وەزیری ناوخۆی هەرێم لە قسەکانیدا لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، دان بەوەدا دەنێن، کە کێشەی کوشتن و خۆکوژی هەیە، بەڵام هەندێک کێشە هەن دەبێت چارەسەر بکرێت، بۆ نموونە “سوڵحی عەشایەری وایکردووە تاوانباران لە دادگا ناترسن”.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم، لەمیانی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان و قسەكردن لەبارەی ڕووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن، بەتایبەت كوشتنی ژنان، ڕایگەیاند، “کێشەی زۆر هەن، کە دەستنیشانکراون و کاریگەریی نەرێنییان لەسەر کۆمەڵگە هەیە، لەوانە، ئێمە گلەیی زۆرمان لە ڕاگەیاندنەکان هەیە، چونکە بەرنامەی تەلەفزیۆنی وا هەیە لە هەرێم، جێگەی دادگا و پۆلیسی گرتووەتەوە و بڕیار لەسەر تاوانبارکردن و بێتاوانیی خەڵک دەدات”.
لەبارەی ئەو تاوانانەی بە چەکی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە دەکرێن، ڕێبەر ئەحمەد بڕوای وابوو، “دەبێت بەرنامە هەبێت ئەندامانی ئەو دوو وەزارەتە چەکەکانیان نەبەنەوە بۆ ماڵەوە، چونکە بەشێک لە تاوانەکان بە چەکی وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ دەکرێت و ئەمڕۆ ئێمە شوێنێکمان نییە بۆ هەڵگرتنی چەکەکان تا نەبرێتەوە ماڵەوە و تاوانی پێ ئەنجام نەدرێت”.
بە بۆچوونی وەزیری ناوخۆ، “خێزان دەبێت بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت، چونکە بەپێی ئەو داتایەی لەبەردەستماندایە، کاتی کەرەنتینە لە ساڵی ڕابردوو، ئاماری خۆکوشتن و تاوان کەمتر بووە، چونکە دایک و باوکەکان لە ماڵەوە بوون و ئاگاداری منداڵەکانیان بوون، ئەمە نیشانی دەدات بەشێک لە ئەرکەکە لەسەر خێزان و خەڵکە”.
بەپێی ئەو ئامارەی وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند، لە ساڵی 2009 تا 2021، هەزار و 209 کەس خۆیان سوتاندووە، لەگەڵ ئەوە کوشتن کەمترە لەو ڕێژەیە، “ئەوەش نیشانی دەدات کێشە گەورەکە پەروەردە و ڕۆڵی خێزانە لە ئاڕاستەی دەروونیی تاکدا”.