وەزارەتی کشتوکاڵ: ڕێژەی سەوزایی بەبەردەوامی کەمدەبێتەوە و نیوەی وڵات ڕوبەڕووی بەبیابانبوون دەبێتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق مەترسی لەبارەی بە بیابانبوونی نیوەی ناوچە سەوزاییەکانی وڵات دەخاتەڕوو و دەڵێت، “ڕێژەی سەوزایی لە عێراقدا بە بەردەوامی کەمدەبێتەوە”.

حەمید نایف، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند، زیاتر لە %50ی ڕووبەری وڵات ڕوبەڕووی بەبیابانبوون بووەتەوە و نزیکەی %20-30یشی مەترسیی ئەو دیاردەیەیان لەسەرە.

چارەسەری ئەو کێشەیەشی بە دابینکردنی بودجەیەکی زۆر و پلانێکی ستراتیژیی نیشتمانی خستەڕوو، کە “ئێستا وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئەو بڕە پارەیەی لەبەردەستدانییە”.

وتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ وتیشی، “بەشێک لە ناوچەکانی عێراق ئێستا بۆ نیشتەجێبوون ناگونجێن بەهۆی کەمبوونەوەیەکی زۆر لە ڕووبەری سەوزایی تێیدا”.

لە ساڵی 2007 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا عێراق ببێت بەبەشێک لە ڕێککەوتنی جیهانیی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی بەبیابانبوون، تاوەکو لەڕێگەی شارەزایان و هاوکاریی هونەری و کردارییەوە سوود لە وڵاتانی دیکەی ئەندامی ڕێکخراوەکە وەرگرێت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی دیاردەی بەبیابانبوون، کە زەوییەکانی عێراق تووشی بووە.

حەمید نایف، هۆکاری بەبیابانبوونی زەوییەکانی عێراقی بۆ کەمئاوی، کەمیی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما گەڕاندەوە و وتیشی، “ژمایەک لە پارێزگاکان ڕوبەڕووی خۆڵبارین دەبنەوە بەهۆی کاریگەرییەکانی دیاردەی بەبیابانبوون، زیاتر پارێزگاکانی ڕۆژئاوای عێراق خۆڵبارین تێیاندا ڕوودەدات، بەهۆی نزیکییان لە ناوچە بیابانییەکان”.

ژمارەی گۆمە ئاوەکانی ناوچە دوورەدەستەکانی دەرەوەی شارەکان پیشتر 45 گۆمی ئاو بوون و زۆرترینیان کەوتبوونە سنووری پارێزگای ئەنبارەوە، بەڵام بەهۆی مانەوەی چەکدارانی داعش لەو ناوچانە بۆ ماوەی چەند ساڵێک و وێرانکردنیان، ئەو گۆمانە کەمبوونەتەوە بۆ 20 گۆمی ئاو.

بەرپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاند، لە ساڵی 2005 پرۆژەی دروستکردنی گۆمی ئاوی لە ناوچە بیابانییەکان جێبەجێکرد بە ڕووبەری 200 بۆ 800 دۆنم زەوی و ڕواندنی ئەو جۆرە نەمامانەی بەرگەی ئاووهەوای وشک و خۆڵاویی بیابان دەگرن، بەئامانجی کەمکردنەوەی ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی لەوناوچانەوە دێن.

ساڵانە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان زەوییە كشتوكاڵییەكانیان لەدەستدەدەن و دەبنە بیابان، 100 وڵات لە جیهاندا کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەو دیاردەی بەبیابانبوونەوە و بەڕێژەی جیاواز ناوچە سەوزاییەکانیان لەدەستدەدەن.

بابەتی پێشتر

دەستبەسەر 5 موشەکدا گیرا بڕیاربووە لە کەرکوکەوە بەرەو هەولێر بتەقێندرێت

بابەتی دواتر

بەكیر پەڕییەوە بۆ ئاشكراكردنی بازرگانیی چەكی تورکیا لەگەڵ بەرەی نوسڕە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share