لە پێشیانەوە دۆخی ئابورییە.. 5 ئاڵنگاری لەبەردەم ئیبراهیم ڕەئیسیدا هەن

دیارترین ئەو ئاڵنگارییانەی لە بەردەم سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئێراندان چین؟

ئیبراهیم ڕەئیسی، كە براوەی سیانزەیەمین هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی وڵاتەكەیە و دەبێتە سەرۆكی نوێی ئێران، لە بەردەم ژمارەیەك ئاستەنگ و ئاڵنگاریدایە، لە دۆخی ئابورییەوە تا پەیوەندییە دەرەكییەكان و گرفتە تەندروستییەكان.

ئاژانسی (فرانس پرێس) لە ڕاپۆرتێكیدا دیارترین ئەو ئاڵنگارییانەی دیاریكردووە، كە لە بەردەم سەرۆكی داهاتووی ئێراندایە.

دۆخی ئابوری
ڕەوشی ئابوری لە پێشینەی خشتەی كارەكانی سەرۆك كۆماری نوێیە، بەهۆی ئەوەی ئێران لە ساڵی 2018وە ڕوبەڕووی دۆخێكی دژواری ئابوری بووەتەوە، پاش كشانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی و سەرلەنوێ گەڕاندنەوەی سزا ئابورییە قورسەكان بەسەر تاراندا.

دۆخە ئابورییەكە پاش بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا زیاتر ڕووی لە خراپی كرد، لەكاتێكدا ئێران یەكێكە لە زەرەرمەندترین وڵاتانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی پەتاكەوە.

بەرپرسانی ئێران چاوەڕوانن گفتوگۆكانی ڤیەننا و نوێكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی بە بەشداری واشنتن ببێتە هۆی هەڵگرتنی سزاكان و بەهۆیەوە سەنگی ئابوریی وڵاتەكەیان هاوسەنگ بكاتەوە.

تیری كۆڤیل توێژەر لە پەیمانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ستراتیژییەكان دەڵێت، “لەكاتێكدا ئەگەر سزاكان هەڵگیران، ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر سەقامگیریی كۆی دۆخی ئابوری، لەگەڵ زیادبوونی گەشە و پاشەكشەی ئاستی هەڵاوسان”.

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان
تەنانەت لە حاڵەتی گەیشتنە ڕێككەوتن دەربارەی دۆسیەی ئەتۆمی لەسایەی ئەو پێشكەوتنەی لە گفتوگۆكانی ڤیەننا هاتوونەتە ئاراوە، كلیمان تیرم توێژەری فەڕەنسی و تایبەتمەند لە كاروباری ئێران لە پەیمانگەی زانكۆی ئەوروپی لە فلۆرەنسا پێیوایە، پێشهاتێكی لەو شێوەیەش “نابێتە هۆی گەڕانەوەی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ بازاڕەكانی ئێران لە ماوەی نزیكدا”.

وتیشی، “مەرجێك، كە هیچ جێگرەوەیەكی نییە بۆ ڕوودانی ئەو پێشهاتە، ئاساییكردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی نێوان تاران و واشنتنە”، بەڵام كارێكی لەو جۆرە بەدووردەزانرێت لەسایەی زۆریی ناكۆكی و نەبوونی متمانە لەنێوان هەردوو وڵات، بەتایبەت كە ئێران، ئەمریكا بە “شەیتانی گەورە” ناودەبات.

تێرم پێوایە پێویستە سەرۆكی نوێی ئێران ئاراستەیەكی نوێ بگرێتەبەر لەپێناو زامنكردنی باشكردنی دۆخی ئابوری و خراپیی گوزەرانی خەڵك، لەڕێی ئیدارەدانی ناكۆكییەكان لەگەڵ ئیدارەی جۆ بایدن”.

