قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسیلە ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدادەوە کرد و وتی، هیوادارین ئەمە هەنگاوێکی باش و لاپەڕەیەکی نوێ بێت لە پەیوەندییەکانی نێوانمان.
لەمیانی بەشداریکردنی لە پێشانگای (HITEX) لە هەولێر قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، “دەمەوێت بە هەواڵێکی خۆش دەستپێبکەم، کە دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندییان لەسەر ناردنی بودجەی هەرێمی کوردستاندا و ئەمەش جێگای دەستخۆشییە بۆ حکومەتی فیدراڵ.
جێگری سەرۆکی حکومەت وتی، ناردنی پشکی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە هەنگاوێکی گرنگە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو تەحەدییانەی ڕوبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە.
سەبارەت بە مەبەستەکانی سیستمی ئەلیکترۆنی لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، قوباد تاڵەبانی ئاشکرایکرد، “ئێمە دەمانەوێت حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان باشتر بکەین، ئامانجی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا لەپێناو تەکنەلۆجیادا نییە، ئامانجمان حوکمێکی باشتر، ڕەشیدتر، شەفافتر و حوکمڕانییەکی خێراتر و سەردەمیانەترە”.
باسی لەوەشکرد، سیستمی ئەلیکترۆنی لە دامودەزگاکانی حکومەتدا سەرەتا بۆ ڕێکخستنی کاروباری حکومەت و زانینی ژمارەی فەرمانبەران و ئەوانە کێن موچەیان دەدرێتێ و بەرامبەر چی موچەیان دەدرێتێ.
وتیشی، لەماوەیەکی نزیکدا 475 هەزار ژمارەی بێهاوتای کەسی دەدەین بە موچەخۆران بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی میلاک، کە ئەمە سودێکی زۆری بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.