خولی سوپەر کۆتاییهاتووە؟ لاپۆرتا پاریس و یوێفای تەزاند

سەرۆکی یانەی بەرشلۆنە، خوان لاپۆرتا دووپاتیدەکاتەوە، پڕۆژەی خولی سوپەری ئەوروپی هێشتا زیندووە و کۆتایینەهاتووە.

خوان لاپۆرتا لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی لاڤانگواردیا دووپاتیدەکاتەوە، پڕۆژەی خولی سوپەری ئەوروپی زیندووە و پەیوەندیشیان لەگەڵ سەرجەم یانە بەشدارەکاندا ماوە.

سەرۆکە مێژووییەکەی بارسا دەڵێت، “خولی سوپەر زیندووە، هەرکاتێک لە دادگای باڵاوە گڵۆپی سەوزمان بۆ داگیرسێنرا، بەهێزترین و سەرنجڕاکێشترین پاڵەوانێتی وەرزشی ڕێکدەخەین، هەمووانیش حەزدەکەم پەیوەندیمان پێوەبکەن، ئێمە بەهیچ شێوەیەک داواکاری لێبوردنمان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا نەکردووە و لە داهاتووشدا نایکەین، چونکە خۆمان بەرپرسی داهاتووی خۆمانین”.

هەروەها دەڵێت، “یوێفا تەنها هەڕەشەی ئاڕاستەی ئێمە دەکرد لە کاتێکدا ئێمە داوای دانوستاندنی بونیادنەرانەمان دەکرد، ڕۆژێک دێت دەبێت لەگەڵ یوێفا و فیفا لەسەر مێزی گفتوگۆکردن دابنیشین و گفتوگۆیەکی بونیادنەر ئەنجامبدەین، لە کۆتاییدا دەرکەوت ئێمە لەسەر حەقین و نەیانتوانی سزامان بدەن، هەر خۆیان سزاکانیان هەڵوەشاندەوە”.

لاپۆرتا هێرشی توندیش دەکاتەسەر ئەو یانانەی لەلایەن حکومەتی وڵاتانی کەنداوی عەرەبییەوە بەڕێوەدەبرێن و دەڵێت، “یانەکانی خولی ئینگلتەرا لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە هەڕەشەیان لەسەربوو، تەنانەت هەڕەشەی دوورخستنەوەیان لە چامپیۆنزلیگ لێدەکرا، بەڵام بە دڵنیاییەوە تاوەکو ئێستا پەیوەندیمان لەگەڵیاندا هەیە و لەنێو پڕۆژەکەدان، یونایتد و لیڤەرپوڵ دامەزرێنەری ڕاستەقینەی بیرۆکەکە بوون، ئەوە چ ڕێکەوتێکە، یەکێک لەو یانانەی لەلایەن وڵاتێکەوە بەڕێوەدەبرێت ئامادەنەبوو بەشداری سوپەرلیگ بکات، چ ڕێکەوتێکە ئەو یانەیە دوو هێندەی یانەکانی دیکە موچە پێشکەشی یاریزانانمان دەکات، ئێمە بە یاسا پارێزراوین و یوێفا ناتوانێت هیچمان بەرامبەر بکات”.

بابەتی پێشتر

یونایتد بۆ دۆرتمۆند: 75 ملیۆن ببە و دەستبەرداریبە

بابەتی دواتر

پەیڕەوی پێدانی مۆڵەتی خوێندن لە هەرێم بڵاوكرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share