عێراق پێشبینی بەزوویی كۆتاییهاتنی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون دەكات

وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت، عێراق بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەر ژمارەی تووشبووان بە تای خوێنبەربوونی كەمترە، پێشبینی كۆتاییهاتنی تۆماركردنی تووشبووانیش لە ڕۆژانی كەمی داهاتوودا دەكات.

حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ڕایگەیاند، تای خوێنبەربوون نەخۆشییەكە لە پەنجاكانی سەدەی ڕابردووەوە لە عێراقدا بوونی هەیە.

وتیشی، “ژمارەی تووشبووانی ئێستا لە عێراق كەمترە لە وڵاتانی دراوسێ”.

بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەكە وەزارەتی كشتوكاڵ زنجیرەیەك ڕێوشوێنی پەیوەندیدار بە گیاندارانی گرتووەتەبەر، لەوانە هەڵمەتی كوتان و پاكژكردنەوە، بەهەمان شێوە هەڵمەتی لەناوبردنی مێرووی “گەنە” كە بە هۆكاری گوازەرەوەی نەخۆشییەكە دادەنرێت، وەك ئەوەی نایف ئاماژەی پێدا.

ئەوەشی وت، “تووشبوون لەڕۆژانی كەمی داهاتوودا بەتەواوەتی كۆتایی دێت”.

وتەبێژەكەی كشتوكاڵ داواشی لە هاوڵاتییان كرد بەشێوەی ئاسایی گۆشتی سوور بكڕن، بەڵام پابەندی ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی بن لەوانەش شۆردنەوەی گۆشتەكە بەشێوەیەكی باش، بەكارهێنانی دەستكێش لەكاتی دەستلێدانی، پاككردنەوەی دەستەكان و نەكڕینی گۆشت لە شوێنە نەزانراو و ڕێگەپێنەدراوەكان.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆشدا دكتۆر ڕەهیڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هەموو جۆرە ڤایرۆسێك مەترسیدارە و تای خوێنبەربوون لەڕێگای هەوا و هەناسەوە ناگوازرێتەوە، بەڵكو لەڕێگای بەركەوتن و مامەڵەكردن لەگەڵ كەسانی تووشبوو دەگوازرێتەوە ئەو كەسەی كە لە كەركوك تووشی تای خوێنبەربوون بوو گۆشتفرۆش بووە، بۆیە پێویستە هاوڵاتییان خۆیان بپارێزن لەكاتی مامەڵەكردن و بەكارهێنانی گۆشتی ئاژەڵدا.

وتیشی، بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە قەدەغەی هاتوچۆ و كەرەنتینە ڕاناگەیەندرێتەوە هاوشێوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە باس لەو ڕێوشوێنانە دەكرێت هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لەڕاستییەوە لە ئێستادا یەك كەیس لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە، بەڵام پێویستە هاوڵاتییان خۆیان بپارێزن بەتایبەت كە ئێستا لە عێراق زیاتر لە 50 كەس تووشبوون.

بابەتی پێشتر

هەولێر.. لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی پێنج كەس كوژران

بابەتی دواتر

پۆلیسی هەولێر لەبارەی شەڕەكەی خەبات ڕوونكردنەوە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share