تیمی یەكێتی لە حكومەت: پێویستە 31ی ئاب-ـیش باسبكرێت

لۆگۆی حكومەتی هەرێم و یەكێتی

تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دژایەتیی خۆی بۆ “تێوەگلانی حكومەت بە كێشە سیاسییەكان” دەردەبڕێت و دەڵێت، “پێویستە باس لە سەرجەم روداوەکان وەک یەک بكرێت بە رووداوە‌كانی 31ی ئاب و کارەساتی شەنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکان و رووداوە‌كانی تریش.”

تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ڕەخنە لە تێكەڵبوونی بەشێك لە كاربەدەستانی حكومەت لەگەڵ ململانێ حزبی و سیاسییەكاندا دەگرێت و دەڵێت، “ئەرکی حکومەتی ھەرێم خزمەتکردنی ھەمەلایەنەی ھاوڵاتیانە‌ نەک تێوەگلانی بە کێشە سیاسیەکان، بۆیە دەبێت حکومەت و بەرپرسەکانی خۆیان دووربپارێزن لە هەر لێدوانێک یان هەڵوێستێک کە کوردستان دور دەخاتەوە لە کەناری ئارامی.”
لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا، تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکومەت جەختدەكاتەوە كە “ئەگەر بڕیارە‌ حکومەت ھە‌ڵوێست لەسەر رووداو و کارەساتەکان وەربگرێت، ئەوا پێویستە باس لەسەرجەم روداوەکان وەک یەک بکات بە رووداوە‌كانی 31ی ئاب و کارەساتی شەنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکان و رووداوە‌كانی تریش.”
دەقی پەیامەكە:-
پەیامێک لە تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە‌وە‌ لە حکومەتی ھە‌رێم
‎وەک ئاشکرایە مێژووی گەلەکەمان ھەروەک چۆن پڕیە‌تی لە شانازی و دە‌ستكە‌وت، خاڵیش نییە لە کارەسات وکۆسپ و رووداوی نەخوازراو و یەکتر تەخوین و تاوانبارکردن.
‎ئەو کارەسات و رووداوانە‌ش بەشێکن لە مێژووی دورو نزیکی گەلەکەمان، بۆ ئە‌وە‌ی راستی ودروستی و چۆنیەتی روودانیان و بکەرەکانیان و هۆکار و دە‌رئە‌نجامە‌كانیان بزانرێت، ئەوا پێویستە لەلایەن مێژوونووسانە‌وە‌ بە بێلایەنانە لێكۆڵینە‌وە‌یان لەسەر بکرێت. ئێمە بڕوامان وایە کە ئەرکی حکومەتی ھەرێم خزمەتکردنی ھەمەلایەنەی ھاوڵاتیانە‌ نەک تێوەگلانی بە کێشە سیاسیەکان، بۆیە دەبێت حکومەت و بەرپرسەکانی خۆیان دووربپارێزن لە هەر لێدوانێک یان هەڵوێستێک کە کوردستان دور دەخاتەوە لە کەناری ئارامی، خۆ ئەگەر بڕیاریشە‌ حکومەت ھە‌ڵوێست لەسەر رووداو و کارەساتەکان وەربگرێت، ئەوا پێویستە باس لەسەرجەم روداوەکان وەک یەک بکات بە رووداوە‌كانی 31ی ئاب و کارەساتی شەنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکان و رووداوە‌كانی تریش.
‎ئێمە‌ جەخت دەکەینەوە لەم ھەلومەرجەدا پێویستە ھەمولایەک پەند و ئامۆژگاری لەکارەساتەکان وەربگرین و بیانکەین بە مایەی یە‌كڕیزی نەتەوەیی نە‌ك قوڵكردنە‌وە‌ی ناکۆکییەکان وتەفرەقە و پەرتەوازەیی.
‎تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
‎لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان
16/10/2020

 

بابەتی پێشتر

فەرەنسا.. خوێندكارێك بەهۆی پێغەمبەر-ەوە مامۆستاكەی سەربڕی

بابەتی دواتر

لە 16ی ئۆکتۆبەر ئەگەر شەڕ ڕوویبدایە چی دەبوو؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share