هاوپەیمانێتییەكەی یەكێتی و گۆڕان.. یەكڕیزی، سەقامگیری و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز

یەكەمجارە هەردوو حزب بە لیستێكی هاوبەش بەشداریی دەكەن

ئەگەر لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا سلێمانی چەقی ململانێی سیاسی نێو هێزە سیاسییەكان بووبێت، ئەوا پاش پێكهێنانی هاوپەیمانییەك لەنێوان هەردوو هێزی یەكەم و دووەمی شارەكە، چاوەڕوان دەكرێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ململانێی هەڵبژاردن لە سلێمانی هێورتر بێت و بەشێكی گەرموگوڕییەكەی ڕابردوو بۆ شارەكانی دیكەی هەرێم بگوازرێتەوە.

هاوپەیمانێتی نێوان یەكێتی و گۆڕان بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراقە، بەشێكی گەورەی ئامانجەكەی یەكڕیزی و دەستخستنی مافەكانی كوردستانە لە بەغداد، بەڵام دەكرێت كاریگەرییەكانی بۆسەر دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش بپەڕێتەوە، لەو نێوەندەدا بەرپرسێكی یەكێتی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز بە حەتمی ناودەبات و بەرپرسێكی گۆڕانیش دەڵێت، هەوڵمانداوە ئەم هاوپەیمانێتییە سەقامگیری بگێڕێتەوە.

پاش تۆماركردنی هاوپەیمانیی كوردستان لە نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، هەردوولا بە ئامادەبوونی هاوسەرۆكان و ڕێكخەری گشتی لە 20ی حوزەیرانی ڕابردوو ناوەرۆكی ڕێككەوتنەكەیان واژووكرد.

هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بۆ یەكەمجارە تیایدا هەردوو حزب بە لیستێكی هاوبەش بەشداریی تێدادەكەن، لەكاتێكدا پێشتر و لەو كاتەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009وە دامەزراوە، زۆرترین ململانێی سیاسییان لە هەڵبژاردنەكاندا بەرامبەر یەكتر كردووە.

لە دەستپێكی ناوەرۆكی ڕێككەوتنەكەی نێوان هەردوو حزبدا هاتووە، “لەهەر شوێنێک کورد یەکڕیز و یەکگرتوو بێت، سەرکەوتنی زامن کردووە و ڕەزامەندی گەلیشی بەدەستهێناوە”، ئەمەش بە ئامانجی سەرەكی لە پێكهێنانی هاوپەیمانییەكە ناوبراوە.

ڕزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە ڕابردوودا نزیكبوونەوە هەبووە لەنێوان ئەم دوو هێزە كاریگەرەی گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان، بەڵام بەهۆی هاتنەپێشەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران، وا بەپێویست زانرا هەردوو هێزەكە بەیەكەوە لەم هەڵبژاردنەدا هاوپەیمانێتییەك پێكبهێنن.

وتیشی، “هاوپەیمانی كوردستان لەزۆر ڕووەوە خاڵی ئەرێنی زۆر باشی تیادایە، یەكێك لەوانە یەكڕیزی و تەبایی هێزە سیاسییەكانی كوردستان بەمەبەستی جێبەجێكردنی داخوازی ڕەوای خەڵك”.

بە وتەی ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، دروستكردنی هاوپەیمانییەكە ئارامی بۆ سلێمانی دەگەرێنێتەوە و ململانێی سیاسی و هەوڵی بەدەستهێنانی كورسی بۆ شارەكانی دیكە دەگوازێتەوە، وتی، “كاتێك دوو هێزی سیاسی هاوپەیمانی دەكەن، ئەوە دەگەیەنێت كە داخوازی و بەرنامەی سیاسی و كارنامەی سیاسییان یەكدەخەن بەمەبەستی خزمەتكردنی زیاتر، هەروەها كەشێكی ئارام دەبەخشێت بەو سنوورانەی ئەو دوو هێزە هاوپەیمانیی تێدا ئەنجامدەدەن، بەتایبەت بەم هاوپەیمانێتیە، واتە یەكخستنی بەرنامە و پلانەكان یەكخستنی هێزی كارا، هەڤاڵان و هەڵسوڕاوان، مەڵبەند و مەكۆكان ئەوەش خۆی لەخۆیدا كەشێكی ئارام دەبەخشێت بە سلێمانی”.

