بافڵ تاڵەبانی: یەكێتی زۆر دەمێكە هێندەی ئێستا یەكڕیزنەبووە

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا بە فەرمی لەگەڵ هیچ لایەنێکی عێراقی نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووەوە، جەختیش لەوەدەكاتەوە، دەبێت پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی بێت.

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی “شەرقیە نیوز”ی عێراقی ئاماژەی بەوەكرد، “لایەنە عێراقییەکان ڕەفیقی ئێمەن و هەر ڕەفیقی ئێمە ئەبن، بەڵام تائێستا لەگەڵ هیچ لایەنێکیاندا ڕێککەوتنمان نەکردووە و ئامانجمانە لەگەڵ ئەو لایەنانە ڕێککەوتن بکەین، کە بۆچوونی هاوبەشمان هەیە لەگەڵیاندا”.

باسیلەوەشكرد، “ئێمە بڕوامان بەوە هەیە، کە حەق نییە یەک ئاڕاستە نوێنەرایەتی هەموو لایەنەکانی دیکە بکات، واتە پێمانوایە حەق نییە یەک گروپ نوێنەرایەتی هەموو شیعەکان بکات، یاخود یەک گروپ نوێنەرایەتی هەموو کورد بکات، بەڵکو پێمانوایە سەرکەوتووترین ڕێککەوتن ئەوەیە کە زۆرترین لایەن کۆبکاتەوە لەژێر چەترێک”.

لەبارەی دۆخی ناوخۆیی حزبەكەی هاوسەرۆكی یەكێتی دەڵێت، “یەكێتی كێشەی جددی هەبوو، كاتێك مام جەلال كۆچی دواییكرد، هەر من و كاك قوباد بێ باوك نەماینەوە، یەكێتیی نشتمانیی كوردستانیش بێ باوك مایەوە، هەندێك كەس لەم گەشتەدا بەمنیان وت عێراقیش بێ باوك بوو، بۆیە ئێمە پێویستمان بە دەرفەتێك بوو تا حزبەكەی مام جەلال ڕێكبخەینەوە، ئێستاش خۆشبەختانە یەكێتی زۆر دەمێكە ئەوەنە یەكڕیزنەبووە و سیاسەتەكەی وا ڕوون نەبووە”.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە ئایا بۆ چی سیستمی هاوسەرۆكایەتی لەنێو یەكێتی هەیە، بافڵ تاڵەبانی ڕونیكردەوە، “سەرکردایەتیەکەمان بە گشتی گەنجە، من و کاک لاهوریش تەواوکەری یەکترین، پێمان وابوو بەیەکەوە ئیشەکان بکەین باشترە، بۆ نموونە من لە بەغداد کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان دەکەم و لەهەمان کاتیشدا کاروباری حزب نەوەستاوە کاک لاهور لەگەڵ مەکتەبەکان کۆبووەتەوە، لەگەڵ هێزی پێشمەرگە کۆبووەتەوە، پێمان وایە کە وا باشترە”.

دەربارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكانیشی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، “لە کۆبوونەوەکانمدا هەڵوێستی یەکێتیم بۆ ڕوونکردنەوە، کە یەکێتیی جەخت لە ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە دەکاتەوە لە ژینگەیەکی ئارام و سەلامەتدا، بڕواشمان وایە ئەم هەڵبژاردنە لە هەندێک دەستوەردان بەدووردەبێت، سەروەری عێراق بۆ ئێمە گرنگە، ئومێدەواریشم لەدوای هەڵبژاردن لایەنەکان پێکەوە دابنیشن بۆ ڕێککەوتنی نوێ و پێکهێنانی حکومەتێک کە لە خزمەتی گەلەکەیدابێت”.

دەربارەی پێشوازی لایەنە سیاسییەکانیش تاڵەبانی دەڵێت، “ئێمە پێشبینی ئەو پێشوازییە گەرمەمان نەدەکرد، ئەوان دڵیان بۆ ئێمە کردەوە، دەیان جار پێیان وتم تۆ کوڕی مام جەلالیت، ئێمە لە بەغداد چاوەڕوانی تۆین، پێیان وتم کە یەکێتی بۆ بەغداد زۆر گرنگە، گلەییان لێکردم وتیان دەبێت یەکێتیی لە بەغداد چالاکتر بکەیت”.

لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكانی عێراقیش هاوسەرۆكی یەكێتی دەڵێت، “باڵانسێك هەیە لە عێراق پێمان وایە، حەقە باڵانسەكە وەكو خۆی بمێنێتەوە و پێمان باشە پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ شیعە بێت، پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بۆ سوننەكان بێت، هەروەها وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش پێمان وایە لەم هەڵبژاردنە لە پۆستی سەرۆك كۆمارەوە خزمەتی عێراق بكەین”.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) دانیمارک ناخۆشترین ڕۆژی بەڕێکرد و بە فینلەندا دۆڕا

بابەتی دواتر

لە عەفرین لە بۆردوومانی نەخۆشخانەیەکدا 16 کەس کوژران

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

چارەسەری كێشەی مووچە راگەیەندرا

لیستی سەوزی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەڵێت، “پشتیوانی لە پەیامەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەین سەبارەت…
زیاتر ببینە

هەڵەبجە.. ئۆتۆمبێلێكی پیكاب وەرگەڕا

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، لەسەر رێگای نێوان هەڵەبجە – هەورامان ئۆتۆمبێلێك كۆنترۆڵی لەدەستدا و وەرگەڕا. بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی…
Total
0
Share