وەزارەتی دارایی لەبارەی کێشەی نەخۆشخانەی هیواوە: کڕینی دەرمان چارەسەرکرا

وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، “لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندی هەرێم – لقی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی ڕێكەوتوون، پارەی كڕینی دەرمان چارەسەر بكەن و بە پێی سیولە پارەیان بۆ خەرج بكرێت وەكو ساڵانی پێشوو”.

وەزارەتی دارایی لەبارەی کێشەکانی نەخۆشخانەی هیواوە لە سلێمانی چەند ڕوونکردنەوەیەکی خستووەتەڕوو، کە ئەمانەن:

1- كێشەی سندوقی شێرپەنجە بە دوور و نزیك پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە نییە و حساباتیان تایبەتە و خۆیان بە بێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری، پارەی لێ خەرج دەكەن.

2- ڕێژەی 2% پەیوەندی بە سندوقی شێرپەنجەی خەرجییەكانەوە نییە و ڕێنماییەكی كۆنە و پەیوەندی بە خەرجكردنی شایستەی دارایی دەرمانەوە هەیە.

3- وەزارەتی دارایی و ئابوری لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندی هەرێم – لقی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی ڕێكەوتوون، پارەی كڕینی دەرمان چارەسەر بكەن و بە پێی سیولە پارەیان بۆ خەرج بكرێت وەكو ساڵانی پێشوو.

4- كێشەی سندوقی شێرپەنجە و كێ سەرپەرشتیاری بووە، كێشەیەكی سیاسییە و وەزارەتی دارایی و ئابوری لێی بەرپرسیار نییە.

5- لە رۆژی 15/6/2021 كێشەی (بدل عیادات) و (میلاكات) بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران چارەسەركراوە، بە بێ ئەوەی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە داراییەوە هەبووبێت.

6- كێشەی پێدانی ڕەزامەندیی داواكاریی نەخۆشخانەی هیوا بۆ وەرگرتنی 500 ملیۆن دیناری مانگانە، لە ڕێگەی وەزارەتی تەندروستیەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزكراوەتەوە، ئەوەش دوور و نزیك پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە نییە.

7- وەزارەتی دارایی و ئابوری هەروەكو پیشەی خۆی بەردەوام دەبێت لەسەر هاوكاری و چارەسەركردنی كێشەكانی تەندروستی لە هەموو هەرێمی كوردستان.

بابەتی پێشتر

گەریلایەکی خەڵکی ئیستانبول لە نزیک بانە گیانیسپارد

بابەتی دواتر

فەرمانی دەستگیركردن بۆ سێ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەرچوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share