ئەوەشی خستەڕوو، “بەهۆی ئەو یاسا نوێیەی لەم هەڵبژاردنەدا پەیڕەو دەكرێت، یەكخستنی ئەو دوو هێزە لە هاوپەیمانییەكدا چانسی بەدەستهێنانی زیاتری دەنگ و كورسی دەبەخشێتە هەردوو هێزەكە، چونكە دەنگەكانیان لە سەرجەم بازنەكان كۆدەكاتەوە، كە ئەو دوو هێزە بەیەكەوەن، لەمەودوا هاوسەنگی دەگۆڕدرێت”.

هەر لەوبارەیەوە یاسین حەمەعەلی، سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “نزیكیی دونیابینی و دید و بۆچوونمان لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ناوەند، شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتی ناوەند، هەوێنی پێكهێنانی ئەم هاوپەیمانییە بووە”.

وتیشی، “هەردوولامان كۆكین لەسەر ئەوەی هاوڵاتییانی ئەم هەرێمە بێزاربوون، كە ئیتر ئەوەندە بە ململانێی سیاسی و كۆمەڵێك قەیرانەوە هیلاك بكرێن”.

دەربارەی گۆڕینی چەقی ململانێكانیش، یاسین حەمەعەلی ئەوەی خستەڕوو، “لەگەڵ ئەوەی لە هەوڵی بردنەوەی زۆرترین كورسیداین، هەمیشەش خوازیاری ئەوەبووین ململانێیەكی شەریفانە بەڕێوەبچێت و دووربێت لە توندوتیژی و ئاڵۆزی”، دوپاتیشیكردەوە، “هەوڵمانداوە ئەم هاوپەیمانێتییە سەقامگیرییەكی باش بگێڕێتەوە بۆ ناوچەكە و بۆ هەرێمی كوردستان و ئاشتەواییەك بێت لەنێوان سەرجەم لایەنەكان”.

لە ماددەی پێنجەمی دەقی ڕێككەوتنی هاوپەیمانی كوردستاندا ئامانجەكان لە چەند خاڵێكدا كۆكراونەتەوە، كە دیارترینیان، “هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای شەراکەت و تەوافوق و تەوازن” و “بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بە ئاراستەی بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان”.

ڕزگار حاجی حەمە وتی، “ئەم هاوپەیمانییە و ئەو لێكتێگەیشتنانەش كە كراون، دەبنە چەترێكی كۆكەرەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان، ئومێدەوارین لایەنەكانی تریش هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی هەموومان پێكەوە یەكڕیز و تەبابین”.

هاوكات یاسین حەمەعەلی ئەوەی وت، “ئامانجەكە ئەوەیە دوای دەرچوونی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، كۆدەنگییەك دروستبكەین بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و بەشداریمان لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین، بتوانین بەو یەكهەڵوێستییە سەرجەم ئەو كێشە هەڵپەسێردراوانەی لەنێوان هەرێم و بەغداد تائێستا ماوەتەوە و هەندێكی بە بنبەست گەیشتووە، چارەبكەین”.

بابەتی پێشتر

گەورەترین گەشتی حەجی كریستیانەكان ڕوو لە عێراق دەكات

بابەتی دواتر

وەزیری تەندروستی: دۆخی كۆرۆنا لە هەرێم بەرەو ڕەنگی پرتەقاڵی دەڕوات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

حكومەت بە بازرگانانی قەرزدار ناوێرێت.. وا بڕوات وەرگرتنەوەی قەرز لە سەرمایەداران 100 ساڵی دەوێت

سەرمایەدار و بازرگانانی هەرێمی كوردستان نزیكەی 905 ملیار دینار قەرزاری حكومەتن، كە پێشتر و لەچوارچێوەی “قەرزی ئاسانكاری”دا وەریانگرتووە،…
Total
0
Share