بەكیر پەڕییەوە بۆ ئاشكراكردنی بازرگانیی چەكی تورکیا لەگەڵ بەرەی نوسڕە

مافیا یاخیبووەكەی توركیا، بەردەوامە لە ئاشكراكردنی نهێنییەكانی دەوڵەت و بەرپرسانی وڵاتەكە، ئەمجارە پەڕییەوە بۆ ئاشكراكردنی بازرگانیی چەك لەنێوان ئەنقەرە و بەرەی نوسڕە، سەرپەرشتیاری بازرگانییەكە لەلایەن توركیاوە بەرپرسی پەیوەندییەكانی خودی ئەردۆغان بووە.

 

سیدات بەكیر، ئەو سەركردەی مافیایەی ماوەیەكە لە دەوڵەتی توركیا و دەسەڵاتەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان یاخیبووە و بە كۆمەڵێك ڤیدیۆ نهێنیی “تیرۆری دەوڵەت”، “بازرگانیی ماددەی هۆشبەر” و چەند پرسێكی دیكەی ئاشكراكرد، ئەمجارە پرسێكی هەستیارتری وروژاند، كە بریتیبوو لە بازرگانیكردنی چەك لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە لەگەڵ ڕێكخراوی بەرەی نوسڕە، كە بە گروپێكی تیرۆریستی هەژماردەكرێت، كە چەند ساڵێكە بۆ بازدان بەسەر بەتیرۆریست ناساندنی، ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ ئەحرار شام و یەكێكە لەو گروپە سەرەكییانەی، توركیا لە سوریا پشتگیرییان دەكات.

 

بەكیر لە دانپێدانانەكانی ئەمجارەدا ئاشكرایكرد، پاش ئەوەی لە ساڵی 2016 ناردنی چەک و جبەخانە لەلایەن میتی تورکییەوە بۆ چەکدارانی سوریا ئاشکرا بوو، ئەو کارە بە کۆمپانیایەكی ڕاوێژكاریی تایبەت بە ئاساییش سپێردرا بەناوی “سادات”، كە لەلایەن جەنەراڵی خانەنشین عەدنان تانری ڤەردی-یەوە لەساڵی 2012 دامەزراوە.

 

مافیا یاخیبووەكە دەڵێت، لەوساڵەوە جەنەراڵە خانەنشینەكە کراوەتە ڕاوێژکار و کەسێکی نزیک لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، میتی توركیا و جەنەراڵە خانەنشینەكەش بەوە تۆمەتبار دەكات، كە کۆمپانیای بازرگانانیان بەكاردەهێنا بۆ ئەنجامدانی بازرگانیی چەك.

 

نەیشاردەوە، كە كۆمپانیاكەی ئەویش بەكارهاتووە بۆ ئەو بازرگانییە، “کۆمپانیاکانی ئێمەیان بۆ ئەو کارانەیان بەکارهێنا، بارهەڵگری چەک لەسەر ناوی من دەنێردرا بۆ چەکدارەکان، بێ هیچ ڕێگری و ڕاگرتنێک دەگەیەندرایە دەست بەرەی نوسڕە”.

 

بۆ ئەوەی قسەكانی باوەڕپێكراوتر بن، سیدات بەكیر ناوی ئەو كەسانەشی ئاشكراكرد، كە لەلایەن دەوڵەتی توركیا و بەرەی نوسڕەوە دەستنیشانكرابوون بۆ بەڕێوەبردنی بازرگانیی چەكەكە، “لەناوخۆی تورکیادا لەلایەن مەتین کرتاڵ بەرپرسی بەڕێوبردنی پەیوەندییەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەرپەرشتی دەکرا، لەدەرەوەش لەلایەن موراد سانجاک، كە كەسێكی نزیكی بەرات ئالیبایراك-ی زاواکەی ئەردۆغانە، بەڕێوەدەبرا، لەلایەنی بەرەی نوسڕەشەوە کەسێک بەناوی ئەبو عەبدولرەحمان بەرپرسی ئەو بازرگانییە بوو”.

 

زانیاری لەسەر ئەو كۆمپانیا توركییەی بازرگانیی چەكی دەكرد

 

کۆمپانیای ڕاوێژکاریی ئاسایشی نێونەتەوەیی، ناسراو بە سادات، لە 28ی شوباتی 2012 لەلایەن جەنەراڵی خانەنشینی تورک عەدنان تانری ڤەردی-یەوە دامەزراوە، کە هاوکات بوو لەگەڵ شۆڕش و سەرهەڵدانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.

 

توركیا بەشێك لە هەنگاو و پیلانەكانی لەڕێی ئەو کۆمپانیایەوە لە ڕۆژئاوا و سوریا جێبەجێكردووە، بەو پێیەی كۆمپانیایەكی بواری ئەمنی بووە، بەتایبەت لەکاتی هێرش و داگیرکاریی سەر عەفرین، ڕۆڵی کۆمپانیای سادات زیاتر بوو، مەشق و ڕاهێنانی بە چەكدارانی سەر بە گروپە چەكدارییەكانی سوریا كردووە، تەنانەت لە ناردنی ئەو چەكدارانە بۆ لیبیا و قەرەباغ ڕۆڵی هەبووە.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی کشتوکاڵ: ڕێژەی سەوزایی بەبەردەوامی کەمدەبێتەوە و نیوەی وڵات ڕوبەڕووی بەبیابانبوون دەبێتەوە

بابەتی دواتر

موشەکەکانی ئەمڕۆی کەرکوک چین و توانا و مەودای ڕۆیشتنیان چەندە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share