بە بڕیاری دەزگای هەواڵگیریی سوید ” سێپۆ” و دەزگای کۆچی ئەو وڵاتە، 38 پەنابەری کورد بە تۆمەتی دروستکردنی مەترسی لەسەر ئاسایشی سوید ڕادەستی تورکیا دەکرێنەوە.
پارێزەری پەنابەرەکان و پارتی چەپ لە سوید، ڕەخنەی توند لە بڕیارەکە دەگرێت، بەوەی بەڵگەی پێویست و کۆنکرێتی لەسەر پەنابەرەکان کۆنەکراوەتەوە و بە فەرمی نە سەلمێندراوە کە، ئەو کەسانە مەترسین لەسەر وڵاتی سوید.
یەکێک لە پارێزەرانی پەنابەرەکان دەڵێت، ئەوان پرسیاریان لە دادگاش کردووە، بۆچی ئەو کەسانە دیپۆرت دەکرێن، لە وەڵامدا دادگا وتوویەتی، “تەنها ئەو بەڵگانەی لەبەردەستدایە کە، دەزگای کۆچ و دەزگای هەواڵگیریی سوید، پێشکەشیکردوون”.
پەنابەرەکان ئەو تۆمەتەیان ئاڕاستەکراوە کە، ئەندامن لە پارتی کرێکارانی کوردستان، “پەکەکە” دا، بەڵام ئەوە بەڵگەی پێویست نییە بۆ دیپۆرتکردنەوەی کەسانێک کە نازاندرێت چارەنووسیان چی دەبێت، ئەمە بە وتەی پارتی چەپی سویدی و پارێزەرەکانە لەسەر ڕوداوەکە.
دەزگای کۆچ و دادگا دەڵێن، “بەهۆی ئەوەی پەکەکە لە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپادایە، دەکرێت ئەو ڕێکارە یاساییە دژی ئەو پەنابەرانە بگیرێتەبەر”، بەڵام پارتی چەپ و پارێزەرەکان دەڵێن، چارەنووسی پەنابەرەکان لە دەستی تورکیادا ڕون نابێت.
لەگەڵ ئەوەش وەک پارتە سویدییەکە دەڵێت، دەیان کەس لە ئەوروپا هەن مەترسین لەسەر ئاسایشی ناوچەکە، بەڵام هیچ دۆسییەک دژیان نەجوڵێندراوە.