پێشتر ئیبراهیم ڕەئیسی ویستی خۆی نیشاندابوو بۆ ئەوەی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بكاتە كاری لەپێشینە، پێشبینیش دەكرێت خراپی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا درێژەی هەبێت، بەڵام كار لەسەر باشكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی نزیك بكات، كە دیارترینیان سعودیەیە، بەپێی هەڵسەنگاندنی هەندێك لە شیكاران، وەك ئەوەی فرانس پرێس ئاماژەی پێداوە.

دەربازبوون لە دۆخی تەندروستی
ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زەرەرمەندترینی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، تائێستا نەیتوانیەوە بە خێرایی ویستراو لە هەڵمەتی كوتانی نیشتیمانی دژ بە ڤایرۆسەكەدا هەنگاو بنێت.

حكومەتی نوێ دەتوانێت پرۆسەكە خێرا بكات ئەگەر تاران سوككردنی سزاكان لەم بوارەدا بەدەستبهێنێت، یان سەركەوتووبێت لە هەندێك پڕۆژەی ڤاكسینی دروستكراوی ناوخۆ و سەركەوتنی تاقیكردنەوەكان و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی فەرمی لەسەر بەكارهێنانی.

گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵك
ئەحمەد زەید ئابادی ڕۆژنامەنووسی چاكسازیخواز پێیوایە “گرفتی متمانە لەنێوان خەڵك و دەسەڵات قوڵ و گەورەیە”.

لە ئاماژەكانی ئەو بێمتمانەییەش، ڕێژەی پێوانەیی بەشدارینەكردنە (57%) لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ساڵی 2020دا.

چەند وێستگەیەكی دیكە لە چەند ساڵی ڕابردوو ئەو بۆشاییەی نێوان خەڵك و دەسەڵاتی زیاتر كردووە، وەك ڕووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە “بەهەڵە” و گیانلەدەستدانی 178 سەرنشین لە كانونی دووەمی 2020دا، هەروەها مامەڵەی توند و خستنەوەی قوربانی لە خۆپیشاندانەكانی زستانی 2017-2018 و تشرینی دووەمی 2019.

زەید ئابادی پێوایە، پێویستە “حكومەتی داهاتوو هەندێك ڕێوشوێنی بەپەلە بگرێتەبەر لەپێناو گەڕاندنەوەی متمانە”، لەوانەش “هەڵگرتنی سانسۆر لەسەر هەندێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەك تێلیگرام و تویتەر و سنووردانان بۆ ڕێوشوێنە توندەكان دەربارەی باڵاپۆشی”.

ژینگە.. پرسە لەبیركراوەكە
تیری كۆڤیل پێیوایە “گرفتی ژینگە لە ئێران بووەتە ڕاستییەكی تەواو” بەڵام وا دەردەكەوێت حكومەت تائێستا ناتوانێت پلانێكی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵیدا دابنێت.

لای خۆیەوە زەید ئابادی دەڵێت، “سەرچاوە داراییەكان بەكاربران” سەرەڕای “لەناوبردنی سەرچاوە سروشتییەكان” بە فشاری هەندێك لە چالاكییە ئابورییەكان، ڕونیشیدەكاتەوە “بەتەنها دوای دووجار باران بارین، بەرپرسان گرفتەكە لەبیردەكەن”.

تیرم-یش پێیوایە، “پرسیارە ژینگەییەكان گرنگیی گەورەی خۆیان هەیە”، بەڵام “سەرچاوەكانی كێشەكە دەسەڵاتەكانی سەرۆك تێدەپەڕێنن” و پەیوەندییان بە “بەرژەوەندیی ئابوریی كۆمپانیا” نیمچە فەرمی و ناپەیوەندیدارەكان بە حكومەتەوە هەیە.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانتارێکی هەدەپە: مەحاڵە هەواڵگری ئاگاداری هێرشەكەی سەر بارەگای هەدەپە لە ئیزمیر نەبێت

بابەتی دواتر

قەڵادزێ.. دوو شوانکار بەهۆی وەرگەڕانی ماتۆڕسکیلەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share