بوفۆن.. کوڕە گەورەی خانمە پیرەکە و 30 ساڵ خزمەتکاری تۆپی پێ

بوفۆن 30 ساڵە لەناو یاریگاکانی ئیتاڵیا و ئەوروپا یاریدەکات

ئەمڕۆ، پێنجشەممە 28ی کانونی دووەمی 2021 جیانلویجی بوفۆنی گۆڵپارێزی ئیتاڵی تەمەنی بووە 43 ساڵ.

بوفۆن تەنها ناوێکی ئاسایی بواری تۆپی پێ نییە، بەڵکو ئەفسانەیەکی زیندووە و لە تەمەنی 13 ساڵییەوە لە ڕیزەکانی تیپی لاوانی ئیتاڵیا و یانەی پارما دەستی بە یاریکردن کردووە، لە سەردەمێکدا کە نێوەندی ڕێژەی دەستپێکی یاریکردن بۆ یاریزانان لە 25 ساڵ زیاتربووە.

حاڵی حازر گۆڵپارێزەکە تەمەنی 43 ساڵە و کۆتا یاری بە درێسی یانەی یوڤانتۆسەوە لە قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی ئیتاڵیا ئەنجامدا، گەیشتنی بە قۆناغی نیوەی کۆتایی مسۆگەرکرد.

فابیۆ پاراتیچی بەڕێوبەری وەرزشیی “لاڤیکیا سنیۆرا” لەبارەی بەردەوامبوونیەوە لەنێو یاریگاکانی ئیتاڵیا، دەڵێت، ” هێشتا جیجی دەتوانێت قەناعەتم پێبکات، بەیەکەوە تاووتوێی داهاتووی دەکەین، هەر کاتێک هەستیکرد کاتێکی گونجاوە، بۆندەکەی نوێدەکەینەوە”.

بوفۆن لە ساڵی 1991 لە تیمی لاوانی پارماوە دەستی بە یاریکردن کردووە

30 ساڵ یاریکردن

تەمەنی 43 ساڵە، لە تەمەنی 13 ساڵیەوە لە لاوانی پارما دەستی بە یاریکردن کردووە، ماوەی (30) ساڵە خزمەتکاری تۆپی پێی وڵاتەکەیەتی، (28) نازناوی بە کۆمەڵ و (47) خەڵاتی تاکە کەسی بەدەستهێناوە.

پاڵێوراوی باڵۆندۆر و باشترینی جیهان (فیفا) بووە، خەڵاتی باشترینی ئەورپا و باشترینەکانی مۆندیال و خولی ئیتاڵیا و 100 باشترینەکەی ئیتاڵیا و چەندین خەڵاتی دیکەی بەدەستهێناوە، بە شێوەیەک ئەزموونی کۆکردووەتەوە کە پێشتر هیچ ئەفسانەیەکی ئیتاڵی بەو ئاستە نەگەیشتووە.

پاڵەوانی مۆندیال و خەمێکی گەورە

لە ژیانی وەرزشییدا، کوڕە ئاڵتونییەکەی ئیتاڵیاچەندین نازناوی گەورەی چنیوەتەوە لە نمونەی کۆپا ئیتاڵیا (پێنج جار)، سیریا ئەی (10 جار)، سوپەری ئیتاڵیا (حەوتجار)، یوروپا لیگ (یەکجار)، سوپەری فەرەنسا (یەکجار)، پاڵەوانی ئەوروپای خوار تەمەن 21 ساڵ (یەکجار)، خولی فەرەنسا (یەکجار).

لەهەموو ئەمانەش گەورەتر، بە درێسی هەڵبژاردەی ئیتاڵیاوە نازناوی مۆندیالی 2006ی بەدەستهێنا، کە گەورەترین دەستکەوتە لە ڕێڕەوی 30 ساڵەی ژیانی لەنێو یاریگاکان.

تاکە نازناو کە لەدەستیداوە و نەیتوانیوە بیخاتە هەگبەی دەستکەوتەکانیەوە، نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپایە.

لەگەڵ یانەکانی پارما، یوڤانتۆس، پاریس سانت جێرمان لە ساڵی 1995 بۆ 2020 کە ماوەی 25 ساڵە، هەوڵیدا جامە گوێچکەدارەکە بەرزبکاتەوە، زیاتر لە 28 نازناوی بە کۆمەڵ و 47 نازناوی تاکە کەسی بەدەستهێنا و بووە باشترینی ئیتاڵیا و ئەوروپا، کەچی هێشتا بە خەونە گەورەکەی نەگەیشتووە “چامپیۆنزلیگ”.

بابەتی پێشتر

کۆمسیۆن: داوای چاودێری نێودەوڵەتیمان نەرکردووە بۆ هەڵبژاردنەکان بەڵکو داوای سەرپەرشتیمان کردووە

بابەتی دواتر

ئێران هەوڵی بنەبڕکردنی کاری کۆڵبەری دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share