لە 16ی ئۆکتۆبەر ئەگەر شەڕ ڕوویبدایە چی دەبوو؟

لە 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 دا خەریکبوو بۆ جاری چوارەم سوپای عێراق و کورد جارێکی دیکە ڕوبەڕوی یەک بۆستن و شەڕ دەستپێبکەنەوە، لە ئەنجامی پێشڕەویی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ ئه‌و شوێنانەی کە پێشتر پێشمەرگە لە دەستی داعشی دەرهێنابوو، ئه‌وه‌ش جارێکی دیکە ناوماڵی کوردی پەرتکردەوە و پێشمەرگە لە میحوەرەکانی کەرکوک کشایەوە، ئەگەرچی شەڕی قورس ڕووینەدا، بەڵام شەهید و بریندار لەنێوان هەردوو لایەنەکەی شەڕدا هه‌بوون.

ئەگەر وەک پێکدادانەکانی دیکەی کورد و سوپای عێراق شەڕیان بکردایە چی ڕوویدەدا؟
لە ئه‌گەری شەڕی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە کۆمەڵێک هاوکێشە یەکلایی دەبوونەوە یان ئەنجامەکانیان دەردەکەوتن، وەک ئاستی بەرگریی و هێرش، ئاستی شەڕکردنی سوپای عێراق بەرامبەر بە پێشمەرگە، چونکە پێشتر سوپای نوێی عێراق هیچ شەڕێکی فەرمی نەکردووە و تەنها لەگەڵ ئەو گروپانەدا تێکهەڵچووە کە شەڕی پارتیزانیان کردووە.

شارەزایەکی سەربازی، کە به‌ باشی نه‌زانی لە بابەتێکی ئاوا هەستیاردا ناوی بڵاوبکرێتەوە بۆ تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بڕوام وایە ئەگەر شەڕی تەواوی بکرایە کەرکوک لە موسل خراپتری لێ بەسەر دەهات، کە ئەوە یەکێک ده‌بوو لە ئه‌نجامه‌كانی ئەو شەڕە جگە لە زیانی گیانی توانای هێزە عێراقییەکان بەرامبەر بە کورد دەردەکەوت چونکە تا ئیستاش هێزی پیشمەرگە و سەرکردایەتیی کورد حەجمی هێزی نوێی عێراق نازانن”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا شارەزا سەربازییەکە دەڵێت، “لە ئەگەری ڕودانی شەڕدا هاوکێشەیەکی دیکە یەکلایی دەبویەوە ئەویش تینوبوونی شیعە و گروپە چەکدارییەکانیانە بە خوێنی کورد، لەهەموو خراپتر هێزی پێشمەرگە ڕوبەڕووی هێزێک دەوەستایەوە کە سوپای فەرمی وڵات نییە و گوێش بۆ ڕاپۆرتی ڕێکخراوە جیهانییەکان ناگرێت، کەوایە لە ئەگەری شەڕدا ڕووندەبویەوە کە چۆن کوردەکان دەکوژرێن یان ماڵەکانیان وێران دەکرێن”.


شەڕەکە چۆن هەڵدەگیرسا و چۆن ئاگرەکەی خۆش دەبوو؟
شارەزایەکی سەربازی پێی وایە “زیانی گەورەی گیانی و ماڵی کورد بە نا هەماهەنگی زیاتری نێوان لیواکانی یەکێتی و پارتی زیاتر دەبوو، بە تایبەت لە یەکەم جوڵەی هێزە عێراقییەکان دەرکەوت کە هێزی پێشمەرگە ئامادەنییە وەک سوپایەکی نیشتمانی لە هەر مەترێکەوە بۆ دەیان کیلۆمەتر وەک یەک شەڕبکات”.

دوور نییە لە ئه‌گەری شەڕی بەردەوامدا، بەهۆی ئامادەیی بەرچاو ئاشکرایی چەکدارە شیعەکانی نزیک لە ئێران لە هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەردا ئەمریکا پشتی کوردی بگرتایە بۆ پارێزگاری لە ناوچەکانی سنووری هەرێم، چونکە بۆ ئەمریکا گرنگە و سەرەڕای نیگەرانیی ئەمریکا لە سەرکردایەتیی کورد، بەڵام هەرگیز ڕێگەی نەدەدا هەولێر یان شوێنێکی ناو ئیدارەی هەرێمی کوردستان بکەوێتە دەست گروپە چەکدارییە شیعەکان.

ئەم دوو بەرژەوەندییە دژەی ئەمریکا و ئێران لەم شەڕەدا دوورنەبوو ماڵوێرانییەکی دیکە لە بەرەکانی شەڕ و لەناو خاکی ناوچە کوردییەکاندا دروستبکات، چونکە هەر یارمەتییەکی هەر لایەنێک، ئاگری زیاتری شەڕەکەی خۆش دەکرد و تەنها بە ماڵوێرانی هاوڵاتیی سڤیلی کورد کۆتایی پێدەهات، وه‌ك شاره‌زا سه‌ربازییه‌كه‌ باسی لێوكردووه‌.

ئەگه‌ر 16ی ئۆکتۆبەر نەبوایە چی ڕوویدەدا؟
سوپای عێراق و گروپە چەکدارییە شیعەکان لەکاتی بەهێزی داعشدا هەموو لێدوانێکیان بۆ کشانەوەی پێشمەرگە یان چۆڵکردنی ناوچەکان بە کەرکوکەوە وەستاندبوو، بەڵام شۆک نەبوو کاتێک داعش لاوازبوو داوای ئەو ناوچانە بکرێتەوە، سوپای عێراق دەیەوێت لە دوورترین خاڵی ناو خاکی هەرێم خەڵک و سەربازیی خۆیی هەبێت، بۆیە ئەگەر 16ی ئۆکتۆبەریش ڕووینەدایە، ڕەنگە بەهەر میکانزمێکی دیکە داوای ئەو ناوچانە بکرایەتەوە.

لە هەموو ئەگەرەکاندا 16ی ئۆکتۆبەر کە بەهۆی هاوکێشەکانی دوای ڕیفراندۆم ڕوویدا، قۆناغێکی دیکەیە لە سیاسەت و ئیدارەدانی هەرێم و لەو ڕۆژەوە هێز و ئیدارەدان و بڕیاردان گۆڕانکاری بەسەرداهات.

بابەتی پێشتر

تیمی یەكێتی لە حكومەت: پێویستە 31ی ئاب-ـیش باسبكرێت

بابەتی دواتر

عێراق.. گەورەترین هەوڵی قاچاخچێتی دەرمان لە نزیک خانەقین پوچەڵکرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share