حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوایەک لە هاوڵاتییان دەکەن

حزبەکانی بەشدار لە ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئەم مانگەی سەرۆکایەتیی ئێرانەوە داوا لە هاوڵاتییانی ڕۆژهەڵات دەکەن، بەشداریی هەڵبژاردنەکە نەکەن و ئەو هەڵبژاردنە بکەنە ڕیفراندۆمێک بۆ گەیاندنی دەنگی (نا) بە کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە دەڵێت، “ئەوەی چاوەڕوانیی ئێمەیە، خەڵکی کوردستان بە بەشدارینەکردنیان لە هەڵبژاردنەکان و وشیارکردنەوەی خەڵکی بۆ بەشدارینەکردنیان، وەڵامێکی باشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بدەنەوە، سندووقەکانی دەنگدان لە کوردستان چۆڵبکەن و بەناو هەڵبژاردنی ئەمجارە بکەن بە ڕیفراندۆمی (نا) بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران”.

ڕاگەیەندراوی ناوەندەکە ئاماژە بەوەدەکات، “دەنگی ناڕەزایەتیی ئەمجارەی ئێمەی کورد دەبێت لە هەمیشە بەرزتر و ورەی بەرەنگاریمان لە هەمیشە قایمتر بێت و بۆ چەندەمینجار بیسەلمێنین کە کوردستان قەڵای خۆڕاگری و پێشڕەوی شۆرشگێرییە لە ئاستی هەموو ئێراندا”.

حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێیان وایە، حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێت بەزۆر خەڵکی بباتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و جۆرێک لە فەرمیبوون و ڕەهایی بە مانەوەی خۆی بدات، حزبەکان هۆشداریش دەدەن لەوەی ئەم هەڵبژاردنە تەنها هەڵبژاردنی سەرۆکێک نییە، بەڵکو هەڵبژاردنی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیشە دوای عەلی خامنەیی.

ناوەندەکە لە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، “كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، حیزبی دیموكراتی كوردستان، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و  كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان” پێکهاتبووە.

بڕیارە لە 18 ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجامبدرێت و ئەمجارە، ئەنجومەنی داڕشتنەوەی دەستور (شورای نیگهبانان) بەشێک لە کاندیدە دیارەکانی ڕەتکردەوە.

بابەتی پێشتر

هەپەگە: توركیا لە سێ‌ شوێنی ئاڤاشین پاشەكشەی كردووە

بابەتی دواتر

38 پەنابەری کورد لە وڵاتی سویدەوە ڕادەستی تورکیا دەکرێنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share