سانتۆس دوای حەوت ڕۆژ بۆندی ڕۆبینیۆی هەڵوەشاندەوە

یانەی سانتۆسی ئیتاڵی بەهۆی فشاری سپۆنسەرەکانیەوە، دوای حەوت ڕۆژ بۆندی ڕۆبینیۆی ئەستێرەی ناوداری هەڵوەشاندەوە. 

یانە بەرازیلییەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە فەرمی بڵاویکردووەتەوە، بەپێی ڕێککەوتنی دوو جەمسەرە بڕیاردراوە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستەی لە 10ی ئۆکتۆبەر لەگەڵ ڕۆبینیۆ واژووکراوە، تاوەکو ئەوکاتەی یاریزانەکە کەیسی دەستدرێژیکردنە سەر ژنێک لەگەڵ دادگاکانی ئیتاڵیا یەکلاییدەکاتەوە.

لە ساڵی 2013 کاتێک ڕۆبینیۆ لە ئیتاڵیا یاریدەکرد، لەلایەن دادگای میلانەوە تۆمەتبارکرا بە دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی تەمەن 22 ساڵ لە یەکێک لە شەوانەکانی ئەو شارە.

لە ساڵی 2017 هەمان دادگا کەیسەکەی زیندووکردەوە و بۆ ماوەی نۆ ساڵ سزای زیندانیکردنی بەسەر ئەستێرە بەرازیلییەکەدا سەپاند، لەهەمان ساڵدا یاریزانی ناوبراو لەڕێگەی پارێزەرانیەوە تانەی لە بڕیارەکەدا و کەیسەکە تاوەکو ئێستا بە کراوەیی ماوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن ئۆ گلۆبۆی بەرازیلییەوە بڵاوکراوەتەوە، سپۆنسەرانی یانەی سانتۆس گووشاری توندیان لەسەر یانەکە دروستکردووە تاوەکو بۆندی یاریزانەکە هەڵبوەشێنێتەوە، هۆکارەکەشیان بۆ کەیسی تۆمارکراوی دادگای میلان گەڕاندووەتەوە، ئەوان پێیان وایە یاریکردن بە کەسێک کە لەلایەن دادگاوە داواکراوە بۆ پێگەی یانەکەیان زیانی زۆری دەبێت بەتایبەت لەسەر ئاستی ژنان.

ئەستێرە ناودارەکەی بەرازیلی سەرەتاکانی لە یانەی سانتۆس بووە، ساڵی 2005 پەیوەندی بە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە کرد، دواتر ڕوویکردە مانچستەر سیتی و پاشان میلان و گوانزوی چینی، پاشان گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەی و پەیوەندی بە یانەی ئەتلەتیکۆ مینیرۆە کرد، لە کۆتا هەنگاوەکانی ژیانی وەرزشییدا ڕوویکردە وڵاتی تورکیا و بۆ یانەکانی سیڤاسپۆر و ئیستانبوڵ باشاکشەهیر یاریکرد.

ڕۆبینیۆی تەمەن 36 ساڵ چەند جارێکیش لە یانەکانی ئەوروپاوە گەڕاوەتەوە بۆ سانتۆس، لە ساڵی 2010 بەشێوەی خواستن لە یانەی مانچستەر سیتیەوە گەڕایەوە، لە ساڵی 2014 بەهەمان شێوە بە شێوەی خواستن لە میلانەوە گەڕایەوە، بەڵام لە ئێستادا بە شێوەی هەمیشەیی پەیوەندی بە یانە بەرازیلییە ناودارەکەوە کردووەتەوە.

بابەتی پێشتر

بارتۆمیو تاکلایەنە پاشەکەوتی موچەی یاریزانانی بەرشلۆنە دەکات

بابەتی دواتر

مانچستەر یونایتد بە بڕیارێکی نوێ ڕیاڵ مەدرید بێهیوادەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share