كۆبوونەوەكەی پەرلەمان.. 18 كاتژمێر قسە و دواجار لێبڕین وەك خۆی ماوەتەوە

پەرلەمانی كوردستان، دوای زیاتر لە 18 كاتژمێر گفتوگۆكردن بەئامادەبوونی بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، هیچ بڕیارێكی لەبارەی لێبڕینی موچە نەدا، بەنیازە لیژنەكانی دارایی و سامانە سروشتییەكان ڕاسپاردەیەك لەوبارەیەوە ئامادەبكەن و هەفتەی داهاتوو بڕیارێك بدرێت.

لە دانیشتنەكەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستان، پرسی هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی موچە داواكاریی زۆربەی پەرلەمانتاران بوو، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان ئەو پرسەی نەخستە دەنگدانەوە، دوای دەیان كاتژمێر گفتوگۆ، بەدەنگی 65 پەرلەمانتار دانیشتنەكەی بۆ هەفتەی داهاتوو هەڵگرت.

هاوڕێ مەلا ستار، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لەلایەن لیژنەكانی دارایی و سامانە سروشتییەكانەوە ڕاسپاردەیەك ئامادەبكرێت، بۆ ئەوەی پەرلەمان بڕیار لەبارەی لابردنی لێبڕینی موچە بدات”.

وتیشی، ماوەی هەفتەیەك دیاریكراوە بۆ ئامادەكردنی ئەو ڕاسپاردەیە لەلایەن ئەو لیژنانەوە، تا هەفتەی داهاتوو پەرلەمان لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیارێك لەبارەی لێبڕینەوە بدات.

هەرچەندە دانیشتنەکە گفتوگۆ و مشتومڕی گەرم و توندی لەبارەی لێبڕینی موچە و پرسی نەوت و سامانی سروشتییەوە بەخۆوە بینی، بەڵام بەشێك لە پەرلەمانتاران پێیانوایە وەڵامەكانی تیمی حكومەت بڕواپێهێنەر نەبووە.

ئاشنا عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “كۆدەنگییەكی باش لەنێو فراكسیۆنەكان هەبوو تا لە دانیشتنەكەی پەرلەماندا دەنگ بە هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی موچە بدرێت، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی ئەوەی نەكرد”.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، “لەدوای ئەم كۆبوونەوەیە، خەڵك هەرچیمان پێ بڵێت، حەقی خۆیەتی.”

ئەو پەرلەمانتارە پێشیوایە، “وەڵامی تیمی حكومەت لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی موچە و پرسی نەوت بڕواپێهێنەر نەبوون”.

لە دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستاندا پێشنیازی درێژكردنه‌وه‌ی ئەم خولەی په‌رله‌مان بۆ ماوه‌ی 30 ڕۆژ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه ‌و به‌ده‌نگی 65 ئه‌ندامی په‌رله‌مان په‌سەندكرا.

هه‌روه‌ها پەرلەمانتاران جگە لە پرسی لێبڕینی موچە، داواشیانكرد، سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان دابمه‌زرێنرێن و فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ستیش بكرێن به‌هه‌میشه‌یی، شایسته‌ داراییه‌كانی مامۆستایانی وانه‌بێژیش خه‌رجبكرێن.

بابەتی پێشتر

تابلۆیەکی 116 ساڵەی دزراوی پیکاسۆ دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

کریستیانۆ و سێ هەنگاو.. لەنێوان ئالێگری و شێخی قەتەر بژاردەیەک

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share