سیاسەتی ئێران بەرامبەر عێراق لەسایەی دەسەڵاتی ڕەئیسی دەگۆڕێت؟

ئیبراهیم ڕەئیسی

دوای ئەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی بووە سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئێران، پەیوەندییەكانی تاران لەگەڵ عێراق ئەگەری گۆڕانكاری تیادا هەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی باڵی ڕادیكاڵ كۆنتڕۆڵی دەسەڵاتیان لە وڵاتەكەدا كردووە.

لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003ەوە ئێران كاریگەرییەكی گەورەی لە عێراقدا هەیە، قەڵەمڕەوی ئێران هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی گروپەكانی حەشدی شەعبی زیاتربوو كە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی داعش پێكهێنرا، لەكاتێكدا زۆرینەی گروپەكانی حەشد پشتیوانی تارانن.

بەڵام ئەو ناڕەزایەتییە میلییانەی لە عێراق و بەتایبەتیش لە ناوچە شیعەنشینەكان لە تشرینی یەكەمی 2019دا سەریهەڵدا، بۆ ڕەتكردنەوەی گەندەڵی و خراپی خزمەتگوزارییەكان و بڵاوبوونەوەی بێكاری لە وڵاتی دەوڵەمەند بە نەوت و سەرچاوەكانی دیكەدا، بووە ئالنگارییەكی مەترسیدار بەرامبەر ئێران و هاوبەشەكانی لە عێراق.

ڕاپۆرتێك كە لەلایەن سایتی Al-Monitorی ئەمریكی بڵاوكراوەتەوە، باس لەو گۆڕانكارییە پێشبینیكراوانەی سیاسەتی تاران لە عێراقدا دەكات، هاوكات لەگەڵ گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ڕەئیسی-یەوە لە سەرەتای ئابی داهاتووەوە، هەروەها ئایا ئەو گۆڕانكارییانە لە بەرژەوەندی بەغداد دایە یان لە دژیەتی؟

ئاستەنگەكانی ئێران لە عێراق
بەپێی ڕاپۆرتە ئەمریكییەكە ئەو ئاستەنگانەی ڕوبەڕووی بەرپرسانی ئێرانی لە عێراق بووەتەوە لەدوای كوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس، دروستبوونی بۆشایی و بێسەروبەرییە لەنێو ڕیزەكانی سەربازگەی پشتیوانكراوی ئێران لە عێراق.

كوشتنی سولەیمانی و لەگەڵیشیدا ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی بووە هۆی بێسەروبەری لە ڕیزی ئەو میلیشیانەدا، ئەمەش ترس و تۆقینی لەنێو عێراقییەكاندا دروستكردووە، بەپێی ڕاپۆرتێك كە گۆڤاری Foreign Policyی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە.

خۆپیشاندانەكانی وڵات بووە هۆی دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت، لەوەتەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی ئێستاش بەرپرسیارێتییەكەی وەرگرتووە سووربوونی لەسەر كۆنتڕۆڵكردنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و جێبەجێكردنی یاسا دەربڕیووە، بەمەش قەبارەی ئەو ئالنگارییە دەركەوت كە ئەو گروپانە دروستیدەكەن، نەك تەنها بۆسەر دەسەڵاتی كازمی، بەڵكو بۆ خودی ئێرانیش.

ڕوبەڕوبوونەوەكەی نێوان مستەفا كازمی و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەئاشكرا دەركەوت و، گەیشتە ئاستی هەڕەشەی “گوێچكە بڕین” لەلایەن بەرپرسێكی حەشدەوە بەرامبەر سەرۆك وەزیران، بەبێ ئەوەی سەرۆك وەزیران پاشەكشە بكات، كە وادەردەكەوێت سوورە لەسەر ئازادكردنی عێراق لە چنگی ئێران و بونیادنانی پەیوەندییەكی زیاتر سەقامگیر و دورخستنەوەی بەغداد لە بەكارهێنانی وەك گۆڕەپانێك بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێی نێوان لایەنە ناكۆكەكان.

