نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرێتی خۆسەری ڕۆژئاوا لە هەرێم: سێ ئەندامە دەستگیركراوەكەمان لای پارتین

پارتی دیموكراتی كوردستان لەڕێگەی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە بە نوێنەرایەتیی خۆسەری ڕۆژئاوای وتووە، سێ كەسە دەستگیركراوەكە لای پارتین، نوێنەرایەتییەكە لە دەستگیركردنەكە نیگەرانە و هیوادارن دوای لێکۆڵینەوەیەکی کەم، ئازادبکرێن.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، فەتحوڵا حوسەینی ئەندامی نوێنەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی کوردستان، كە بارەگاكەی لە سلێمانییە، ڕایگەیاند، ئەو سێ هاوڕێیەیان لەكاتی پێشوازیكردنیان لە شاندێکی پەرلەمانتار و ڕۆشنبیرانی ئەوروپی، لەلایەن هێزێکی پارتییەوە دەستگیرکراون، “زانیاریی دیکەمان لەسەریان نییە”.

ئەو ئەندامەی نوێنەرایەتیی خۆسەری ڕۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد، دوای پەیوەندیکردنیان بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە، لەڕێگەی ئەوانەوە پارتی دیموکراتی کوردستان پێیڕاگەیاندوون، ئەو سێ کەسە لای پارتین، بەوتەی فەتحوڵا حوسەینی، پارتی پێیوتوون “هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانیان نییە”.

ڕۆژی پێنجشەممە 10ی حوزەیران ئەندامێکی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە هەرێم و دوو ئەندامی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی پارتی یەكێتیی دیموكرات – پەیەدە، لە هەولێر و لەکاتی چوونیان بۆ پێشوازیکردن لە شاندێکی ئەوروپی، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەستگیرکران.

فەتحوڵا حوسەینی دەڵێت، “لەگەڵ ئەوەی داوامان لە پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە زانیارییمان لەبارەی دەستگیرکراوەکان پێبدەن، بەڵام پارتی تەنها ئەوەندەیان پێوتووین، کە لای ئەوانن و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە، هیوامان وایە دوای لێکۆڵینەوەیەکی کەم، ئازادبکرێن”.

ئەندامەکەی نوێنەرایەتیی خۆسەری ڕۆژئاوا، نیگەرانیی خۆی “لەو ڕەفتارەی پارتی” نیشاندا و وتی، “ئەمە زیانی زۆر بە پەیوەندییەکانی ئێمە و پارتی دەگەیەنێت، لەکاتێکدا ئێستا هەموو هەرێمی کوردستان لەژێر مەترسییەکی گەورەی تورکیادایە و پێویستمان بە یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستی هەیە”.

سەبارەت بە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، کە “پارتی کرێکارانی کوردستانی تۆمەتبارکرد بە هێنانی خەڵکی بیانی بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان” و ئەوەی تا چەند پەیوەندیی بەو دەستگیركراوانەوە هەیە؟، ئەندامەی نوێنەرایەتیی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا ڕەتیکردەوە ئەوان هیچ کەسێکیان هێنابێت و وتی، “ئەو شاندە لە ئەوروپاوە هاتبوون و چەندین جاری دیکەش هاتوون، پەرلەمانتار و ڕۆشنبیریشیان تێدابووە”.

بابەتی پێشتر

لوتكەی حەوت.. ڤاكسین و بوژاندنەوەی ئابوری و ناكۆكییەكان

بابەتی دواتر

زەوی .. ئەو هەسارەیەی یار و نەیار تێیدا کۆبووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share