وشکبوونەوەی توند مەترسیی پەیدابوونی برسێتیی ملیۆنان کەسی هەیە

رێکخراوی بەرنامەی خۆراکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا هۆشداریدا، کە وشکەساڵیی توند کە تووشی ئەفریقا بووە، پێدەچێت ئەمساڵ خراپتر بێت، ئەمەش هەڕەشە لە ناوچەکە دەکات بە برسێتییەکی توندتر لەوەی کە لە دەیان ساڵی پێشوودا سەدان هەزار کەسی کوشتووە.

سەنتەری پێشبینی و بەکارهێنانی کەشوهەوا بۆ گەشەپێدان (IGAD) کە رێکخراوێکە هەشت وڵاتی رۆژهەڵاتی ئەفریقا لەخۆدەگرێت، لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە کە پێشبینییەکان لە وەرزی بارانبارینی داهاتوودا “کەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین نیشاندەدەن و دەبێتەهۆی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما”.

ئەو بارانەی کە لە وەرزی بارانباریندا دەبارێت رێژەیەکی زۆر (زیاتر لە ٦٠%)ی کۆی بارانبارینە لە ماوەی تەواوی ساڵدا لە ناوچەی قۆڕنی ئەفریقا (جیبۆتی، ئەسیوپیا، ئێریتریا، سۆماڵ، بەشێک لە کینیا، سودان، باشووری سودان، ئۆگەندا و هەندێکجاریش ئەم زاراوەیە رواندا و تانزانیا دەگرێتەوە).

ئەم پێشبینیانە ترسی شارەزایانی کەشناسی و دەزگاکانی فریاگوزاری مرۆیی زیاتر دەکەن کە ئەم وشکەساڵییە لەڕووی ماوە و توندییەکەیەوە بێ وێنەیە، دەتوانێت بە ئاستێکی بەرز کارەساتێکی مرۆیی لێبکەوێتەوە.

سەنتەرەکە لە راپۆرتەکەیدا رایگەیاندووە، “لە هەندێک ناوچەی ئەسیوپیا، کینیا، سۆماڵ و ئۆگەندا، کە بەم دواییە کاریگەرییەکی زۆری وشکەساڵییان لەسەر بووە، وەرزی بارانبارینی داهاتوو کە شەشەم وەرزی لەسەریەکە رەنگە لاواز بێت”.

قۆڕنی ئەفریقا یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، چونکە تادێت قەیرانی زۆرتر و توندتر بەخۆیەوە دەبینێت.

خراپی وەرزی بارانبارین تا ئێستا ملیۆنان ئاژەڵی کوشتووە و بەروبوومەکانی ناوچەکەی وێران کردووە، هەروەها ملیۆنان کەسی ناچار کردووە ناوچەکانیان بەجێبهێڵن و بەدوای ئاو و لەوەڕگەدا بگەڕێن لە شوێنێکی دیکە.

لە راپۆرتەکەدا هۆشداری داوە کە بارودۆخی ئێستا لە پێش وشکەساڵی ساڵی 2011 خراپترە و 23 ملیۆن کەس لە کینیا و ئەسیوپیا و سۆماڵ لە ئێستاوە بەدەست “نائاسایشی توندی خۆراک”ەوە دەناڵێنن.

 

دوایین برسێتی کە لە ساڵی 2011 سۆماڵی گرتەوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 260 هەزار کەس کە نیوەیان منداڵی خوار شەش ساڵ بوون، ئەوان لە برسێتیدا دەمرن، چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە خێرایی وەڵامی پێداویستییەکانی ناوچەکەی نەدایەوە، بە پێی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، نزیکەی ملیۆنێک و 300 هەزار سۆماڵی کە 80%یان ژن و منداڵن، ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن بۆ ناوچەکانی دیکە بۆ ئەوەی لە وشکەساڵی رزگاریان بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر سۆماڵ هێشتا نەگەیشتبێتە قۆناغی برسێتیی توند، ئەوا ئەمساڵ هەشت ملیۆن و 300 هەزار سۆماڵی کە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکەیە پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) ئینتەر لە پۆرتۆی بردەوە و براوەی سیتی و لایپزیگ لە "ئیتیحاد" دەردەکەوێت

بابەتی دواتر

پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە کۆدەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share