کۆپا ئەمریکا مشتومڕی دروستکردووە و دواخستنی بەهێزترین ئەگەرە

بەهۆی دیاریکردنی وڵاتی بەرازیل وەک ڕێکخەری کۆپا ئەمریکای 2020، مشتومڕێکی قووڵ لەنێوان هەڵبژاردەکانی ئەمریکای لاتین و یاریزانان و تەنانەت ڕاهێنەراندا دروستبووە.

بڕیاربوو کۆپا ئەمریکا لە وڵاتانی کۆڵۆمبیا و ئەرجەنتین سازبکرێت، بەهۆی بارودۆخی سیاسی و خۆپیشاندانەکانەوە لە کۆڵۆمبیا، هەروەها خراپیی بارودۆخی تەندروستیی وڵاتی ئەرجەنتین، مافەکانی ڕیکخستنی کۆپا لە هەردوو وڵاتەکە سەندرایەوە و بەخشرایە وڵاتی بەرازیل.

حکومەتی بەرازیل بەبێ لێکدانەوەی دۆخەکە ڕاستەوخۆ ڕەزامەندیی لەسەر ڕاسپاردنەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور “کۆنمیبوڵ” ڕاگەیاند.

لەو بارەیەوە ئیدواردۆ پایس سەرۆکی شارەوانیی ڕیۆ دی جانێرۆ ڕایگەیاندووە، “هیچ سوودێک لە سازکردنی پاڵەوانێتیی کۆپا ئەمریکا لە وڵاتەکەمان نابینم، ئەگەر ڕاوبۆچوونی منتان دەوێت، پێموایە ئێستا کاتی سازکردنی پاڵەوانێتیەکە نییە، ڕەنگە ئێمەش هەر قایلنەبین بە ئەنجامدانی یارییەکان لە ڕیۆ”.

ناڕەزایەتییەکان لێرەدا نەوەستاون، بەڵکو ڕاهێنەری هەڵبژاردەی سیلیساو هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردووە، چەندین یاریزانی ناوداری وەک کاسیمێرۆ، نێیمار و تەنانەت ئەوانی دیکەش بیر لە کشانەوە دەکەنەوە.

ڕۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاماژەی بە دۆخی مێسی کردووە و نوسیویەتی، “مێسی بیر لەوە دەکاتەوە لە کۆپا ئەمریکا بکشێتەوە”.

بەهەمان شێوە مارتین لاسارتی ڕاهێنەری چیلی سازکردنی کۆپا ئەمریکا لە وڵاتی بەرازیل بە “مەترسیی گەورە” ناوبردووە، هەروەها خوان کوادرادۆ نیگەرانیی یاریزانانی کۆڵۆمبیای ئاشکراکردووە.

سەرباری هەموو ئەمانەش، ڕایەڵەی یاریزانە پیشەوەرەکان بەفەرمی ئەم بڕیارەی کۆنمیبوڵی ڕەتکردووەتەوە، لە کۆی گشتی پڕۆسەکەشەوە مشتومڕێکی قوڵ دروستبووە، زۆرینەی میدیاکان پێیانوایە بە هەڵوەشاندنەوە، یاخود دواخستنی پاڵەوانێتییەکە کۆتاییدێت.

بابەتی پێشتر

بەهۆی لاوازیی ئۆفەرەکانی بەرشلۆنەوە ڤایناڵدوم لە پاریس نزیکبووەتەوە

بابەتی دواتر

سپالێتی بۆ ئیدارەی ناپۆلی: دوو یاریزانم دەوێت بە 15 ملیۆن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share