(10) یاریزانی ناودار بەشداری یورۆی 2020 ناکەن

هەینی داهاتوو جامی نەتەوەکانی ئەوروپا دەستپێدەکات و هاندەران بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی هەڵبژاردە بەهێزەکان دەکەن، لەهەمان کاتدا چەندین یاریزانی ناودار وەک هاندەرێک بینەری یارییەکان دەبن.

لە وەشانی ئەم وەرزەی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا 24 هەڵبژاردە بەشداریدەکەن، یارییەکانیش لە 11 وڵاتی جیاواز لە 11 یاریگا ئەنجامدەدرێن.

سەرەڕای ئامادەبوونی سەدان یاریزانی ناودار و بەتوانا، بەڵام 10 یاریزانی زەنگۆڵەدار بەهۆی پێکان، یاخود کێشەی هونەرییەوە بەشداری پاڵەوانێتیەکە ناکەن.

مارک ئەندرێ تێرشتیگن: گۆڵپارێزی ئەڵمانیا و یانەی بەرشلۆنە بەهۆی پێکان و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەوە بۆ پێکهاتەی “دای مانشافت” بانگهێشتنەکراوە.

یان ئۆبلاک: گۆڵپارێزە ناوازەکەی ئەتلەتیکۆ مەدرید بەهۆی شکستی هەڵبژاردەی سلۆڤینیا لە گەیشتن بە جامی یورۆ، ناتوانێت بەشداریبکات، سلۆڤینیا لە کۆمەڵەی چوارەمی پاڵاوتنەکان بەرامبەر پۆڵەندا و نەمسا و مەقدۆنیای باکوور یاریکرد و نەیتوانی کورسییەکی یورۆ مسۆگەربکات.

ڤێرجیل ڤان دایک: لە ڕوبەڕوبوونەوەی یانەی ئێڤەرتۆن دووچاری پێکانی ئەژنۆی هات (پچڕانی بەستەری ئەژنۆ)، لە ئێستادا گەڕاوەتەوە سەر مەشقە ئاساییەکان و ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی پریمەرلیگ دەکات، بەڵام ڕاهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا ئامادەنەبوو ڕیسکی پێوەبکات و بانگ‌یشتی یورۆی نەکرد.

ترینت ئالیکساندەر ئاڕنۆڵد: لە ڕوبەڕوبوونەوەی ئامادەکاری بۆ یورۆی 2020 بەرامبەر نەمسا تووشی پێکان بوو، بەهۆیەوە لە پێکهاتەی ئینگلتەرا دوورخرایەوە، چونکە وادەی چارەسەربوونی لە پێکانەکە درێژە دەکێشێت تاوەکو دوای یورۆ.

سێرجیۆ ڕامۆس: کاپیتانۆی ڕیاڵ مەدرید و ئیسپانیا بەهۆی تووشبوونی بە چەندین پێکان و ئامادەنەبوونی جەستەییەوە لەلایەن لویس ئینریکی ڕاهێنەرەوە بانگهێشتنەکرا، سەرەڕای ئەوەی لەو بارەیەوە میدیاکان ڕەخنەی توندیان لە ئینریکی گرت، بەڵام بڕیارەکە دراوە و گەڕانەوەی تێدانییە.

جیروم بواتینگ: یواکیم لۆوڤی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ئامادەنەبوو جیروم بواتینگی ئەزمووندار بانگهێشتی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکە بکات، باستیان شڤاینشتایگەری ئەفسانەی ئەڵمانیا ڕەخنەی توندی لەم بڕیارەی لۆوڤ گرت، بەڵام ڕاهێنەرەکە دووپاتیکردەوە، دەرفەتی باشتر بە لاوانی وڵاتەکەی دەدات.

تیۆ هێرناندێز: یەکێکبوو لە باشترینەکانی یانەی ئەی سی میلان، خەونی دەبینی هاوشانی لوکاسی برای بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا یاریبکات، بەڵام دیدیێ دیشامپی ڕاهێنەری کەڵەشێرەکان بانگهێشتی نەکرد.

ئێرلینگ هالاند: نیشانەشکێنەکەی بوروسیا دۆرتمۆند یەکێکبووە لە باشترینەکانی وەرزی 2020-2021، بەڵام هەڵبژاردەی وڵاتەکەی “نەرویج” لە پاڵاوتنەکاندا بەرامبەر هەڵبژاردەکانی ئیسپانیا و سوید شکستیهێنا لە گەیشتن بە یورۆی 2020 کە بڕیارە لە 2021 ئەنجامبدرێت.

جیسی لینگارد: لە یانەی مانچستەر یونایتدەوە بە خواستن ڕوویکردە یانەی وێستهام و باشترین ئاستی پێشکەشکرد، سەرباری ئەوەش هێشتا گاریس ساوزگەیتی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا پێیوانەبوو لەو ئاستەدایە بانگهێشتی پێکهاتەی سێ شێرەکەی بکات، لە پێکهاتە سەرەتاییەکاندا ناوزەند کرا و لە پێکهاتەی کۆتاییدا دوورخرایەوە.

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ: ئەفسانەکەی سوید وەرزی ڕابردوو بە درێسی میلانەوە باشترین ئاستی پێشکەشکرد، بڕیاری پاشگەزبوونەوەی لە وازهێناندا و گەڕایەوە نێو پێکهاتەی سوید، بەڵام دووچاری پێکان هات و ئەو خەونەی هەیبوو بۆ بەشداریکردن لە یورۆی 2020 لەبارچوو.

بابەتی پێشتر

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تاوتوێی کشانەوە لە ئۆڵۆمپیاد دەکەن

بابەتی دواتر

ژمارەی چاکبوونەوە نزیکەی دوو هێندەی توشبوونە بە کۆرۆنا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share