سەبارەت بە ئێران-یش، لەگەڵ شكستهێنانی ترەمپ و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی كۆشكی سپی لەلایەن جۆ بایدن-ەوە و، دووبارە قسەكردنەوە لە سەرلەنوێ زیندوكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی، تاران ڕێنمایی دایە گروپەكان بۆ وەستاندنی بە ئامانجگرتنی بنكە و هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، بەڵام هەندێك لەو گروپانە بە تەواوی پابەندی ئەو ڕێنماییانە نەبوون، وەك ئەوەی ڕاپۆرتە میدیاییەكان ئاماژەی پێدەدەن.

كاریگەری ڕەئیسی چۆن دەبێت؟
ئەو بێسەروبەری و بۆشاییەی بەهۆی كوشتنی سولەیمانی و موهەندیس دروستبوو و بەهۆیەوە هەندێك لە گروپە سەربازییەكانی نزیك لە ئێران هەندێكجار ڕێوشوێنی بێ هەماهەنگییان لەگەڵ ئێران ئەنجامدا، تەنها هۆكار و سەرچاوە نەبووە.

بەڵكو ناكرێت نكۆڵی لە ڕاستی ئەو ململانێیە بكرێت كە لەنێوان دامەزراوە ئێرانییە جۆراوجۆرەكاندا هەیە، بەتایبەت دەزگای هەواڵگری و پاسەوانی شۆڕشی ئیسلامی، كە ناكرێت ڕۆڵیان لە دروستكردنی ئەو بێسەروبەرییەدا نادیدە بگیرێت، بەپێی ڕاپۆرتەكەی ئەلمۆنیتەر.

لەم چوارچێوەیەدا، ئیبراهیم ڕەئیسی وەك سەرۆكی نوێی كۆماری ئیسلامی ئێران هەڵبژێردرا، ئەو كەسایەتییەكی ئاینی دیارە لە سیاسەتی ئێراندا و، سەرەڕای ئەوەی بەشێكە لە سەربازگەی ڕادیكاڵەكانی وڵاتەكەی، بەڵام هیچكات دژ هیچ سەركردەیەكی ڕیفۆڕمخواز نەبووە.

بەدرێژایی كاروانە سیاسییەكەی، ڕەئیسی پارێزگاری لە پەیوەندییە هاوسەنگەكەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەردوو سەربازگەی ڕادیكاڵ و ڕیفۆڕمخواز لە ئێران كردووە. سەرۆك ڕێزی تایبەتی لەڕیزی سوپای پاسداران لێدەگیرێت، پەیوەندی باسی لەگەڵ ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و محەمەد باقر قالیباف-ی سەرۆكی ئەنجومەنی شورا هەیە.

بەهۆیەوە پێشبینی دەكرێت سیاسەتی ئێران بەرامبەر عێراق لە سەردەمی ڕەئیسی زیاتر سەقامگیر و ڕێكخراو بێت، بەتایبەت بەهۆی پەیوەندییە پتەوەكەی بە دامەزراوە جیاوازە بەرپرسەكانی پەیوەندیدار بە دۆسیەی عێراق.

بۆیە چاوەڕوانكراوە ڕەئیسی ببێتە خاڵی هاوسەنگی لەنێو دامەزراوە جیاوازەكانی ئێران. پەیوەندییە كەسییە بەهێزەكەشی لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕابەری باڵا و قائانی و قالیباف، مانای وایە پێشبینی ڕاستكردنەوەی سیاسەتی ئێران لە عێراق ئەگەری هەیە.

حكومەتەكەی كازمی چی دەوێت؟
ئێران هەست بەوە دەكات كە پێگەكەی لە عێراق دوای كوژرانی سولەیمانی ڕوبەڕووی بەربەست دەبێتەوە، لەسایەی جێگریی حكومەتی عێراق و دامەزراوەكانیشی، پێشبینی دەكرێت ئێران پەیوەندییەكی نوێ لەگەڵ حكومەتی بەغداد گرێبدات، هاوكات لەگەڵ وازنەهێنانی لە قەڵەمڕەوییەكەی لەنێو یەكەكانی حەشدی شەعبی كە چاوی پشتیوانییان ڕوو لە ئێرانە.

