ڕۆژنامەیەكی دیاری ئەمریكی باس لەوە دەكات سەدان چەكداری گروپە سورییەكانی هاوپەیمانیی توركیا، لە ناوچەكانی شەڕی قەرەباغ بڵاوەیان پێكراوە.
دوو سەرچاوە بەو ڕۆژنامە ئەمریكییەیان ڕاگەیاندووە، زانیاری هەیە كە سەدان چەكداری دیكەی ئەو گروپانە لە سوریاوە دەگوازرێنەوە بۆ قەرەباغ، بۆ پاڵپشتیی سوپای ئازەربایجان.
بەگوێرەی زانیارییەكانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول-دا نزیكەی 100 چەكداری سوری بە یەكجار نێدراون بۆ ڕیزی ئەو شەڕە، بەڵام هەندێك سەرچاوەی نێو ئەو چەكدارانە ئەوەیان خستوەتەڕوو، “دەیان چەكداری سوری گەڕاونەتەوە و شەڕەكەیان بەجێهێشتووە بەهۆی ئەوەی شەڕەكە زۆر سەخت بووە”.
ئەوەش ئاشكراكراوە، هەر چەكدارێكی سوری بەشداری لەو شەڕەدا بكات مانگانە 2 هەزار دۆلار وەردەگرێت، بەڵام تا ئێستا نزیكەی 200 چەكدار داوایان كردووە بگەڕێنەوە سوریا.
ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، توركیا بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕاهێنانی سەربازی بە سوپای ئازەربایجان كردووە و “فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی شەڕكەریشی پێداون”.
سەرچاوەكانی ڕۆژنامەكە باسیان لەوەشكردووە، پرسی ڕۆشتنی چەكداری سوری بۆ ئازەربایجان و لیبیا بووەتە دیاردەیەكی ئاسایی.
پێشتر وڵاتی توركیا بەوە تۆمەتبار كرابوو كە چەكداری سوری گواستووەتەوە بۆ لیبیا، بەڵام توركیا سەرجەم ئەو هەواڵانەی ڕەتكردووەتەوە.