لوتكەی حەوت.. ڤاكسین و بوژاندنەوەی ئابوری و ناكۆكییەكان

شاژنی بەریتانیا و سەرانی كۆبوونەوەی لوتكەی حەوت

سەرانی كۆمەڵەی حەوت وڵاتە گەورە پیشەسازییەكەی جیهان ڕۆژی هەینی كۆبوونەوەی لوتكەیان لە كۆرنواڵ لە بەریتانیا دەستپێكرد، كە بڕیارە سێ ڕۆژ بخایەنێت، لە خشتەی كارەكانیدا، كەشوهەوا، ڕوبەڕوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و دابەشكردنی دادپەروەرانەی ڤاكسین لەپێشینە دەبن.

سەرانی كۆبوونەوەكە یەكخستنی هەوڵەكان لەپێناو ڕوبەڕوبوونەوەی ئاستەنگە جیهانییەكان و دابەشكردنی یەك ملیار ژەمە ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا جەختی لێدەكەنەوە.

بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە وتاری دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا لەبارەی ئابورییەوە قسەیكرد، هانی “سەرلەنوێ بونیادنانەوەی بەشێوەیەكی باشتر” دا و وتی، پێویستە لە هەڵەكانی قەیرانی ئابوریی ساڵی 2008ەوە فێربین و برینەكانی پێشوو ساڕێژبكەین.

سەرانی لوتكەكە
بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، یوشیهیدی سوجا سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، ماریۆ دراگی سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا، جەستن ترودۆ سەرۆك وەزیرانی كەنەدا، ئەنجێلا مێركل ڕاوێژكاری ئەڵمانیا و جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا سەرانی بەشداربووی كۆبوونەوەی ئەمجارەی لوتكەكەن.

لوتكەی حەوتی ئەمجارە، كە یەكەم كۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی خودی سەرانی ئەو وڵاتانە پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ناكۆكییە دووبەدووەكان بەشێكی دیكە دەبن لێی، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی (پۆلیتیكۆ) ئاماژەی پێداوە.

بەریتانیا و فەڕەنسا
بەپێی ڕۆژنامەكە “دوژمنایەتییەك”ی چاوەڕوانكراو لەنێوان فەڕەنسا و بەریتانیادا لە ئارادایە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا پلارێكی لەبارەی چوونە دەرەوەی شانشینی یەكگرتوو لە یەكێتی ئەوروپا دا، جگە لە داواكردنی سوككردنی سنوورداركردنی ڤاكسین، بەر لە گرێدانی لوتكەكە.

ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا
هەریەك لە برۆكسل و واشنتن شكستیانهێنا لە گەیشتنە چارەسەری وازهێنان لە خاوەندارێتیی پەیوەندیدار بە ڤاكسینەكان.

كۆریای باشوور و ژاپۆن
ناكۆكییەكی دێرینە و دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی دووەمی جیهان، بەڵام ساڵی 1965 تۆكیۆ پەیماننامەیەكی واژووكرد و بەهۆیەوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ سیئۆل ئاسایی كردەوە، جگە لە پێشكەشكردنی قەرز و مینحە لەپێناو چاككردنەوەی كاریگەریی داگیركارییەكەی.

بەڵام لە ساڵی 2018دا بڕیارێكی دادگا بووە هۆی سەرهەڵدانەوەی ناكۆكییەكان.

ئەڵمانیا و ئەمریكا
دامەزراندنی هێڵێك بۆ ڕاكێشانی غازی ڕوسی بۆ ئەڵمانیا، بووە هۆی توڕەیی ویلایەتە یەكگرتووەكان، كە پێیوایە پڕۆژەی “نۆرد ستریم 2” دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە.

یەكەم دیدار
بۆ یەكەمجار پاش وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتیی ئەمریكا، شاژنە ئەلیزابێسی دووەم چاوی بە جۆ بایدن كەوت، جگە لە سەرانی وڵاتانی ئەندام، ئەمەش بووە یەكەم بۆنەی گشتی كە خێزانی شاهانە بەشداریی تێدا بكەن لەدوای كۆچی شازادە فیلیپ.

لە ڕێوڕەسمی پێشوازییەكەدا ژمارەیەك لە ئەندامانی خێزانی شاهانە بەشداربوون، لەپێشی هەمووانەوە چارلز-ی شازادەی جێنشین و كامێلا-ی هاوسەری.

جۆ بایدن دەبێتە 13هەمین سەرۆكی ئەمریكا كە چاوی بە شاژنی بەریتانیا دەكەوێت، لەوكاتەوەی شاژن بەر لە 69 ساڵ ئەو پۆستەی وەرگرتووە.

پەیكەرێك لە پاشماوە
لە نزیك شوێنی كۆبوونەوەی سەرانی لوتكەی حەوت، پەیكەری (شاخی ڕیسایكلمۆر) لە پاشماوەی كەلوپەلی ئەلیكترۆنی لە كۆرنوال دروستكرا، تا ببێتە پەیامی هۆشیاری بۆ سەرانی كۆبوونەوەكە و خەڵك بەگشتی دەربارەی پاشماوە ئەلیكترۆنییەكان.

س: ئاژانسەكان

بابەتی پێشتر

سلێمانی.. بكوژی خاوەن خانووەكە دەستگیركرا

بابەتی دواتر

 نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرێتی خۆسەری ڕۆژئاوا لە هەرێم: سێ ئەندامە دەستگیركراوەكەمان لای پارتین

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ترەمپ نایەوێت خۆی بەدەستەوە بدات

وتەبێژی كۆشكی سپی ئاشكرایكرد، دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە لە “تانەدان” لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا، هەرچەندە جۆ بایدن وەك…
Total
0
Share