پلاندانان بۆ دامەزراندنی ناوەندی خزمەتگوزاریی گشتی، وەك هۆڵ، مۆڵ، ئوتێل و شوێنەكانی كاتبەسەربردن.

ئاماژەی بەوەشكرد، گەشتی لەو جۆرە گرنگی گەورەی هەیە لە بوژاندنەوەی دۆخی گەشتیاریی پارێزگاكە، كە گەورەترین ناوچە شوێنەوارییەكانی جیهان لەخۆدەگرێت.

بابەتی پێشتر

هاتوچۆی سلێمانی هۆشداری بە پێشانگاكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل دەدات

بابەتی دواتر

هاوپەیمانێتییەكەی یەكێتی و گۆڕان.. یەكڕیزی، سەقامگیری و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share