لە ڕاگەیاندراوێكدا بەڕێوبەرێتی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینیی 16ی تشرینی یەكەم ئاشكرایكرد، “سبەی شەممە 17ی تشرینی یەكەم لیستی موچە ئامادە نابێت، لەبەر ئەو گۆڕانکارییەی بەسەر مانگی دابەشکردنەکەدا هاتووە.”
ڕوونیشیكردەوە كە “لەبەر زۆریی سەرموچە و گواستنەوەی هاتوو و گواستنەوەی ڕۆشتوو و خانەنشینی کە ڕێژەیەکی زۆرن، ئامادەكردنی لیستی موچە کاتی دەوێت، بۆیە ڕۆژی یەک شەممە لیستی موچە دابەشدەکەین.”
لەو بارەیەوە، چیا عەبدوڵا سدیق، لێپرسراوی ئەزمونەكان لە پەروەردەی سلێمانی، لە لێدوانێكدا بۆ “تۆڕی میدیایی ئێستا”، هۆكاری دواكەوتنی دابەشكردنی موچەی لە فەرمانگەكەیاندا گەڕاندەوە بۆ زۆریی ژمارەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەر بە پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی و ئاشكرایكرد، “كە لیستی دابەشكردنی موچە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ مانگی ئەیلول ڕاگەیەندرا، وەك بەڕێوبەرێتی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی ماوەیەكی كەمیان لەبەردەستدا بوو بۆ ئامادەكردنی لیستی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران، پەروەردەی سلێمانی-ش مامۆستا و فەرمانبەری زۆرە و پەروەردەی ڕۆژئاوا-ش گەورەترینیانە، كە 17 بۆ 18 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری هەیە.”
چیا عەبدوڵا جەختیكردەوە كە “بەشەكانی ژمێریاری و وردبینی لە بەڕێوبەرێتی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی، لە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووەوە سەرگەرمی ڕێكخستنی لیستی موچەن و ڕۆژانە لە كاتژمێر هەشت و نیوی بەیانییەوە تا كاتژمێر 11ی شەو لیستی موچە ئامادە دەكەن، ئەوەش كاتێكی زۆری پێویستە كە بە لێبڕینەوە لیستی موچە ئامادە بكرێت، بە تایبەت لەكاتێكدا زۆرێك لەو مامۆستایانەی كە مۆڵەتیان وەرگرتبوو، گەڕاونەتەوە.”
لە لێدوانەكەیدا بۆ “ئێستا”، لێپرسراوی ئەزمونەكان لە پەروەردەی سلێمانی ئاشكرایكرد كە ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی دەكرێت و وتیشی، “بێگومان مامۆستایان مافی خۆیانە داوای موچە بكەن، بەڵام لە ڕاستیدا فەرمانبەرانی سەر بە پەروەردە زیاتر بەشخوراون، چونكە فەرمانبەران لە سەرەتای مانگی ئەیلولی ڕابردووەوە كە بایكۆت شكێندراوە، گەڕاونەتەوە بۆ سەر كارەكانیان و ماوەیەكی زۆرە بە بەبێ موچە كاردەكەن، لە كاتێكدا مامۆستایان لە مانگی نیسانەوە دەوامیان نەكردووە.”