سەپاندنی سزا و زیادکردنی کەسایەتییەکانی ئێران بۆ لیستی سزاکانی ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا وەک دۆخێکی ئاسایی دەبیندرا، ئەگەرچی ئیدارەی بایدن زیاتر دەستی بە گفتوگۆوە دەگرت تا سزا، بەڵام حەوت کەسی دیکە وەک هاوکاری سوپای پاسداران بۆ لیستی سزاکانی ئەمریکا زیادکران.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، چەند کەسێکی هاوکاری سوپای خستووەتە لیستی سزاکانەوە، کە دابینکەری هاوکاریی دارایی حوسییەکان بوون لە یەمەن.
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا دوێنێ پێنجشەممە ئاشکرایکرد، “ئەو حەوت کەسەی خراونەتە لیستی سزاکانەوە ملیۆنان دۆلاریان بۆ گروپە چەکدارییەکانی یەمەن کە نزیکن لە ئێرانەوە دابینکردووە، ئەوەش بە چاودێری و هاوکاری سوپای پاسداران”.
ئەو کەسانەی خراونەتە لیستی سزاکانەوە، “دوو یەمەنی و دوو سوری و ئیماراتییەک و سۆماڵییەک و هندییەکن”.
ئەگەرچی سزاکە بەهۆی سوپای پاسدارانی ئێرانەوەیە، بەڵام ئەو باندە کەسیان ئێرانی نەبوون، بەڵام ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەبووە.
کاری باندەکە، کە گەیاندنی هاوکاریی دارایی بووە بە حوسییەکان لە دوبەی و ئیستەنبول و سەنعا لە یەمەن پارەکانیان ئاڵوگۆڕکردووە تا گەیشتووەتە دەست حوسییەکان.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئەوەی دووپاتکردووەتەوە، چەکدارە حوسییەکان لەسەرەتای دروستبوونی شەڕی ناوخۆی یەمەنەوە، لەلایەن فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانەوە هاوکاری مادی و چەک کراون تا ئێستا.
حوسییەکان لە یەمەن بە هاوکاری سوپای پاسداران لە دژی حکومەتی ئەو وڵاتە و سعودییە و هاوپەیمانانی دەجەنگن، سەرەڕای ئەوە چەکدارە حوسییەکان بە هاوکاری سوپای پاسداران موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو ئاڕاستەی سعودییە و ناوەندە بازرگانییەکانی ئەو وڵاتە دەکەن.