ڕەئیسی، ڕۆژی چوارشەممە 23ی حوزەیران وتی، وتووێژ لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان ناكات دەربارەی پشتیوانیی تاران بۆ گروپە هەرێمایەتییەكان، كە مەبەست لەو گروپانەیە ئێران لە عێراق پشتیوانیی دەكات، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە ئەوەی بەشێوەی ئاشكرا ڕادەگەیەنرێت هەڵوێستی كردەیی تاران بێت لەسەر مێزی گفتوگۆكان.

تائێستا، وا دەردەكەوێت ئەو سیاسەتەی كازمی پەیڕەوی دەكات بەرهەمدار بێت، پەیوەندییە هاوسەنگەكەی عێراق لەگەڵ لایەنە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان هاوكاربووە لە دورخستنەوەی ململانێكان لەسەر خاكەكەی و، گۆڕینی خاكی عێراق بۆ نێودەنگیر و خاڵی بەیەكگەیشتنی لاینە ناكۆكەكان.

لەماوەی ڕابردوودا عێراق میوانداری چەندین كۆبوونەوەی لەنێو وڵاتانی ناوچەكەدا كرد، لەوانەش گفتوگۆ نهێنییەكانی نێوان سعودییە و ئێران، عێراق لەو نێوەندەدا هەوڵیدا هاوشێوەی پرد بێت نەك گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكان. پێشبینیش دەكرێت وتووێژەكانی ئێستای نێوان ئێران و ئەمریكا سەبارەت بە ڕێككەوتنی ئەتۆمی لە بەرژەوەندی عێراق بێت، هەروەك پەیوەندییە هاوسەنگەكە لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان لە عێراق ئەگەری هەیە ببێتە هۆی پەیوەندییەكی زیاتر سەقامگیر لەگەڵ ئێرانیشدا.

هیچ هۆكارێك لەئارادانییە بەوەی وتووێژەكانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكان و سعودییە و، ژمارەیەك وڵاتی دیكە، لە سەردەمی سەرۆكایەتییەكەی ڕەئیسی-دا بەردەوام نەبێت، چونكە بڕیار لەسەر ئەو وتووێژانە و سەرپەرشتیكردنی لەلایەن خامەنەیی، بەرزترین دەسەڵاتی ئێرانەوەیە.

شانە نوستووەكانی داعش كارێكی لەپێشینەی دیكەی هەردوو وڵاتن، هەر هەرەسهێنانێك لەم لایەنەوە لە عێراقدا كاریگەری لەسەر ئێرانیش دەبێت. سەبارەت بە پەیوەندییە ئابورییەكانیش سەرەڕای سزاكانی ئەمریكا هێشتا بەردەوامن، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە هاوردەی عێراقەوە هەیە لە غاز و كارەبا لە ئێرانەوە، ئەمەش پرسێكی گرنگە بۆ هەردوو وڵات.

لەم دۆخەدا، عێراق كاری پێشینەی خۆی دەداتە ڕۆڵەكەی وەك بەرەیەك بۆ بونیادنانی پرد لە ناوچەكەدا و دووركەوتنەوە لە ململانێكانی ناوچەكە.

س: عەرەبی پۆست

بابەتی پێشتر

موچەی ئەم مانگەش بە لێبڕینی 21%ــەوە دابەشدەكرێت

بابەتی دواتر

لە سبەینێوە دەست بە دابەشكردنی موچە دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سودانی سەردانی ئەڵمانیا دەكات

سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتیی شاندێكی حكومی بەرەو ئەڵمانیا بەڕێكەوت. نوسینگەی سەرۆك وەزیران رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك…
Total
0
Share